خەبات- سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی:
شەهید بوون لە پێناو سەرفرازی كوردستان شانازییەكی گەورەیە لە رێگای خاك و نیشتمان ، بۆیە لە درێژەی بەسەركردنەوەی ئەو مرۆڤە كوردستانپەروەرانەی كە لە رۆژە سەختەكانی خەباتی گەلەكەماندا ژیانیان خستبووە خزمەتی كاروانی شۆڕش و رێبازی كوردایەتی، ئەمجارە ئافرەتێكی تری تێكۆشەر بەسەر بكەینەوە كە ئەویش دایكە ئافتاو ساڵح ئەحمەد هاوسەری پێشمەرگەی نەمر كوێخا مەحمود مایجان و دایكی 3 شەهیدی قارەمانی نیشتمان و داپیری شەهیدە، ئەو دایكە زۆر سەرفراز بوو كە 3 كوڕ و نەوەی لە پێَناو ئامانجەكانی رێبازیان شەهید بوون بۆ كوردستانەكی ئازادی وەك ئەمڕۆ بۆیە بیرەوەرییەكانی پڕە لە بۆنی خاك و رەنگی پێشمەرگایەتی، دایكە ئافتاو زۆر شوكر بوو كە كوڕ و نەوەكانی لە پێناو رێبازی بارزانیی نەمر شەهید بوون و ئازادی ئەمڕەَ بەرهەمی ئەوان و گشت شەهیدانی ڕێگای كوردایەتینە، ئافتاو خان دڵخۆش بوو كە یەكمجارە رۆژنامەی خەبات ئەو خانەوادە شەهیدە بەسەردەكاتەوە ، بەڵام بە داخەوە بەرلە بڵاو بوونەوەی دیمانەكە ئەو شێرەژنە شەوی 26/12/2022 لە هەڵەبجە بە هۆی نەخۆشی كۆچی دوایی كرد، جێگای بەهەشتبێت و گۆڕی پڕ نووربێت.
•سەرەتا پرسیارم لە دایكە (ئافتاو)ی خۆڕاگر كرد رۆڵی هاوسەرت لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و ئێوە ئافرەتانیش لەو سنوورەدا چیتان دەكرد؟ لەمباریەوە دایكە ئافتاو گوتی:
خانەوادەی هاوسەرم پێشمەرگەی نەمر مەحمود محەمەد ئەحمەد ناسراو بە كوێخا مەحمودی مایجان لە عەشیرەتی زەردۆی سەر بە هەڵەبجەیە و بازرگانێك و كەسایەتێكی دیار بووە، هاوسەرم خوالێخۆشبوو كوێخا مەحمودی مایجان لە ساڵی 1961 لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول چەكی كوردایەتی كردۆتە شان و بەردەوام بووە و بوویتە یەكێك لە پێشمەرگە سەرەتاییەكانی ئەو سنوورە و یەكەم چالاكی لە گەڵ هەڤاڵەكانی، گرتنی مەخفەری پۆلیس لە ناحیەی بیارەی هەورامان لە سنووری ئێران بوو و بەشداری چەندین داستانی تری كردووە.
لە بارەی بیرەوەرییەكانی باوكی و براكانی دەڵێت:
لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تەمەنم زۆر بچووك بوو و باوكم لە گەڵ هاوسەنگەرانی لە خەباتدا بوون و لە یادمە كە قوتابی سەرەتایی بووم و باوكی رەحمەتیم كوێخا مەحمود لە گەڵ چەند هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی لە سنووری هەڵەبجە بوون بۆ ئەوەی چالاكی بكەن و پڵان دابرێژن، خۆیان دەشاردەوە لە حكومەت لە ناو ئەشكەوتوو و باخەكاندا من ئەو كات كە دایكم خورادن و پێداویستیەكانی دەدایە دەستی من و پاشان ئەو خواردنە و پێداویستیەكان دەمبردە لای ئەوان و كاتێك باوكم دەگەڕایەوە وەك پاسەوانێك لە بەر دەرگا دا بووم و ئەگەر جاش و پۆلیس دەهاتن زوو باوكم و هاوسەنگەرانی ئاگادارم دەكردەوە چونكە وەك پاسەوانێك لە بەر دەرگادا بووم. باوكم زۆر دەردەسەری بینوە و هەتا لە یادمە جارێكیان چۆم بۆ سەردانی باوكم كە لە گوندەكەمان زۆر دوور دەرچووبوو و لە باخەكانی گوندی زەردەهاڵ سەر بە ناحیەی بیارە لە هەورامان، وابزانم نانی چەند رۆژێك نەیانخواردبوو و هەموو نانی رەق بوو كە لە بیرمە لە ناو ئاویان دەنا و ئەو نانە نەرم دەبوو و بە چایان دەخوارد و یان هیچ نەبوو، لە یادمە ئەو كات موچەی پێشمەرگە بە 6 مانگ جارێ هەبوو یان نەبوو، دوودینار بوو كە دەهات و باوكم وەری نەدەگرت و دەیگوت من وەزعی مادیم باشە بیدەن بە پێشمەرگە. باوكم زۆر قارەمان بوو و هەمیشە ئێمە فێرە پەروەردەی رێبازی بارزانی دەكرد كە دڵسۆزبین بۆ ئەو رێبازە بۆیە ئێمەش بەردەوام هەڵگری هەمان ڕێبازی باوكمان بوون و شانازییە كە 3 برای قارەمانم و برازای پێشمەرگەمان لە پێناو ڕێبازی بارزانیی نەمر شەهید بوون و دەتوانن سەردانی خەڵكی هەڵەبجە و سلێمانی و خانەقین و گەرمیان بپرسن كە براكانم شەهید موختار و شەهید مامۆستا جوامێری فەرماندە و كادیر رۆژانی شەخت و شەهید زولفەقاری فەرماندەی داستانەكان چ رۆڵێان هەبووە بۆ خزمەتكردن بە پارتی و بارزانی.
