د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
بڕوابەخۆبوون یەكێكە لەو بابەتانەی سایكۆلۆژیا گرنگی پێدەدات و بەسەرچاوەی زۆرێك لە دەستكەوت و بەرهەمەكانی تاك ئەژمار دەكرێت. بڕوابەخۆبوون سەبەتەیەكی ئامادەكراو نییە پێشكەشی كەسێك بكرێت، بەڵكۆ بەرهەمی پەروەردەكردن و پێگەیاندنی كۆمەڵایەتییە كە لە خێزان و قوتابخانەوە دەست پێدەكرێت و دایك و باوك و مامۆستایان ئەندازیاری دروستكەری بڕوابەخۆبوونن لای منداڵ و گەنجان.
بڕوابەخۆبوون لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و سیاسیش بە گرنگ و بونیاتنەرانە دەزانرێت. جێگەی داخە، لە ناوچەی ئێمە بە پلاندارێژراو، هەوڵی شكاندنی تاكی كوردی و كوشتنی تۆوی بڕوابەخۆبوون لای ئەو تاكە دراوە. بەڵام بە پێچەوانەوە تاكی كوردی ملكەچی ئەو پیلانە نەبووە و، بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە دەیان شۆڕش و راپەڕینە لە ماوەی چەند سەد ساڵی رابردوو لە لایەن كوردستانییان ئەنجامدراون و، دواهەمینیشی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 2017 بوو كە نیشاندەر و گەواهیدەری ئەو راستییەن كە تاكی كوردستانی زۆر وریاترە لەوەی كە بە پیلانی دوژمنان هەڵبخەڵەتێت و تووشی نائۆمێدی ببێت.
لەسەردەمی ئێستادا و زیاتر لە هەموو كاتێك تاكی كورد پێویستی بە بڕوابەخۆبوونە، كە دەكرێت سەركردایەتیی سیاسی، رۆشنبیران، دەزگاكانی پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و بە تایبەت زانكۆكان و لەگەڵیاندا راگەیاندن و بەتایبەت سۆشیالمیدیا، گەورەترین رۆڵی تێدا بگێڕن بۆ بەرزتركردنی ئاستی بڕوابەخۆبوونی سیاسی لای تاكی كوردستانی. چونكە لە سایەی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای پەیوەندی و رەخسانی گۆڕانكارییەكان و بەتایبەت لە بواری دیموكراسی لە جیهان و ناوچەكەدا، كورد دەرفەتی زیاتری هەیە بگاتە ئەو ئامانجانەی سەدان ساڵە خەباتی لە پێناودا دەكات و لەژێر سێبەری فەلسەفەی “خۆنەچەماندن”دا هەوڵی بۆ دەدات و تەنها توانیویەتی بەشێكی لێی بەدەست بهێنێ، ئەویش حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە بەرهەمی رەنج و ماندووبوون و شەونخوونی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و بەتایبەت جەنابی سەرۆك بارزانی، و قارەمانێتی و گیانفیدایی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانە، كە تاكی كوردستانی پێویستە لەوە تێبگەیێنرێت كە دۆزی گەلی كوردستان دۆزێكی رەوا و مافێكی سروشتی خۆیەتی، كە دەبێت لە ئایندەیەكی دور و نزیكدا بێتەدی.
بەڵام شان بە شانی ئەم خەبات و پەروەردەكردن و رۆشنبیری و پێگەیاندنە، دەبێ هەوڵ بدرێت ئەو كەموكوڕییانەی هەن و بەتایبەت لەبواری ئابووری و كارگێڕیدا و، بەتایبەت و وەك نموونە گەندەڵی بنبڕ بكرێت، تاوەكو جارێكیتر ئاستی بڕوابەخۆبوون لای تاكی كوردستانی بگاتە لوتكە و بە گوڕوتینێكی زیاتر بەشداری پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی ببێت و، ئەم بەشدارییە بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستانییان و بۆ ئەم كاتە بە گرنگ و پێویست دەزانرێت.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ/ كۆلیژی پەروەردە









