خەبات: رۆشنا عەلی:- لە پانێلێكی پەروەردەیی رێكخراوی خوێنەری كارا دەربارەی ئایندەی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان دەرفەت و ئاڵنگاری و چارەسەرەكانی لەسێ تەوەردا بۆ هەریەك لە مامۆستایان (مامۆستا فازڵا شەوڕۆ ،د. عبدالرحمن وهاب ، مامۆستا مەحمود محەمەد)ڕێكخست كە باس لەئاراستەی ئایندەی پرۆسەی پەروەردە كرا و هەریەك لەو پانێلستانە بە دیوێك بابەتەكەیان گەنگەشە كرد لاپەڕەی پەروەردەو خوێندن لەو بارەیەوە راپۆرتێكی لەسەر ئامادەكردووە:
سەرەتا لە تەوەری یەكەم دەربارەی دەرفەتەكانی بەردەم پرۆسەی پەروەردە مامۆستا فازڵ شەوڕۆ مامۆستای دێرین و بە ئەزموون دەربارەی گۆڕانكاریەكان لە مێژووی پەروەردە لە عێراقدا تا ئەمرۆ چی كراوە گوتی:لەماوەی 102 ساڵی حكوم ڕانی عێراق 76 وەزیری پەروەردە لەسەر كورسی دانیشتوون نە پەیكەرێك نە شەقامێك نەقوتابخانەیەك نە هۆڵێك نییە بە ناوی یەكێك لەو 76 وەزیرەوە، بڵین هی فڵان وەزیرە، چونكە گۆرانكاریەكییان نەكردووە كە شایستەی ئەوە بێت پەیكەر یان هۆڵێكی بەناو بكەین هەر واژوویان كردووەو رۆشتوون وەك هەر فەرمانبەرێك و مووچە خۆرێكی تر ئەگەر بەرنامەیەكیشیان هەبوو بێت ئەوا وەزیرەكەی دوای ئەو خەتێكی راست و چەپی بەسەردا هێناوە ئێستا لە عێراق 11 ملیۆن نەخوێندەوار هەیە دەساڵی دیكە ئەو ژمارە نەخوێندەوارە دێنە سەرشەقام كە پارەو خێزان و سەیارەی دەوێ و نییەتی ئایا چ رۆژگارێك چاوەرێی دەكات جگە لەوەی مادەی هۆشبەر هەڕەشە لە گەنج دەكات و رێژەی %40 ی لاوانی عێراق لە خواروو ناوەندی عێراق ئالودەی مادەی هۆشبەرن.
دەربارەی قوتابی مامۆستا فازڵ ئاماژەی بەوەدا كە ئێمە بەردەوام لە خەمی ئەوەداین زانست و مەعریفەی پێبدەین، بەڵام یەكەم شت كە قوتابی پێویستی پێی هەیەو زۆر پێی هەستیارە دادپەروەرییە، مامۆستا فازڵ ئاماژەی بەوەدا كە ئێمەی پەروەدەكاران تەنها %40 قوتابی پەروەردە دەكەین لەمبارەیەوە گوتی: كۆمەڵناسان دەڵین مرۆڤ بوونەوەرێكە حەزی لە پێكەوە ژیانی بە كۆمەڵە هەر بۆیە بەندیخانەش هەیە كە دەیەوێت كەسێك لە كۆمەڵ دابڕێت و سزای بدات ، زمانزانان دەڵین مرۆڤ زمانی هەیەو توانای ئاخاوتنی هەیە، بەڵام لە فەلسەفەی پەروەردە دەڵێت مرۆڤ پەروەردەیە توانای پەروەردە بوونی هەیە، ئەوانەی پەروەردەی ئێمە دەكەن قوتابخانەن بە هەموو مەڵبەندەكانی لە قۆناغی پێش داینگە تا قۆناغی دوای خوێندنی دكتۆرا ئێمە وەك پەروەردەكاران و مەلاو قەشەو مالومەكان دەتوانین %40 ئەوان پەروەردە بكەین سەنگە گەورەكە %60 ماوەتەوە كە ئەویش بۆ ئەوكاتە پەروەردە دەبێت كە ئێمە توانیمان ئەو قوتابیانە فێری عەقڵێكی پەروەردەیی بكەین كە خۆیان خۆیان پەروەردە بكەن ، سەیری ژیانی شاعیرانی وەك نالی و عەلائەدین سجادی بكەن هەر ئەوەنە باس دەكرێن تا گەورە دەبن دواتر خۆیان خۆیان پەروەردە دەكەن.
