خەبات: عەلی بانیشاری
ئەو بەفر و بارانەی لە كۆتایی مانگی یەك و سەرەتای مانگی دوو باری، بەشێك لە سەرچاوەكانی ئاوی لە هەرێمی كوردستان بوژاندنەوە و ئەو كانی و كارێز و رووبارانەشی كە مەترسی وشكبوونیان لەسەر بوو، تاڕادەیەكی باش داهاتی ئاویان زیادیكرد. بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان دەڵێت: بارینی بەفر و باران لە هەفتەی ڕابردوو سوودێكی زۆری هەبوو، بەڵام هێشتا بڕی بارانبارین نەگەیشتووەتە دۆخی ئاسایی. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەدووری دەزانێت مەترسییەكی زۆر لەسەر ((وشكەساڵی كشتوكاڵی)) هەبێت.
دكتۆر كاروان سەباح، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: بارانبارینی هەفتەی ڕابردوو، چونكە بەفریشی لەگەڵ بوو، بۆ ئاوی ژێرزەویی زۆر گرنگ بوو، ئەو جۆرە لە بارانی نەرم، سوودێكی زۆری بۆ زەویی و سەرچاوەكانی ئاو هەبوو، بەگشتیی سەرچاوەكانی ئاو زیادبوونێكی بەرچاویان تۆماركرد. گوتیشی: ئەگەرچی شەپۆلەكە سوودێكی زۆری هەبوو، بەڵام هێشتا بڕی بارانبارین نەگەیشتووەتە دۆخی ئاسایی.
ئاماژەی بەوەشدا، ساڵی ڕابردوو، ساڵێكی زۆر وشك بوو، یەكێكە بوو ساڵە وشكەكان لە مێژوودا، بەشێوەیەك داهاتی ئاو زۆر كەمبوو. زیاتر گوتی: تا پێش شەپۆلی بارانبارینی هەفتەی ڕابردوو، لە زۆر شوێن زیاتر لە ساڵی ڕابردوو بارانباریبووە، لە هەندێك شوێنیش بڕی بارانبارین بەهەمان شێوەی ساڵی ڕابردوو بوو.
بەپێی داتاكانی كەشناسی تاوەكو 3ی شوباتی 2023، بڕی بارانبارین لە سەنتەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە بوو: (هەولێر: 120 ملم. سلێمانی: 301.5 ملم. دهۆك: 239.8 ملم. كەركوك: 144.6 ملم. هەڵەبجە: 228.3 ملم). هەر بەپێی داتاكان، ساڵی رابردوو تا هەمان بەروار، بڕی بارانبارین لە سەنتەری پارێزگاكان بەم شێوەیە بووە: (هەولێر: 98.5 ملم. سلێمانی: 264 ملم. دهۆك: 201.4 ملم. كەركوك: 130.8 ملم. هەڵەبجە: 293 ملم).
د.كاروان سەباح ئەوەشی گوت: تا پێش شەپۆلی بارانبارینی هەفتەی ڕابردوو، كەمی بارانبارین كاریگەری لەسەر تەواوی هەرێمی كوردستان هەبوو، بەڵام زیاتر كاریگەریەكەی لەسەر رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان بوو بە تایبەت پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە. سەبارەت بە زیادبوونی داهاتی ئاوی رووباری سیروان؟ ناوبراو گوتی: لە ئێستادا داهاتی ئاوی سیروان زیادیكردووە، بەڵام بەو شێوەیە نییە.
لەبارەی ئەگەری وشكەساڵی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت: هێشتا زووە بڕیار لەسەر وشكەساڵی هایدرۆلۆجی (وشكەساڵی ئاوی) بدەین، ئەوەشی پێی دەگوترێت ((وشكەساڵی كشتوكاڵی)) هەست ناكەم مەترسییەكی زۆری لەسەر بێت، چونكە لە ماوەكانی ڕابردوودا بڕێكی باش بارانباری، بەتایبەت بۆ گەنم و جۆ.
بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی شەو و ڕۆژێكی هەفتەی ڕابردوودا، هەردوو بەنداوی (دوكان و دەربەندیخان) 24 ملیۆن مەتر سێجا داهاتی ئاویان هەبووە و بەشێك لە بەنداوە بچووكەكانیش سەرڕێژیان كردووە و ئاستی ئاوی بەنداوەكانی (دێوانە، خنس، چەمرگە، توڕەجاڕ) بەڕادەیەكی باش زیادیانكردووە.