فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا*
دادگای بەناو فیدراڵی عێراق كە دادگایەكی شكڵی دیكتاتۆری شیعییە كۆمەڵێك بازرگانی سیاسی خۆفرۆشی ئیقلیمی لە ژێر كاریگەریی مەزهەبی ئایینی و شۆڤێنی (هزری نەتەوەیی عەرەبی) بەرێوەی دەبەن بۆ بەرژەوەندیی ئەجندای دەرەكی، دەكرێ بڵێین هەموو شتێكن تەنها دادگا نین، باشتر وایە وەك یەكێك لە دامودەزگاكانی حوكمرانی حزبی ناو بنرێت، بۆ نموونە دادگای حەشدی شەعبی یان حەشدی شیعی یان هزری داعشی یان عەسائیبی ئەهلی حەق یان قیادەی جەیشی شەعبی “صدامی” موخابەرات و ئیستخباراتی عێراقی كۆن، ئەمن و ئەمن خاسەی رژێمی دیكتاتۆری. ئەم بابەتە لە مێژووی عێراق بابەتێكی نوێ نییە، عێراق هەركاتێك كودەتایەك تێیدا روویدابێ دادگاكان هەمووی لە سەرەوە بۆ خوارەوە گۆراون، زۆركاتیش دادگای سەربازی دانراوە بۆ لەناو بردنی كەسانێكی ئۆپۆزسیون و بیروڕا جیاواز، نموونەشمان زۆرن. لەسەر ئەو بابەتە من لێرە نامەوێت بچمە ناو مێژووی دادگاكانی عێراق، بەڵام دەمەوێت بڵێم نابێ لامان سەیربێ كە دادگایەك ئەمرۆ لە عێراق هەیە دادگایەكی ناعادلانەیە، عەرەبییە مەزهەبییە، هەندێ كات سونەیە و هەندێ كات شیعەیە، ئەمە واقعی مێژووی عێراقی زۆرەملێیە، ئەو عێراقە نوێیەی كە لە سەد ساڵی رابردوودا بۆ بەرژەوەندیی زلهێزەكان پێكهێنراوە و دروستكراوە، عێراقێكی دژە یەكتری، مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەییە، بەقەدەر تەمەنی لە دایكبوونە ناتەندروست و سەقەتەكەی گرفت و كێشەی هەیە، دەیان دروشم و ناونیشانی بریقەدار و درۆ و دەلەسە گوتراوە و دروستكراوە لە نێوان پێكهاتەكانی بەناوی (برایەتی و تەبایی و ئازادی و ئاینی و هاونیشتمانی و شەڕەكان و پێكەوەژیان) كەچی هەمووی دروشمی بریقەدار و درۆ و دەلەسەن، بۆ نموونە باسی یەكسانیی ئایینی و رێزگرتن لە ئایینەكانی تر دەكرێ، كەچی برایانی ئێزدی لە نێوان كەمتر لە (100) ساڵ لە سییەكانی سەدەی رابردووەوە تا ساڵی (2014) دووجار تووشی كۆمەڵكوژی و زیندەبەچاڵکردنی بە كۆمەڵ بوونە و جیهانیش ئەو كردەوانەی بە جینوساید ناساندووە. لە نێوان ئەو سەد ساڵەی دەوڵەتی ناعێراقی ئێزدییەكان دەیان جاری تر زوڵم و زۆردارییان لێكراوە، زۆربەی زۆری خاكەكەشیان داگیركراوە (تەعریب كراوە) و، برا ئاشورییەكان (مەسیحییەكان بە گشتی) لە سەرتاسەری عێراق لە زێدی باب و باپیرانیان دەركراون و ئاوارەی شوێنی تر بوونە، یان بە یەكجاری عێراقی ناعێراقیان بە جێهێشتووە. ئەوە لە لایەنی ئایینی ئێزدییەكان و مەسیحییەكان، لە لایەنی نەتەوەییش كورد بە گشتی لە حەمرینەوە تا سنوورەكانی هەر سێ پارچەكەی تری كوردستانی توركیا و ئێران و سوریا هیچ شوێنێكی بێبەش نەبووە لە كوشتن و بڕین و سوتاندنی جەستە و دەرونی مرۆڤەكان و خاك و وڵ،ات ئاو و ئاوەدانی هەر هەموو بەر شاڵاوی ئەو دوژمندارییە كەوتووە، ئەوەی سەیرە لە هەموو قۆناغەكانیش دادگای هەبووە! گوتراوە كێشەكان لە دادگا یەكلایی دەكەینەوە و، لە هەموو قۆناغەكان شتێك هەبووە نەگۆر بووە لە عەقڵییەتی كاربەدەستانی عێراقی ناعێراقی، ئەویش دژایەتیی كورد بووە وەك نەتەوە و قبووڵنەكردنی هیچ ئایینێکی دیکە لە عێراق، كەچی ئیسلامییش نەبوونە هەر بە ناو ئیسلامن، بۆیە هەردەم بەرەنگاربوونەوەش هەبووە و، جارجاریش راست بێت یان درۆ هەندێ لە عەرەبەكان هەڵوێستیان نواندووە هەر جارێك بە جۆرێك، بۆیە زۆرجار دەگووترێ فڵانە شێخ لە فڵانە عەشیرەت، لە فڵانە كات هەڵوێستی هەبووە یان فڵانە بیرمەندی عەرەبی وایگووت، بەڵام ئەمە نابێت بە ژمارەیەكی بەرچاو و كاریگەر، بەڵكو دەكرێ بگووترێ (حاڵەتن) و كاتی بوونە.
جا لەم روانگەوە دەمەوێت چیرۆكی پۆلیسێكی بازگەی حەمرین لە سەرەتای شۆرشی ئەیلول لە ساڵانی شەستەكان بە نموونە بێنمەوە و بڵێم دەبێ ئەوەی ئەو پۆلیسە كردبووی ئەوكات و ئەوەی ئێستا ئەوانەی بەناو دادگای فیدراڵ دەیكەن لەهەمان بیروبۆچوونەوە سەرچاوە هەلنەقوڵابن؟! دەگووترێ لە سەرەتای شۆرشی ئەیلول لە هەولێر دەنگۆیەك بڵواو ببوەوە و دەگووترا لە بازگەی حەمرین پۆلیسێك هەیە تەماشای ناو سەیارەكان دەكات و بەبێ پرسیاركردن لە زمان و ئایین و لە نەتەوە هەرچی جلی كوردی لەبەربێ دایدەبەزێنێ و تێر شەقی دەكا و ئینجا رێگای دەدات و دەڵێ فەرموو برۆ بۆ سەفەرەكەت بۆ بەغدا، دیارە خەڵك لە ترسان جلیان گۆریوە و كراس و پانتۆڵیان لەبەركردووە تا رۆژێك یەكێك تورە دەبێ و دەڵێ من جلی كوردی لەبەر دەكەم و سەفەریش دەكەم، دەبێ ئەو نهێنییە ئاشكرا بكەم کە بۆچی لەو كوردە نادات كە جلی دەگۆرێ؟ بۆچی پرسیاری زمان و نەتەوە ناكات، بەڵام ئیهانەی جلی كوردی دەكات! دیارە وادەكات و كە دەگاتە بازگەكە ئەو پۆلیسە ئەو پیاوە كوردە هەولێرییە دادەبەزێنێ، پیاوەكە توند دەستی دەگرێ دەڵێ غەڵەت نەكەی یەك شەقم لێ بدەیت یان دەتكوژم یان دەمكوژی، من كە لە هەولێرەوە هاتم دەمزانی تۆ ئەو مەبەستەت هەیە جلی كوردی قبووڵ نیە لە لات، دەمتوانی جل بگۆرم، بەڵام بە هەردوو حاڵەت هەر كوردم، شانازی بەو جلەم دەكەم، تۆ بۆچی دژی كوردی و ئەو رەفتارە دەكەی؟ پێم بڵێ چ كێشەیەكت هەیە لەگەڵ ئەو جلكەم؟ دیارە پۆلیسە عەرەبەكەی بازگە دەڵێت كاكە ئەوە تۆ یەكەم كەسی پرسیارم لێدەكەی ئەوانەی پێشی تۆ كێشەی خۆیان حەل كرد و سەفەری خۆیان كرد یان بە جل گۆرین یان بە شەق تێهەڵدان، كەس پرسیاری نەكرد، رازی بوون بەو قەرارەی من و ئەوە یەكەمجارە رووبەرووی پیاوێكی وەك تۆ دەبمەوە كە لە راستییەكان دەگەرێ,و، دەڵێت كاكە بۆیە وادەكەم و ئیهانەتان دەكەم تا بچن بۆخۆتان ببن بە پێشمەرگە و من خزمەتی شۆرشەكەتان دەكەم، من معارەزە بۆ حكومەت دروست دەكەم،و دەمەوێت ئێوە ببن بە دژی حكومەتی عێراق، دەمەوێت ئێوە بەقوەت بن لەناو شاخەكانتان! ئەو بابەتە گەر راست بێت لەناو دڵی ئەو پۆلیسە یان راست نەبێ تەنها بۆ پەردەپۆشینی رق و كینەی خۆی بێت، بەڵام بابەتێكی راستە، زۆر بەداخەوە دەڵێمەوە زۆرجار بە قسەی خۆشی نەیارانمان هەڵخەڵەتاوین، دەبێ بزانین ئەوانە دۆست نین و براش نین، تەنها كاتی تەنگانە دەمانناسن. دەبێ بابەتەكە وەك خۆی بخوێنینەوە و دەبێ بپرسین ئەو بریارەی دادگای فیدراڵی عێراقی جیاوازی چیە لەگەڵ شەقی پۆلیسەكەی بازگەی حەمرین، دەبێ ئەو حاكمانە كوری ئەو پۆلیسە نەبن؟ كورد دەبێ ئەوە بزانێ ئاشتی و ئارامی لەگەل عێراق خۆ خەڵەتاندنە و ژیان دۆزەخە لەگەڵ عێراق، بەڵام راستە خۆگونجاندن و دیپلۆماسییەت پێویستیی ژیانە، بەس ناكرێ لەسەر حسابی میللەت بێت و هێڵی سوور ببەزێنیت، دەبێ كورد لەو بریارەی دادگا تێبگات، كورد هەر كوردە، عەرەبیش عەرەبە و عێراقیش موڵك نییە بۆ كورد، گەر عەقڵی دادوەرەكان وەك عەقڵی پۆلیسەكەیە و دەیانەوێت پێمان بڵێن هۆشیار ببنەوە، بە دادوەرەكانی بەناو دادگای فیدراڵ دەڵێین سوپاس، گەر حقد و كینە و بەكرێگیراوی بێگانەشن، دەڵێین ئێمەش بەو قەدەرە رازی نین كە لەگەڵ ئێوەین، ئێمەش ئێوەمان ناوێت و بە خۆشمان دەڵێین دەبا بەس بێت ریشمان لەبەر دەستی ئەو هەموو زاڵمانە بێت، دەبا ماڵی كورد خاوێن و گەورە و رێكوپێكتر بێت، با بریار بدەین خۆمان گەورەی خۆمان بین، بە بریاری دادگای نافیدراڵ رازی نەبین، ماڵی خۆمان رێك بخەین، بریاری بەناو دادگای فیدراڵ لەناو زبڵدانی مێژوو بكەین، با بزانین بۆچی (2) حاكمی كورد لەو دادگایەن؟! بۆ ئەوەیە لەگەڵ عەرەب شەرعییەت بدەن بەو زوڵم و زۆردارییە؟ بە ناوی خۆمان خۆمان بچەوسێنینەوە، دەبا بپرسین ئەو دوو حاكمە چییان پێدەكرێ، چی دەكەن بۆ كورد، بۆ ناگەرێنەوە؟ گەر هیچیان پێ ناكرێت بە حەقیقەت تەنها بۆ مووچە و بۆ ناو و پلە و پۆستە حەق وایە قبووڵ نەكرێت، بۆ دوو پۆست حەق نییە مێژووی خۆمان ناشرین بكەین، دەبا بریار بدەین ئەو مەحكەمە دژی كوردە و شەرمیشە كوردی تێدا بێت، زوڵم قبووڵ نەكەین وەك جاشایەتیش قبووڵ نەكەین، ئەو شەڕەی لەبەر دەرگامانە ئەوڕۆش نەیكەین ڕۆژێك دادێ هەر دەبێ بیكەین.

*ماموستای زانكۆی صلاح الدین/ كولیژی ئاداب.