خەبات: تریفە ئازاد:- یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە ساڵی 1953لەسەر دەستی بارزانیی نەمر دامەزرا، لەوساتەوە بەردەوامە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی قوتابیان، بەرز كردنەوەی ئاستی خۆێندن، یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بۆتە پێگەیاندنی سەدان سەكردە كە ئێستا لە نێو كایەكانی سیاسی خزمەت بە كوردستان دەكەن، یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە تەمەنی حەفتا ساڵەیدا لەگەڵ هەلومەرجی كوردستان بووە، داكۆكی کردووە لە مافەكانی گەلی كورد، یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە حەفتا ساڵەی تەمەنی خۆیدا (14) كۆنگرە و (6) كۆنفراسی بەستووە، لە دیمانەیەكی بۆ ڕۆژنامەی خەبات نێچیرڤان حسێن كەلاری باس لە بەرنامە و پلانی داهاتووی ئەم ڕێكخراوە دەكات.
– یەكێتیی قوتابیانی كوردستان چی بۆ قوتابیان كردووە؟
لەم قۆناغەدا، یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لەسەر بنەمای كاركردن بە كارنامەیەكی ٢٦ خاڵی كە لە پەیڕەو و پرۆگرامی پەسەندكراو لە كۆنفرانسی شەشەمینی خۆی لە تشرینی دووەمی ٢٠١٧ ئاماژەی بۆ كراوە، ھەوڵیداوە بە خۆگونجاندن لەگەڵ مۆدێلی نوێی كاری رێكخراوەییدا، بە چڕی كاری لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان كردووە لە رێگای ئەنجامدانی چالاكی جۆراوجۆر لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم. لە ڕووی پیشەییەوە، نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینەی خواست و ویستی قوتابیانی كردووە، لە ڕێگای پشتبەستن بە راپرسی و توێژینەوە و بەدواداچوونی بەردەوامەوە ھەوڵی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی قوتابیانی داوە لە ناو ناوەندەكانی خوێندن و پرۆژەی پێشكەش بە دامەزراوە پەیوەندیدارەكان كردووە بۆ باشتركردنی پرۆسەی پەروەردە و ئاستی خوێندن، لە ڕێگای یاداشت و بەیاننامە و ھەڵوێستی مەدەنییەوە بۆ دەستەبەركردنی مافی قوتابی تێكۆشاوە، زەمالەی خوێندنی لە دەرەوەی وڵات بۆ نزیكەی ١٠٠ قوتابی دابین كردووە، ئاسانكاری كردووە بۆ گەڕاندنەوەی قوتابیانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات لە كاتی كۆڕۆنادا لە رێگای حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە و سەدان هەلی كار لە رێگای هەماھەنگی لەگەڵ دامەزراوەكانی كەرتی گشتی و تایبەت بۆ دەرچووان رەخسێندراوە. لە رووی بەتواناكردنی كادیر و ئامادەكردنی بۆ داھاتوو تا لە كایە جیاوازەكاندا كاریگەرانە رۆڵ بگێڕێت بۆ خزمەتكردنی كوردستان، بەردەوام خولەكانی پێگەیاندن، رۆشنبیری و رێكخستن بۆ كادیران ئەنجام دراوە. لە ڕووی رۆشنبیرییەوە، هەوڵ دراوە هانی قوتابیان بدرێت بۆ خوێندنەوە و پاڵپشتی دامەزراندن و دەوڵەمەندكردنی كتێبخانە لە ناوەندەكانی خوێندن كراوە. بە جددی كار كراوە لەسەر زیادكردنی رێژەی بەشداریی كچان لە كاری رێكخراوەییدا. بایەخ بە پرسی پاراستنی ژینگە و دژایەتیكردنی ماددەی ھۆشبەر دراوە. پاڵپشتی توانا و بەھرە زانستی، رۆشنبیری، ئەدەبی، ھونەری و وەرزشی قوتابیان كراوە.
پێویستە لە داھاتوودا (ی.ق.ك) فراوانتر كار لەسەر دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان دامەزراوەكانی خوێندن و بازاڕدا بكات، بە جۆرێك لە دوای دەرچوون و وەرگرتنی بڕوانامە لەلایەن قوتابیانەوە، ھەلی كاری گونجاویان دەستبكەوێت.