•دایكە (ئافتاو) لە بارەی هاوكاركردنیان بە پێشمەرگە و قارەمانیەتی 3 كوڕی شەهیدی گوتی:
یاد و بیرەوەرییەكانی هاوسەری تێكۆشەرم لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تەواو نابێت كە پێشمەرگەیەكی وەفادار و قارەمانییەتی چەندان داستانی كردووە لە هەڵەبجە و شوێنەكانی تر و ئێمەش بە هەمان شێوە بەردەوام بووین بۆ حەوانەوەی پێشمەرگە و كادیرەكانی لە گوندەكەمان دەڵەمەڕی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە كە ئەو كات زۆر سەخت بووە و هاوسەرم بەرپرسی بنكە بووە. ئەوەی كە پێشمەرگە بوو دڵسۆزی بوو.
رۆژانی خزمەتكردنی وەك ئافرەتی پێشمەرگە لە هەڵەبجە وئەو سنوورانەی كە هاوسەری پێشمەرگەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و قارەمانیەتی چەندەها داستانی كردووە و بەخۆیشی پاڵپشتی هاوسەر و منداڵەكانی پەروەردە كردووە.
خۆم هەمیشە وەكو پێشمەرگەیەك لە گەڵ هاوسەر و كوڕەكانم دا لە شاخ و ئاوارەییدا بووم و هەروەها لە شۆڕشی گوڵانیش بە هەمان شێوە گوندەكەمان لە شاخدا ماڵی حەوانەوەی پێشمەرگە و كادیرەكانی پارتی بووە و بەردەوام خزمەتی ئەوانی كردووە بە خواردن و پێداویستیەكان، كوڕی قارەمانم كە پێشمەرگە و كادیرێكی دڵسۆز بوو ئەویش موختار مەحمود هەڵەبجەیی لە شۆڕشی گوڵاندا لە سنووری ناوچەی هەورامان شەهید دەبێت و كوڕێكی ترم كە فەرماندە و كادیری لێهاتووی سنووری هەڵەبجە كە ئەویش مامۆستا جوامێر مەحمود هەڵەبجەیی لە گەڵ هاوسەنگەری ئیبراهیم هەڵەبجەیی لە راپەرینی ساڵی 1991 لە مەعسكەری خالیدی لە كەركوك شەهید دەبن و كە تەرمەكانیان هێشتا دیار نیە و كوڕێكی ترم فەرماندەی قارەمان و پاڵەوانی داستانەكان زولفەقار مەحمود هەڵەبجەیی بەرپرسی عەملیاتی فەرماندەیی سلێمانی لە گەڵ كوڕی جوامێر و پۆڵێكی پێشمەرگە لە 13-9-2008 لە خانەقین شەهید دەبن و شەهید زولفەقار زۆر خۆشەویست بووە لای جەنابی سەرۆك بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی و سەركردەی نەمر د.رۆژ نوری شاوەیس و سەركردەی نەمر نادر هەورامی و شەهیدی سەركردە فەرەیدوون جوانرۆیی، فەرماندە ئەنوەری حاجی عوسمان و فەرماندە حەمەی رەمەزان و ئەكرەم دێكۆنی و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی چونكە هەمیشە ئەرك و واجباتی خۆی بە دروستی دەكرد و پارتیەكی تەواو بوو و هەمیشە شەهید زولفەقار بە منی دەیگوت دایكە، پارتی و بارزانی سەرمەشقی ژیانی منن و دەبێ لە سەر رێبازی براكانم شەهید موختار و شەهید مامۆستا جوامێر و هاوسەنگەرانی بەردەوام بین و بە پێشمەرگایەتیەوە بەرگری لە كوردستان دەكەین . شەهید زولفەقار كەسێكی دیار و فەرماندەیەكی قارەمانی سنووری هەڵەبجە بوو كە ئەویش لە سەر فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی لە گەڵ كوڕ و چەندین پێشمەرگە چوویە خانەقین و شەهید دەبن.
