د. سامان سۆرانی
دیالۆگ وەکو کەلتوور پرۆسەیەکی راوێژکاری دوولایەنە و میکانیزمێکی نموونەییە بۆ دەستەبەرکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کەمکردنەوەی کێشەو ناکۆکییەکان و ڕێگرتن لە پەرەسەندنیان، بۆ خۆپاراستن لە وێرانکاری و جەنگ و دابەشبوونی کۆمەلگە، ئەگەر چی فەلسەفەی “عێراقی نوێ” وەکو دەوڵەت و نیشتمان، پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، لەسەر بنەمای هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی و دیالۆگ و ئاشتەوایی و لێکتێگەیشتن لەسەر پێکەوەژیان دامەزراوە، بەڵام دەبینین دەسەڵاتە یەك لە دوای یەکەکانی بەغدا، تەنانەت هەر لە سەرەتای داڕشتنەوەی دەستور و پەسەندکردنی لە ساڵی ٢٠٠٥ بە پێچەوەی ئەو بنەمایانە کاریان کردووە و هیچ هەنگاوێکیان بەرەو هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی نەناوە.

ئەو دەسەڵاتانە بە شێوەیەك لەگەڵ دەستور مامەڵەیان کردووە، کە لێگەڕاون تەنها ئەو ماددانەی بەسوودی خۆیان بێت جێ بەجێ بکرێت و ماددەکانی تر تا نکرێت پەك بخرێن، تا دەستور نەبێت بە گرێبەستێکی هاوبەش بۆ وەڵامدانەوە و زامنکردنی پێکەوەژیان لەو وڵاتە، لەگەڵ ئەو ئەزموونە نەرێنییەشدا، کە هەرێمی كوردستان لە ڕابووردوودا لەگەڵ نوخبەی دەسەڵاتدار لە عیراق هەیبووە، ئێمە پێمان وایە هیوا دوا شتە، کە دەمرێ.

بۆیە سەرۆکی حکومەت، ڕێزدار مەسرور بارزانی، لە چەندین دەرفەتی جیاجیا جەختی لەسەر گرینگی دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی فیدڕال کردووە، بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر و ئاشتیانە بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕال، ئامانجی سەرەکی ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا شکاندنی بەستەڵەکی سیاسیی و دووبارە دامەزراندنی کەمترین ئاستی سازانی سیاسییە.

لەو ڕێگەیەوە دەکرێ گفتوگۆ و دانوستان بکرێت سەبارەت بە چاکسازی و هەنگاوەکانی تر بەمەبەستی دەستەبەرکردنی گۆڕانکاری ئەرێنی لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق، لە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٠ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە دیدارێکی تەلەفیزیۆنی هاوبەش لەگەڵ میدیای عیراقی و عەرەبی (العراقية، العربية الحدث، الشرقية، الجزيرة، الحرة عراق و زاگرۆس)

جەختی لەوە کردەوە، کەوا “هەرێمی كوردستان پێکهاتەیەکی فیدراڵی دەستورییە لەناو دەوڵەتی عیراقی فیدڕال، مافی هەیە و ئەرکی لەسەرە، بەڵام جێ بەجێ نەکردنی دەستور وەکو پێویست ئەو گرفتانەی درووستکردووە، کە ئەمڕۆ عیراق دووچاری بووە، کەواتە کابینەی نۆیەم ئامادەیە سەرجەم کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر بکات و بەرامبەر بە دەستەبەرکردنی ماف و شایستە دەستورییەکانی گەلی كوردستان ئەو پابەندبوونانەی لەسەرییە جێ بەجێ بکات بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی گشتگیر، کەوا هەردوولا پێی ڕازی بن و ماف و پابەندبوونەکانی هەردوولا دیاری بکات.

لە ڕابووردوودا گرینگی نەدان بە هاوبەشی لە دەرکردنی بڕیار و لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پازدان بەسەر هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکان و سازان لە دەرکردنی بڕیار و یاسا بوو بە هۆکاری زیادکردنی بۆشایی و کەمکردنەوەی متمانە لەنێوان هەرێم و بەغدا، عێراق ناتوانێت سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بەدەست بهێنێت و ئابووری خۆی بنیات بنێت ئەگەر حکومەتی بەغدا بەجددی کار نەکات بۆ دروستکردن و پاراستنی ئەو هاوسەنگییە.

بێگومان ئامادەکردنی دیالۆگ لەسەر ئاستی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ وەڵامێکە بۆ ئەو بارودۆخەی، کەعێراق و ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت. ئەمەش زۆر پێویستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان، کە چارەسەرکردنیان بۆ هەردوولا گرینگە و کاردانەوەیان هەیە لەسەر کۆمەڵگای عێراق، ئێمە دەزانین عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی پێویستی بەوە هەیە، کە بەپەلە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا بگاتە ڕێککەوتنێکی سیاسی، یان تەنانەت دووبارە دامەزراندنەوەی چوارچێوەیەکی نوێی دامەزراوەیی، کە لە ئاستی بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا بێت (قەیرانی تەندروستی، قەیرانی ئابووری، قەیرانی چەکی بێ یاسا و هەژموونی میلیشیا و فاکتەرە نادەوڵەتییەکان، کە مەبەستیانە ناسەقامگیری و پاشاگەردانی بێ سنوور بوونیان هەبێت) و گرژییەکان کەم بکاتەوە، لە پێناو بونیادنانی سیستەمێکی سیاسی نوێ و داڕشتنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ، بۆ کۆتایی هێنان بە ناڕەزایی فراوان و کەم کردنەوەی کەلێنی نێوان هاوڵاتی و نوخبەی دەسەڵاتدار لە بەغدا.