ئایا ئێمە ئەو قوتابیانەی خۆمان وا پەروەردە دەكەین خۆیان رادەستی خۆیان بكەین و %60 ەكەی تر خۆیان پەروەردە بكەن؟ وەك وتمان مرۆڤ كائینێكی پەروەردەییە سیستەمەكانی پەروەردە دەزگاكانی تری پەروەردە كاریان ئەوەیە مرۆڤەكان پەروەردە بكەن ، بەڵام خودی ئەو مەڵبەندانەش دەبێت خۆیان پەروەردە بكەنەوە بۆنمونە من پۆلی دووی دواناوەندی بووم مامۆستایەكی خۆشەویست ئینگلیزی پێدەگوتین لە بیرمە ئەو مامۆستایە بەردەوام كراسێكی شین و سپی لەبەر دەكرد كە بوومە مامۆستا هەشت ساڵا لەگەڵ ئەو مامۆستایە بووم ئەو كاتیش هەر ئەوەی لەبەر دەكرد، جا ئەو مامۆستایە دڵنیام دواتریش هەر بەهەمان ستایل و فەلسەفە وانەی وتۆتەوە ناكرێت مامۆستایەك چل ساڵ لەسەر یەك شێواز بڕوات ئێمە 102 ساڵە پەروەردەمان هەیە چۆن دەبێت لەسەر یەك شێواز بڕۆین؟
مامۆستا فازڵا لەو پانێڵەدا ئاماژەی بە ئامادەییە نموونەییەكان كرد و بە دیاردەیەكی ناپەروەردەیی وەسفی كرد لەمبارەیەوە گوتی : من زۆر قسەم لەسەر ئامادەیی نموونەیی كرد وتم نابێت هەبێت، بۆچی دەبێت قوتابییەكان هەڵبژێرن لەشارێك و لە مامۆستاكانی تریان بسێنن من كەدەچمە پۆل یەك قوتابیم هەیە یارمەتیم دەدات و هاندەرە بۆ قوتابییەكانی تر دێن و دەیبەنە قوتابخانەیەكی ترو لە منی دەسێنن ،چوار ساڵ تەنها خۆشنوسەكان سوودیان وەرگرت دواتر وتیان نموونەیی نەما .قوتابخانەكان كێڵگە نین تا بە ئارەزووی خۆیان سیستەمی تیا تاقیبكەنەوە.
لە تەوەری دووەم بە ناوی ئاڵەنگاریەكانی بەردەم پرۆسەی پەروەردە بۆ د. عبدالرحمان وهاب مامۆستای زانكۆ رێكخرابوو ئەودەربارەی قوتابخانەو شەقام كە دوو شوێنی جیاوازن چی بكرێت كە ژیانی كۆمەڵگا راستەقینەكە بهێنرێتە ناو قوتابخانە چی بكرێت بۆ ئەوەی شەقام و قوتابخانە وەك یەك بن؟ ئەو لەمبارەیەوە گوتی : مەرج نییە قوتابخانەو شەقام لەیەك داببڕێن لە هەندێك لایەنەوە دوو كایەی جیاوازن، بەڵام لە كۆتاییدا بەشێكن لە كۆمەڵگا دابڕینی ئەم دوانەش جۆرێك لە تایبەتمەندی دەدات هەم بە شەقام و هەم بە قوتابخانە كە وا دەكات ئەوەی قوتابخانە دەیكات جۆرە ژیانێكی ترە لەوەی لە شەقام دەگوزەرێت ،بەڵام ئەگەر بێت و ئێمە ئەم دوانە لەیەك دابڕین دەبینین كۆمەڵێك كێشەمان بۆ دروست دەكات دەكرێت لە رووی تەكنیكییەوە ئەم دوانە جودا بن، بەڵام لە كۆتایدا ئەگەر پەروەردە بۆ مرۆڤێك بێت كە لە كۆمەڵگایە كۆمەڵگە هەم شەقامە هەم قوتابخانەیە هەم مزگەوتە هەم بازارە بۆیە ئێمە دەمانەوێت لەیەكی جودا بكەینەوە بۆ تێگەشتنە لە كۆمەڵێك تایبەتمەندی كەوەك دەزگا لەیەكیان جیا دەكاتەوە ،بەڵام وەك كۆمەڵگا هەمان كۆمەڵگایە بۆنموونە ئەگەر شتێیەك لە شەقام خراپ بێت لە قوتابخانەو دەزگا پەروەردەییەكانیش خراپە بۆیە ئێمە كە باسی لێكچوون و جیاوازی دەكەین ئەبێت بزانین لە كام روەوە باسی لێكچوون و جیاوازییەكەیان دەكەین.
