پەری عومەرئەسعەد:
گوڵاڵە عوسمان براوەی زۆر خەڵاتی ئەدەبی و فیستڤاڵی “گەلاوێژە” ،کچە شاعیرو چیڕۆکنووسێکی نێو ئەدەبی هاوچەرخی کوردییە، دەریایێکە لەوشە و وێنە و خەیاڵ ، زمان لەمدا شەپۆڵدەدا بەرەو کەنارەکانی نووسین و هۆنینەوە، کچێک بەحەماسەتی شێرکۆیانە و نەفەس درێژی لەنووسین و پەرتبوونی وشەکان لە نێو نەخشی قاڵیی داڕشتن و ئەزموونی ئەدۆنیسی عەرەبی و رووانین لەبڵندی بڵندییەوە بۆ هەموو هونەرەکانی نووسین، دیاردەیەک لەمرۆڤایەتی و پیرۆزی لەعەشقی شیرازی و سەماکردنی لە دێڕەکانی شاعیر نیمای باوکی شیعری فارسی نوێ و نقوومبوێک لە بەحری مەعریفە و شیعری “مەحوی کوردی” دەمانخاتە بەردەم دەقە زیندوو و ناسک و تەڕەکانی و لەدنیای جەنجاڵی و سەردەمی تەکنۆلۆژی هیلاککەر دوورمان دەخاتەوە و شەکربارانی تاڵاوگەی ژیانمان دەکات..
سایکولۆژیەتی خۆکوشتن:
بەشێوەی زانستی و سایکۆلوژیی خۆکوژی یان خۆ کوشتن ئەم ناساندنە لەخۆی دەگرێت، بەگوێرەی دوو لە بیردۆزەکان: بریتییە لەو کردەیەی کەسێک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەھێنێت و بەمەبەست دەبێتە ھۆی مەرگی خۆی.
خۆکوشتن زۆرجار لە دوای ھیوابڕان ڕوودەدات؛ حاڵەتێک کە زۆرجار لەگەڵ نەخۆشی دەروونی، خەمۆکی، خواردنەوەی ئەلکحوول و ھتد… ھاوکاتە. لە سەدەی ١٩ دوو بیردۆز سەبارەت بە خۆکوشتن ھاتنە ئاراوە. دامەزرێنەری دەروونناسی( ژان دومینینک ئیسکیرۆل) لەبارەی خۆکوشتنەوە دەڵێت: «ئەم دیاردەیە لە ئەنجامی گۆشەگیری، دورکەوتنەوە لە کۆمەڵگە و نەخۆشی دەروونی ڕوودەدات»، لەکاتێکدا دامەزرێنەری بیردۆزی کۆمەڵناسی( ئیمیل دورکایم) لەبارەی ھۆکاری خۆکوشتنەوە دەڵێت: کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بوونی سیستەمی چینایەتی ھۆکاری سەرەکیی خۆکوشتنن. بەڵام ئەم خۆکوشتنە رەهایە و بێ باکانەیەی لای شاعیر باسی لێوەدەکرێت بریتییە لە نەزەریەی خۆکوشتن لەعەشقدا!
رەوانبێژی:
مامۆستای نەمر (عەزیزگەردی) لە کتێبەکەی خۆیدا لەبارەی رەوانبێژی یاخوود روونبێژی دەڵێت: (بەرلەوەی هەست دەرببڕێ و بکەوێتە سەر کاغەزەوە، لە دڵ و دەروونی مەردووما کڕ کەوتووە! یان لەمێشکیا لوول دەخوا) دواتر دەشڵێت:( روونبێژی هەموو ئەو شتانەدەگرێتەوە کە پەردە لە رووی گوزارە لادەبەن و دەیخەنە بەرچاوەوە) بە پشت بەستن بەم قسانەی مامۆستای نەمر دەچینە نێو دەقە جوانەکەی گوڵاڵە عوسمان و سۆزپـڕژێنی دڵمان دەکەین..
ناونیشان:
لە لێکۆلینەوە و بەدوا داچوونی دەقی شیعریی و ناو نیشانەکانی تێکستەکانی دیکە باسمان لە گرنگی ناونیشان لەشیعر و پەخشان و هەر ژانرێکی دیکەی ئەدەبی کردووە، پەنا بەخوا لەکارێکی تایبەت زیاتر فۆکس دەخەینە سەر مەسەلەی ناو نیشان و خاسیەتەکانی بە شێوەیەک تایبەت و خستنە رووی چەند ناونیشانێکی نموونەییش، بەڵام لێرەدا ئەوەی پێویستە بیڵێین ئەوەیە: کە ناونیشانی دەقی ئەمجارەمان بریتییە لە(دێم و لەتۆدا خۆم دەکوژم)ی خانم گوڵاڵە عوسمان، کە هەڵگری مەعریفەیەکی قووڵی رامانە لەعەشق چ ئاسمانی بێ یان زەمینی!