دیارە هەموو ئەمانە ڕوونادات، ئەگەر مەبەست لە کراوەیی سیاسی خزمەتکردن بە خەڵک نەبێت بەڵکو دژایەتی کردنیان بێت و ئەگەر ئەو چوارچێوە سیاسیە گشتگیرەکەی، کە هەموو لایەك پشتی پێ دەبەستێ، حزووری نەبێت و ئەگەر دەستووری عێراق نەبێت بە چوارچێوەیەکی کۆکەرەوەی لایەنەکان و هەموو ماددەکانی کارا نەکرێنەوە.

پلۆرالیزم یان فرەیی نیعمەتە نەوەك نەفرەت و چەندین سەدەیە سیاسەت هونەری بەڕێوەبردنی جیاوازیەکانە، بۆیە پێویستە بڕیاردەران لە بەغدا ئەوە بزانن، کە سەرکردایەتی کوردستان خاوەنی دیسپلینی ئەخلاقی و عەقڵانی و ڕۆحییە و ئیرادەی پێکەوە ژیانە، کە لە مەیدانی خوێندن و پەروەردە دەچەسپێنرێت، لە نێوان هەرێم و عێراق زیاتر لە یەك تەواوکاری هەیە، بە تایبەتی ئێمە بە هۆی خێرایی گۆڕانکارییەکان و شۆرشێ تەکنەلۆژیای زانیاری و زیرەكی دەستکرد لەسەردەمێك دەژین دەکرێ لەسەر چارەنوسێکی هاوبەش گفتوگۆ بکەین و جیاوازیی لە ڕوانگەکانە سەبارەت بە ئایندە و گرفتە ستراتیژ و ناستراتیژەکان قبوڵ بکەین.

هەرێم لەمامەڵەکردنیدا لەگەڵ بەغدا میتۆدێکی عەقڵانی و کراوە و ئاشتیخواز و شارستانیی پەیڕەو دەکات، ڕێبازی کرداری کاردانەوەی ناعەقڵانی بەرامبەر بەو دژایەتی و بڕیارانەی، کە دەسەڵاتدارانی پێشوو لە بەغدا ئەنجامیان دەدات، هیچ لایەك ناگەیەنێتە کەناری ئارام، هیچ ئەڵتەرناتیڤێ نییە بۆ هاوکاری و هاوبەشی و هاوئاهەنگی و داهاتووی عێراق پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ. چونکە بە كشانەوەی هەرێم لە پرۆسەی سیاسی عیراق و بە پەراوێزخستنی هەرێم لە لایەن بەغدا، عیراقی فیدڕال ئیفلیچ دەبێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هیچ ئیعتبارێکی نامێنێت.

ژیری و عەقڵانییەتی داوامان لێدەکات لە چوارچێوەی دیالۆگێکی سیاسیدا بێ سنوور و بێ مەرج دیالۆگ ئەنجام بدەین، چونکە پێکەوەژیان پەیوەستە بە ناسینەوە و پاراستنی ڕەسەنایەتی و هاوبەشیکردن لەگەڵ بەرامبەر لە چوارچێوەی برەودان بە مێژووی هاوبەش و گەڕان بە دوای عێراقێکی نوێ، کە بە عەقڵانیەت و حوکمڕانی باش بەڕێوەبچێت، دوور لە توندڕەوی و تایفەگەری و دەمارگیری مەزهەبی و دۆگماتیزم و خراپ ڕەفتارکردن و لۆژیکی بازاڕ.

لە کۆتاییدا دەڵێین، ئەوەی بیەوێت عیراقێکی فیدڕال و دیموکرات بە شێوەیەکی ئەرێنی بونیاد بنرێت، پێویستە لەسەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە نموونە وەربگرێت و فەلسەفەی دیالۆگ و مومارەسەکردنی عەقڵانی بکات بە بنەمای کارەکانی، تا هاوکێشەیەکی داهێنەرانە بەرهەم بهێنێت، پێویستە ئەو کەسە دوورکەوێتەوە لە لۆژیکی ڕەتکردنەوەی بەرامبەر و بیرکردنەوە بە عەقڵیەتی بنچینەخوازی و خۆبەزل زانین، تا بتوانێت تێکەڵی بونیادنانی جێهانێكی هاوبەش بێت، کە تیایدا پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاڵوگۆڕ لەسەر بنەمای شارشتانیەت و مەدەنییەت و لە چوارچێوەی دەستورێك بێت، کە باوەڕی بە لۆژیکی پەیوەندی ئاشتیانە بێت و دان بە کەسی جیاواز بنێت، بە دڵنیاییەوە سەرکردایەتی کورد و گەلی كوردستان، کە خاوەندی مێژوویەکی دێرینە لە بەرخۆدان، بە شێوەیەکی ئازادی خوازنە بەردەوام دەبێت لە خەباتی بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی و هەرگیز چۆك بۆ فشار و ستەمکاری دانادات.

دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدڵبیرگ، ئەڵمانیا