پەیوەندیی رێكخراوی یەكێتیی قوتابیان لەگەڵ رێكخراوە بیانییەكانی قوتابیان
لە ئێستادا مۆدێل و شێوازی كاری رێكخراوەیی لە جیھاندا گۆڕانكاری بەسەردا ھاتووە، بە جۆرێك كە لەسەر ئاستی رێكخراوەییدا زیاتر كار لەسەر تایبەتمەندێتی كراوەتەوە، بەم ھۆكارە زۆرینەی رێكخراوەكانی قوتابیان لە وڵاتانی دەرەوە لەسەر بنەمای تایبەتمەندێتیی بەشەكانی خوێندن یاخود لەسەر ئاستی ناوەندەكانی خوێندن بە شێوەی سەربەخۆ كار دەكەن نەوەك لەسەر ئاستی نیشتمانی، كە ئەمەش ئاستەنگێك بووە لە بەردەم دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و ئەو رێكخراوانە لەبەر ئەوەی رێكخراوێكی نیشتمانی و گشتگیرە و بۆ سەرجەم قوتابیانە نەك تەنھا رێكخراوێك بێت بۆ بەشێكی دیاریكراوی خوێندن یان ناوەندێكی خوێندنی دیاریكراو. لەگەڵ ئەوەشدا لە رێگای دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ چەند كۆمەڵە و رێكخراوێكی قوتابیان لە وڵاتانی ئەوروپا و بەردەوام پێشوازیكردن لەو گرووپانەی قوتابیان كە بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەكانیان سەردانی كوردستان دەكەن، ھەوڵمانداوە سوود وەربگرین لە دیدگای وڵاتانی ئەوان بۆ بەھێزتركردن و زیاتر بەرەوپێشبردنی سیستەمی پەروەردە و فێركردن و ئاستی خوێندن و خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستییەكان.
– هەماهەنگی یەكێتیی قوتابیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا
پەیوەندی و هەماهەنگیمان لەگەڵ ھەر دوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تا رادەیەكی زۆر باش هەیە و بەردەوام لەگەڵ هەر دوو وەزارەت لەسەر هێڵین بۆ گەیاندنی داواكانی قوتابیان و پێشكەشكردنی پرۆژە و پێشنیاری گونجاو بۆ زیاتر برەودان بە دۆخی پەروەردە و خوێندن و، پێشوازی زۆر باش لە داواكانی ئێمە بۆ زیاتر خزمەتكردنی قوتابیانی كوردستان كراوە.
– پەیوەندیی یەكێتیی قوتابیان لەسەر ئاستی ناوخۆ لەگەڵ كۆمەڵە و رێكخراوەكانی قوتابیان لە كوردستان
یەكێتیی قوتابیانی كوردستان هەمیشە جەختی لەسەر كاركردنی پێكەوەیی لەگەڵ رێكخراوەكانی تری قوتابیان كردووە و بەردەوام لەو كاتانەی پێویست بووە دەستپێشخەر بووە بۆ كۆبوونەوەی هاوبەشی رێكخراوەكان، لەو سۆنگەیەوە لە ماوەی رابردوودا، لەسەر پرسەكانی سیستەمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگاكان و پرسی دەرماڵەی قوتابیان و چەند پرس و بابەتێكی تری پەیوەست بە قوتابیان، كۆبوونەوە و هەڵوێستی هاوبەشمان هەبووە.
