خەبات- ئاشتی شەهباز:
بۆ لیكۆڵینەوە و دەسنیشانكردنی چارەسەری كێشەكان، باشترین و سەركەوتووترین ڕێگە هەبوونی ئامار و پۆلینی ساڵانەیە. هەر بەو بۆنەیەش ساڵانە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ئامار و داتاكانی دەخاتەڕوو بە مەبەستی ئەوەیكە لایەنەكانی پەیوەندیدار هەوڵەكانیان بۆ كەمكردنەوەی ئەم توندوتیژییانە ڕێكبخەن و چڕتری بكەنەوە.
فێنك شەفیق: لەكۆی 15897 كەیسی توندوتیژی لە ساڵی 2022 لە هەرێم 8346 یان داخراون و 4946 یش لەژێر لێكۆڵینەودان، 2605 بۆ بینین ڕەوانەی دادگا كراون و لەكۆی ئەو كەیسانە لێژنەی ئاشتەوایی 826 كەیسی چارەكردووە .
بەڕێوەبەری گشتی: تیمی موبایل تیمێكە خۆمان سەردانی كەمپەكان دەكەین، لەبەر ئەوەی ئەوان دوای ئاوارە بوونیان زیاتر تووشی توندوتیژییەكان دەبنەوە بە هۆی ئەوەی بابەتەكان حەساسن و كەس ناتوانێ‌ باسیان بكات.
یەكی ڕێبەندان بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان فێنك شەفیق لە گۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە هۆڵی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جگە لە كوشتن و خۆكوشتن لە هەولێر ئەمساڵ بە شێواز و پۆلینی جیاواز ئامار و چالاكی و پلانی خۆیان خستەڕوو .
لە نێو داتاكاندا ژمارەی قوربانیانی ساڵی 2022 بە ڕەگەز دیاریكرابوو، واتا ژمارەی قوربانیانی ڕەگەزی نێر لە هەرێم 5459 حاڵەت پۆلین كرابوو ( لە لایەن كەس و كاریانەوە)، هەروەها ژمارەی ئافرەتانی قوربانی 10960 دیاریكراوە، جێی سەرنجە ژمارەی سكاڵاكارانی پیاو سەبارەت بە كێشە خێزانییەكان ئەمساڵ لە نێو ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان تێكەڵ بە ئاماری ئافرەتان كرابوو ( بەو پێیەی لە ساڵی 2019 پاشگری خێزانی بۆ زیادكراوە) و خاتوو فێنك لەبارەی قوربانیانی پیاو گوتی: ” ئەوانیش لەلایەن ژنانەوە توندوتیژیان بەرامبەر كراوە و دەچێتە خانەی توندوتیژی خێزانییەوە.” گوتیشی: كاری ئێمە بە پلە یەك بەدواداچوونی توندوتیژییەكان و ڕزگاركردنی قوربانیانە. لەو لاوە دەرخستنی لێكۆڵینەوەكان لە سەنتەری ڕاوێژكاری نێو نوسینگەكانی بەرەنگاری كۆی گشتی 2555 كەیس بەمشێوەیە لە ( هەولێر 480/ دهۆك 702 / سلێمانی 124/ ڕاپەڕین 667/ گەرمیان 361/سۆران 221 ) بینراون.
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەی ڕۆژنامەنووسانی كۆنگرە، عەقیدی پۆلیس سەفین تاهیر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە بارەی ئەو سكاڵا و تێبینیانەی لەسەر جۆری وەڵامدەرەوەكانی هێلی گەرم و پرسیارەكان ڕوونكردنەوەی دا. هەر لە وەڵامی سستی بەڕێوەچوونی پرۆسەی لێكۆڵینەوە لە دادگا بەڕێوەبەری گشتی فێنك شەفیق لە وەڵامدا دەڵێ‌: ڕاستە بەڵام بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، سەلماندنی جۆری توندوتیژی قورسە و بەڵگەی پێویستە، هەروەها دادوەرەكان هەوڵدەدەن كێشەكان بە ئاشتەوایی چارەسەر بكرێن بۆیە كەیسەكان ڕەوانەی لێژنەی ئاشتەوایی دەكرێن و ژمارەیەكی زۆریان لەوێ‌ چارەسەردەكرێن. ئەوانە كاتی زۆریان پێویستە، هەروەها كەمی دادوەر لەو بوارە و ڕایگەیاند كەوا لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری گفتوگۆ كراوە بۆ زیادكردنی دادوەر بۆ ئەو بوارە و بوونی دادگایەكی تایبەت ( لە یاساكەدا هەیە ) دیارە دیراسەیەكی قووڵی پێویستە.
خاتوو فێنك شەفیق لە نێو خستنەڕووی ئامارەكان باسی لە تۆمەتبارانی دەستگیركراو كرد، لەكۆی 4437 فەرمانی دەستگیركردن 3561 تۆمەتبار دەستگیركراوە و 534 یش ماوە و بەداخەوە دەستگیر نەكراون، لە وردكاری جۆری سكاڵاكان هەر لە لێدان و هەڕەشە و ناپاكی و…..هتد .
بەپێی ئاماری تۆماركراوان 12308 سكاڵان جگە لەو كێشانەی كەوا خێزانەكان بۆ پاراستنی ناو و ناوبانگیان بە نهێنی كێشەكانیان بردۆتە ئەوێ‌ لە دەرەوەی ئاماری تۆمارن بەو هۆیەوە نزیكەی سەرووی 15 هەزار سكاڵان.
هێلی گەرم بە 119 ناسراوە و لەو ڕێگەیەوە 2555 كەیسیان پێگەیشتووە، لەو پۆلینكردنەی ئەمساڵ كە خرایەڕوو تیمێك بە ناوی تیمی موبایلەوە كار لەسەر كەیسەكانی توندوتیژی لە ناو كەمپەكان دەكەن هەر لە نێو پارێزگاكانی ( هەولێر، دهۆك، سلێمانی، گەرمیان ) دا3224 كەیس هەن، بۆ دیاریكردنی مافی گشتی لە نێو ڕووداوە كەسیەكاندا لە هەرێم لە كۆی 16623 كەیس 204 یان مافی گشتی یان تێدایە، یەك لەو چالاكییانەی باسی لێوەكرا كردنەوەی نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بوو لە زاخۆ و لە بەكرەجۆ و هۆبەیەكیش لە حاجیاوا و لە ئایندەدا بە نیازن لە پارێزگای هەڵەبجەش بكرێتەوە و كردەنەوەی ڕادیۆی یەكسانی بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و ڕێنمایی خێزانی لەبارەی كێشە و ڕووداوەكان.
لەبارەی كۆژراوان و كوشتن و خۆكوشتن و سوتان و خۆسوتاندن هیچ ژمارەیەك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان نەخرایەڕوو. بەڕێوەبەری گشتی فێنك شەفیق لەو بارەیەدەڵێ‌: ئەوانەدەچنە بابی تاوانەوە و كاری ئێمە سكاڵا وەرگرتن و بەدواداچوونە، بۆیە پەیوەندی بە بەڕێوەبەڕایەتی گشتی تاوان و كوشتن لە هەرێم هەیە و بنكەكانی پۆلیس كاری لەسەر دەكەن و گوتیشی ئێمە ساڵانی پێشوو ئاماراكانمان لەوان وەردەگرت. لە كۆتاییدا هیوای ئارامی و ئاشتەوایی بۆ كۆمەڵگەخواست.