•لە كۆتایی قسەكانیدا دایكە (ئافتاو) دایكی 3 شەهید و نەوەی شەهید گوتی:
ئەو كوڕ و نەوەكانیشم كە ماون ئامادەنە بۆ قوربانیدان لە پێناو رێبازی پارتی و بارزانی، تەمەنی جەنابی سەرۆك بارزانی درێژ بكات كە تەنها ئەو بۆ كوردایەتی خزمەت دەكات و هەموو میللەتی كورد دەبێ پاڵپشتی جەنابی سەرۆك بارزانی بین كە بۆ ئاشتی كوردستان خەبات دەكات و هەروەها سوپاسی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرێز كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە 2 قوتابی جەنابی سەرۆك بارزانییە بۆ خزمەتكردن بە كورد و نیشتمان.
بەسەركردنەوەی خانەوادەی شەهیدان ئەركە و ئەمڕۆ بە خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە بەدەستهاتووە. سوپاس بۆ عەقید شنروی شەریف هەڵەبجەیی بەرپرسی رۆشنبیری فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی كەسوكاری ئەو بنەماڵەیە شەهیدە كە توانیم بچمە حزوری دایكی 3شەهیدی قارەمانی پارتی لە هەڵەبجەی خۆڕاگر كە خاوەن مێژوویی پڕ سەرفرازینە
خەبات و تێكۆشانی 3 كوڕی شەهیدی دایكە ئاوتاو
شەهیدی فەرماندە مامۆستا جوامێر مەحمود محەمەد هەڵەبجەیی:
شەهید مامۆستا جوامێر مەحمود هەڵەبجەیی لە ساڵی 1960 لە بنەماڵەیەكی شۆڕشگێر و كوردپەروەر لە گوندی دەڵەمەڕ سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لە دایكبووە و لە تەمەنی لاویەتی هزری كوردایەتی دەچێتە ناخی دڵی و ساڵی 1980 پەیوەندی كردووە بە رێكخستنە نهێنیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنوورەكەی و ساڵی 1984 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەشداری لە شۆڕشی گوڵانی كردووە و خاوەن چەند چالاكی نەبەردانە بووە و چەندەها جار بە سەختی بریندار بووە و فەرماندەیەكی ئازا و كارگێڕی ناوچەی هەڵەبجە بووە و لە راپەڕینی ساڵی 1991 رۆڵی قارەمانەی هەبووە و رۆژی 28-3-1991 لە شەڕێكی دەستە و یەخە بۆ گرتنی سەربازگەی خالید لە كەركووك لە گەڵ پۆڵێكی پێشمەرگەی قارەمان شەهید دەبن و تا ئێستا تەرمی پیرۆزیان نادیارە، هەموو ئاواتی خزمەتكردن بە ڕێبازی بارزانیی نەمر و پارتی بوو.
خەبات و تێكۆشانی 3 برای شەهیدی قارەمانی هەڵەبجە
شەهیدی فەرماندە زولفەقار مەحمود هەڵەبجەیی :
شەهیدی قارەمان زولفەقار مەحمود هەڵەبجەیی ساڵی 1963 لە گوندی دەڵەمەڕ سەر بە هەڵەبجە لە بنەماڵەیەكی شۆڕشگێر و كوردپەروەر لە دایكبووە و لە تەمەنی لاویەتی پەیوەندی بە رێكخستنەكانی پارتی لە سنووری هەڵەبجە كردووە، ساڵی 1978 پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەكانی پارتی لە سنووری ئەحمەدئاوا كردوە و پێشمەرگەیەكی ئازا و قارەمان و رۆڵی لە داستانەكان هەبووە و چەندین جاریش بریندار بووە و لە راپەڕینیش رۆڵی دیار بووە و چەندین ئەركی بەرپرسیاریەتی هەبووە و دوا پلەی عەقید بووە بەرپرسی عەملیاتی فەرماندەیی سلێكانی و بە فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی بە ئەركێكی سەربازی چۆتە سنووری خانەقین لە بەرواری 13-9-2008 بە دەستی تیرۆریستان لە گەڵ كوڕەكەی جوامێر زولفەقار و پۆڵێكی پێشمەرگە شەهید دەبن.
شەهید موختار مەحمود هەڵەبجەیی:
ساڵی 1956 لە گوندی دەڵەمەڕ سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لە بنەماڵەیەكی شۆڕشگێر لە دایكبووە و ساڵی 1982 پەیوەندی بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری ئەحمەدئاوا كردووە و كادیرێكی دیاری سنوورەكە و هەمان كاتیش دەبێتە پێشمەرگەیەكی چالاك لە شۆڕشی گوڵاندا و ساڵی 1983 شەهید دەبێت.