د. عبدالرحمن دەربارەی ئەوەی ئایا قوتابخانەكان ئەو هێزەیان هەیە كە دوو بارە سیستەمی كۆمەڵایەتی دابڕێژنەوە؟ گوتی : یەكێك لە جیاوازیەكان ئەو تایبەتمەنمدییەیە كە دەدرێت بە قوتابخانەكان بۆ نموونە لە ئاینی ئیسلامدا مزگەوت تایبەتمەنییەكی هەیە ،بەڵام ئەو عیبادەتەی لە مزگەوت دەكرێت هەمان ئەو عیبادەتەیە كەلە دەرەوەی مزگەوت دەكرێت ،بەڵام جۆرێك لە تایبەتمەندی دامەزراوەیی دەدرێتە مزگەوت ، بەڵام ئەو شتەی لە ناو مزگەوت خراپە لە دەرەوەی مزگەوتیش خراپە، بەهۆی ئەو تایبەتمەندییەی دەدرێتە دەزگا پەروەردەییەكان و كۆمەڵێك خەڵكی بۆ دەهێنرێت و پلانێكی تایبەتی بۆ دادەنرێت و ڕوانگەی بۆ دادەنرێت كەواتە مەبەستی ئاڕاستەكردنەكەی بۆ ئەوەیە كە ئاڕاستەی پەروەردە بكات.
دەربارەی ئاڵەنگاریەكانی بەردەم پرۆسەی پەروەردەلەكامەئاراستەیە ؟ ئەو مامۆستایەی زانكۆ گوتی :خاڵێكی بنەرەتی هەیە كە دەمەوێت باسی بكەم لە كوردستان كە دێینە سەر باسی پەروەردە بە گشتی لە لایەنە فەرمی و نافەرمییەكەی لە بابەتی پلاندانان بۆ پێشخستنی پەروەردە ولەبابەتی ڕەخنە لە هەوڵەكان بۆ پێشخستنی پەروەردە ڕوانگە ناڕوونە ئێمە دەزانین خراپەو ڕەخنەدەگرین، بەڵام ڕوانگەی دەستنیشانكردنی كێشەكانمان ڕوون نییە بۆنموونە من دەڵیم كێشەی نزمی ئاستی قوتابخانەكانمان هەیە و كێشەی ئاستی زانستی قوتابییەكانمان یان هەیە كێشەم هەیە كە پرسیاری نیشتمانی وزاری ئاستیان نزمە بەڵام بۆ ئەوەی چارەسەر پێشكەش بكەم دەڵیم با پرسیارەكان هەڵبژاردن بێت دوای كە كێشەم لە هەڵبژاردن بۆ دروست بوو دەڵێم با بۆشایی بێت دواتر دەڵیم با ئەنتەرنێت نەبێت یان با پۆلیس هەبێت هەموو ئەمانە چارەسەری بنەرەتی نین، چونكە پرسیار لەوە نەكراوە كە تاقیكردنەوە بۆ هەیە تێگەشتن لە تاقیكردنەوە نییە، كێشە لەگەڵ ئیدارەدانی تاقیكردنە وەكە هەیە واتە هەمان ئەو كەسەی رەخنە لە تاقیكردنەوەكە دەگرێت هەمان ئەو كەسەیە كە تاقیكردنەوەكەی داناوە، ئەوەی لای ئێمە كێشەیە ئەوەیە كە روانگەمان بۆ كێشەی پەروەردەیی ڕوانگەیەكی ناروونە، ئەوەنەی چارەسەرەكان لە دەوری سیستەمەكەیە ئەوەندە پرسیار نییە لە خودی سیستەمەكە كە كۆمەڵێك كێشەی بنەرەتی تێدایە ئەمەش وایكردووە بیری پەروەردەییمان بیرێكی كورد بین بێت بۆ نموونە ئەگەرتۆ باوەرت وابێت مەعریفە ئەوەیە كە لەناو كتێبێك بێت و لەبەر بكرێت دووبارەی بكەیتەوە بێگومان تاقیكردنەوە دەكەی من پێم وایە دەكرێـت تاقیكردنەوە هەبێت دەشكرێت نەبێت ،چونكە پێم وایە لەگەڵ مەعریفە یەكناگرێتەوە دەكرێت %10 یان %15 بۆ تاقیكردنەوەی دابنێین.