– دوای كۆنگرەی چواردەی پارتی، یەكێتیی قوتابیانی كوردستان پلان و پرۆژەی چیە؟
یەكێتیی قوتابیانی كوردستان وەك لە پێناسەكەیدا ھاتووە، رێكخراوێكی پیشەیی، نیشتمانی، دیموكراسی و قوتابیانەیە، ھەروەھا لە خاڵی حەوتەمی كارنامەكەیدا جەخت لە بەشداریكردن و داكۆكیكردن لە بڵاوكردنەوەی دیموكراسییەت دەكات، ھەمیشە بە بڕوایەكی بەھێزەوە پشتی بەستووە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان وەكو بنەمایەكی دیموكراسی و ھەروەھا وەك میكانیزمێك بۆ زیاتر راھێنانی قوتابیان لە ئەزموونكردنی ھەڵبژاردن وەك یەكێك لە رێگاكانی بەشداریی سیاسیی تاك. لەو سۆنگەیەوە، بە درێژایی (٧٠) ساڵ تەمەنی ئەم رێكخراوە، (١٤) كۆنگرە و (٦) كۆنفرانسی بەستووە، واتە لە ھەر سێ ساڵ و نیوێكدا خۆی نوێ كردووەتەوە بەپێی لەباری بارودۆخ و لە پێناو زیاتر گونجاندنی شێوازی خەبات و تێكۆشان لە پێناو ئامانجەكانی رێكخراودا. بێگومان لە دوای كۆنگرەی (١٤)ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و بە رێنمایی جەنابی سەرۆك بارزانی، دەست دەكەین بە ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی (١٥)ی یەكێتییەكەمان لە داھاتوودا، بە جۆرێك كە بتوانین لە داھاتوودا بە گوڕ و تین و ھێز و وزەی زیاتر و بە دیدگای ڕوون و سەردەمییانە بۆ كاری رێكخراوەیی، درێژە بە خزمەتكردنی قوتابیانی كوردستان بدەین و لە ئاست رەزامەندی ئەواندا بین.
– پێشنیاری یەكێتیی قوتابیان بۆ باشتر كردنی خۆێندن لە قوتابخانەكان و زانكۆپەیمانگاكان
یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بەردەوام پرۆژە و پێشنیاری بە ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا داوە سەبارەت بە گرفتەكان لە ھەردوو بواردا، سیستەمەكانی خوێندن و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە لەسەر ئاستی ھەردوو وەزارەت. لە داھاتوویەكی نزیكیشدا لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی، ھەڵدەستین بە رێكخستنی كۆنفرانسێكی پەروەردەیی كە تیایدا بە رەچاوكردنی بنەما و میتۆدە زانستی و ئەكادیمییەكان، گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی پەروەردە و خوێندن دەكرێت و پرۆژەیەكی تێروتەسەل پێشكەش بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین.
– پەیوەندیی قوتابی بە یەكێتیی قوتابیانی كوردستان
كاركردن و بوون بە ئەندام لە یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، دەرفەتێكی گرنگە بۆ ھەر قوتابییەك و كاریگەری تەواو لەسەر كەسایەتی و شێوازی بیركردنەوە و ئاستی پەیوەندییەكانیان دەكات و ئەزموونێكی زۆر باش دەبەخشێت كە بە درێژایی تەمەن رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی پیشەیی و كۆمەڵایەتییانەوە دەبێت. پرۆسەی بوون بە ئەندام لەم رێكخراوەدا و كاركردن تێیدا و نوێنەرایەتیكردنی قوتابیان، متمانەبەخۆبوون دەبەخشێت و فێرمان دەكات كە ئامانجی گەورەمان ھەبێت و ئیرادەمان بەھێز بێت و خەمی گشتی لەسەروو خەمی خۆمان بێت و قوربانی بدەین، ئەمەش كەسایەتیی تاك بەھێز دەكات و وا دەكات ئازادانە بیر بكاتەوە و خاوەن بیركردنەوە و رای تایبەتی خۆی بێت.
– حەفتا ساڵەی تەمەنی یەكێتیی قوتابیان
لە ٧٠ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابیانی كوردستان، بەڵێنیان پێدەدەین كە بە ھەموو توانایەكەوە بەردەوام بین لە خزمەتكردن و پاڵپشتیكردنیان و داوایان لێدەكەین قوتابی نموونەیی بن لە رووی پابەندبوون بە یاسا و رێنماییەكانی ناوەندەكانی خوێندن، بەردەوام ھەوڵ بدەن پەرە بە توانا و بەھرەكانیان بدەن و لە رووی زانستی و ئەكادیمییەوە خۆیان پێبگەیەنن بۆ ئەوەی تاكی تەندروست و كاریگەر بن و ببنە شانازی بۆ خۆیان و خانەوادەكانیان و نیشتمانەكەمان. سەبارەت بە ناوەندەكانی خوێندن، كە گۆڕەپانی خەبات و تێكۆشان و خزمەتی ئێمەیە، پێویستە بە گرنگی و بایەخەوە لە قوتابی بڕوانن، چونكە كاتێك قوتابی چەقی گرنگی پێدان دەبێت، ئەوكات دەكرێت زەمانەتی پرۆسەیەكی پەروەردەیی سەركەوتوو بدرێت.