لە تەوەری سێیەم دەربارەی خستنە رووی مۆدێلەكانی چارەسەركردن و ریفۆرمی پرۆسەی پەروەردە بۆمامۆستا محمود محمد خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە پەروەردە تیشكی خستە سەر كۆی پرۆسەی پەروەردەو پێی وابوو پرۆسەیەكی ئاڵۆزە ئەو لەم بارەیەوە گوتی: مامەڵە كردن لەگەڵ پەروەردە مامەڵەیەكی ئاڵۆزە پەروەردە وەك دروستكردنی بینایەك نییە ئەنجامەكەی دوای شەش مانگ یان ساڵێك ببینی یان بە ماوەیەكی دیاریكراو دەركەوێت بە لایەنی كەم 15 ساڵی دەوێت تا ئەنجامەكانی پرۆسەكە ببینی ئەوانەی باسكران بەشێك لە دەرئەنجامەكانی پەروەردەیەو بەشێكیشی هێمایە بۆ خراپی لە داهاتوودا ، بۆ باشتركردنی پرۆسەی پەروەردە پێویستمان بە دوو شتە یەكەم پلان دووەم پڕۆژە ئەوەش لەسەر بنەمای دیدگایە دیدگای حكومەت بۆ پەروەردە چییە؟ حكومەتی هەرێم لە ساڵانی سەرەتای 2000 ەكان دیدگای خۆی بۆ پەروەردە بە سێ خاڵ ئاماژە پێكرد خوێندن بۆ هەمووان، خوێندن بەیەكسانی بۆ هەردوو رەگەز، پەروەردەیەكی جۆری، ئەمانە كاری لەسەر كرا كە یەكەم خاڵ پێویستی بە دروستكردنی قوتابخانەبوو بۆ یەكسانی هەردوو رەگەز كاری لەسەر كرا هەتا كار لەسەر بیركردنەوەی عەقڵییەتی كۆمەڵگاش كرا بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردە كە ئەم سێ ساڵە ئیشم لەسەر كردووە رێژەی كچان لە كوڕان زیاترە لە قوتابخانە، ئێستا دەبێت بە پێچەوانەوە كار بكەین، چونكە ئاماژەیەكی مەترسیدارە ئەوانەی دادەبڕێن لە قوتابخان كوڕانن دوو ساڵە كەمپین دەكرێـت بۆ گەرانەوە بۆ قوتابخانە زۆریشی لە گوندەكانن هۆكارەكەشی ئەوەیە كە زۆربەی ئەو قوتابخانانە 1-6 و كە بووە نۆ دەبێت مامۆستای پسپۆر بێت وانەكان بڵێتەوە ناتوانن ئەو هەموو مامۆستا پسپۆرە دابین بكەن بۆ گوندێك ناچار بەچەند گوندێك یەك قوتابخانەیان داناوە وەك دوا ناوەندییەك خەڵكی گوندیش كاری لەسەر ئاژەڵداری و كشتوكاڵە ئەیەوێت منداڵەكەی یارمەتی بدات تا كاری بۆبكات دووەم پارەی هاتوو چۆی نییە جگە لەوەش لەناو گوندەكان بە دەگمەن وایە كەسێك دانیشتووی گوند بێت و پۆستێكی وەرگرتبێت تا ببێتە هاندەرێك ئەوەی پۆستی وەرگرتووە زۆری دانیشتووی ناو گوند نییە كۆچی كردووە یان بۆقەزا یان بۆ شارەكان.
ئەوخاڵانە گۆڕانی تێدا كراو زۆر شت گۆڕا ، بەڵام ئەوەی كێشەیە پەروەردەی جۆرییە بۆیە پلانەكان لە هەموو دنیا یونسێف كاری لەسەر دەكات لە عێرا ق ساڵی 2018 كاری لەسەر كرا لە 19 پارێزگای عێراق 9 پارێزگا هەڵبژێردرا پلانەكان دارێژران بە هاوكاری كامبرێجی بەریتانی لە پلانەكان چوار پلان هەڵبژێران كە باشترین بوون لەوانە لە پارێزگای هەولێر لەبەر ئەوەی ئاماژەی زۆر باش لە ناو هەولێر هەبوو بە حكومی ئەوەی كۆرۆنا هات نەتوانرا ئەو پلانە بۆ ماوەی سێ ساڵ جێبە جێبكرێت ئێستا خەریكی ئەپدەیت و نوێكردنەوەنە بۆسێ ساڵی داهاتوو سێ تەوەر كاری لەسەر دەكرێت لەوانە یەكەم چوونە بەر خوێندن دووەم پەروەردەی جۆری سیێەم سیستەم ئەو سێ تەوەرە بۆ هەموو ئاستەكانی خوێندنە لە باخچەوە تا پەیمانگاكان و جۆرەكانی تری خوێندنیش ئەوەی لە پارێزگای هەولێر كاری لەسەر كرا سێ دەوامی نەما دوو دەوامیش ئاراستەیەكی باش هەیە كە متر %25 ی قوتابخانەكان دوو دەوامین ئەوەی گرنگە لەو بوارە كاری لەسەر بكرێت قەرەباڵغی ناو قوتابخانەكانە تەنها لەسنوری پارێزگای هەولێر 600 قوتابخانەی دوو دەوامی هەیە بۆ ئەوەی بكرێنە یەك دەوام پێویستی بە قوتابخانەی نوێیەبەچەند ساڵاَ دەتوانرێت هەمووی بكرێتە یەك دەوامی؟ من پرسیارم لە وەزارەتی پەروەردەو پارێزگای هەولێرو ئەنجومەنی وەزیران كرد زۆرترین بودجە كەلە كوردستان هەبوو ساڵی 2013 بوو زۆرترین بەڵیندەریش هەبووە لە ساڵێكدا توانرا 60 قوتابخانە دروست بكرێت ئەگەر ئێمە بمانەوێت بیكەینە یەك دەوامی 10 ساڵمان دەوێت. كێشەكە قەرەباڵغی ناو پۆلەكانە لەو پلانەی داڕێژرا ئەولەیەت بۆ كەمكردنەوەی رێژەی زۆری قوتابییە لە پۆلەكاندا بەپێی ئاراستە جیهانییەكان لە ژورێكی 5-8 م تەنها دەبێـت 40 قوتابی هەبیـَت كاری باشیش بۆ ئەو حاڵەتانە كراوە ئێستا لەو قوتابخانانەی ماوەی دروستكردنی ژووری هەبێت ژووری زیادەی بۆ دروستدەكرێت، ئەوانەی كەمی میلاكیان هەیە بە وانە بێژ چارەسەر دەكرێت هە ندێك حاڵەتیش هەیە كەلەبەر ئەوەی دەرەقەتی مامۆستاكان نایەن و مامۆستاكان ئامادە نین 22 یان 24 بەشە وانە بڵینەوە دێن ژوورەكان قەرەباڵغ دەكەن.
لەبارەی سیستەمیش تۆ ئەگەر بتەوێ دیدگاو ئامانجێكی باش دابنێی دەبێـت داتایەكی باشیش لەبەردەم بێت خۆشبەختانە وەزارەتی پەروەردە لە ڕووی داتاوە لە زۆربەی هەرە زۆری وەزارەتەكان باشترە بە تایبەتی ئێستا كە پلاتفۆرمی ئی پەروەردە هەیە كە هەرچی زانیاری وەزارەتی پەروەردەیە لەتێیدایە كێشەكەشی ئەوەیە ئیدارەدانی بە سستی دەروات چونكە ئاسان نییە، ئەگەر باسی ئیدارەی پەروەردە و پارێزگاكان بكەم ئەوانەی دەچنە پۆستەكان بۆ ئیدارەدانی پەروەردەكان یان مامۆستا نەبووە یان مامۆستا بووە تاقەتی وانە وتنەوەی نەماوە هەڵدێ بۆ ئەوەی پۆست وەربگرێت ئەوانەی لە ئیدارەدانی پەروەردەن زۆربەی زۆریان كە كارم لەگەڵا كردوون بە داخەوە تەنانەت لە چەمكی پەروەردە تێنەگەشتوون كە تێنەگەشتبێت چۆن دەتوانێت گۆڕانكاری بكات و پەروەردە باش بكات لە ۆرك شۆپێك لە بەرێوەبەرانی پەروەردەم پرسی ئایا وایە ئێوە لەبەرێوەبەرانی پەروەردەو بوونەتە بەرێوەبەرانی خۆیەتی تەنها رۆتینیاتە بەڵام ئاگاتان لە خودی پرۆسەكە نییە بە كۆی دەنگ وتیان راستە ئەوەنەی بەوە مەشغەڵین بە پرۆسە پەروەردەییەكە مەشغوڵ نین چارەسەری ئەمەش تەنها بە دابەزاندنی دەسەڵاتە بۆ بەرێوەبەری خۆیەتی.