شاعیر بەزمانێکی ئەدەبی باڵا و هەستێکی سۆزداری لەنێوان عەشق و بێ باکیدا دەمانخاتە نێو دەریای دەقەکەیەوە و هەر لەسەرەتای دێڕەوە هەڵچوونە دەروونیەکەی ناشارێتەوە زۆر ژنانە و بەریئانە” بەرد ” دەکاتە رەمز، دواتر وێنەیەکی لێکچواندن بێ ئەوەی هیچ ئامرازێکی لێکچواندن بەکاربهێنێت دەخاتە روو، وەک بڵێی لێکچواندنەکە مەعنەویی بێت! چۆن حاجیانی ماڵی خوا بەرد دەگرنە شەیتان و رەجمی دەکەن ئەمیش یاری لێ بۆتە شەیتان پاش ئەوەی کە بەسەریهێناوە لە چاوەڕوانی و رەنجەڕۆیی ..ئیدی دواجار تێگەییووە کە کەسێکی ناکامڵ و بەد بووە، ئەسڵەن خاوەنی کەسایەتیەکی منداڵانە و کاڵفام بووە..وەک دەڵێت :
دێم و بەردی ئەو هەموو چاوەڕوانیە دەكێشم بەڕۆحی پێنەگەیشتوتدا .
دواتر بەدووپاتکردنەوەی وشەی “دێم” کە بەمانای جەختکردنەوە هاتووە ، پاشان لەنێو کۆمەڵێک دێڕسازی فانتازی و خەیاڵیدا تابلۆیەکی نەخشاندووە لەو موعانات و دەردە دڵەی دەیانکات، زمان و فۆرمی نووسینی گوڵاڵەی شاعیر لێرە تەواو خۆییمان نیشان دەدات کە هەڵگری باکگراوندێکی دەوڵەمەندە لە ئەزموون و خوێندنەوە، چونکە لەباری بەکارهێنانی (تەرمی شادی) خوێنەر بە برینەکانی خۆی ئاشنا دەکات ، بەم خوازەیە دێڕەکەی ئەفراندووە، لەبنەڕەتدا شادی شتێکی مەعنەوییە ناکرێت ببێتە کەسێک و بمرێت و پێی بگوترێت : تەرمی شادی بەڵکوو ئەم هاتووە بەم باسە قوڵبوونەوە دەداتە بابەتە شیعرییەکەی.. ئەوە نیە بەر لەوەش باسی کۆکردنەوەی سێبەری خەیاڵەکانی دەکات کە ئەمەش جوانییەکی دیکەی داوەتە دەقەکە و وێنای دڵدارییەکی راستەقینەی بەعززەتمان بۆ دەکات! کە تەنیا ئەو چرۆ و خونچەی ژیانی لەنێو دەستەکانی دابووە لایەنی دووەم کەسێکی نارەسەن و ناشایستە بووە بەم خۆشەویستییە، شاعیرمان لە دووباتکردنەوەی وشەی “دێم” جارێکیتر بیرمان دەخاتەوە لە رەوانبێژی دیاردەی دووباتکردنەوەی وشە (التكرار) بەخۆڕایی نیە و هەڵبەتە ئەرکێکی هەیە لەجوانکردن و رازاندنەوەی دەقدا، لەکاتێکدا ئەم دەقە لەبنەڕەتدا بەزمانی ئەدەبی باڵا بنیادنرابێت، سەیری ئەم وێنەیە بکە کاتێک نمایشی ئەو مەشهەدە دەگوازێتەوە بە لێکردنەوەی وێنەی هەڵواسراو بە یادگای دڵدارێکی بێ وەفا، پاشان خۆیشی لەنێو ئەودا بکوژێت! ئەم کۆدی “خۆکوشتنە” کۆتایی هێنانە بە دووبارە بوونەوەی جارێکیتری عاشق بوون، چونکە ئەو لەپێناو خۆشەویستییە راستەقینەکەی خۆی کەهەیەتی بۆ کەسێکی ناشایان دێت ئەگەرچی یار ناقابیلیشە بەڵام لەودا کۆتایی بەخۆی دێنێت، هەڵبەتە کۆتایی هێنانەکەش “مەجازە” بەڵام هەڵگری پەیامێکی تۆکمە و راستبێژییە! دەیەوێت بڵێت دوای عەشقی تۆ عاشق نابمەوە جارێکی دیکە ! ئەوەتا دەڵێت:
دێم و سێبەری ئەو خەیاڵانەم كۆ دەكەمەوە كە ڕۆژانێك گاڵتەت پێدەكردن .
دێم و تەرمی ئەو شادیانەم دەبەمەوە
كە تەنیا لەمندا چرۆیان دەكرد .
دێم و بەدیواری یادەوەرییەكانتەوە وێنەكەم لێدەكەمەوە .
ئەوسا لە تۆدا خۆم دەكوژم
شاعیر لێزانە بە شێوەکانی رستەسازیی و دێت بەزمانێکی ئەدەبی رەوانتر و پەیامێکی دوو جەمسەر ئاسا ، جەمسەرێک سەرزەنشتییەو ئەویدیش سۆزدارییەکی حەقیقی و پەروانە ئاسا، دەیەوێت هەر لەدەوری شەمع و چرا بسووتێت و ببێتە خۆڵەمێش، بۆیە لەسیاقی دەقەکەی دەمێنێتەوە ئەو بەو عاشق بوونە بۆتە دیل و ئازادی لەخۆی داماڵیوە و وەختێک هاتۆتەوە ئاگا کە ئیتر زۆر بەجێماوە، ئەڵبەتە ئەمەش لەسایەی سەری بەتاڵی یارەوە روویداوە! بەدووپاتکردنەوەی وشەی “بۆ تۆ” لەهەموو دێڕەکانی ئەم بەشە مشتوماڵی شیعرەکەی پێکردووە و جەختیش لەبەئاگا هێنانەوەی (ئەو) دەکات، ئینجا بەدیار عەشقە بێ ئەنجامەکەشی تەمەنی رۆیشتووە و لە ئاوێنەی خەیاڵی رووانیوە خۆی دەبینێت لەپیری نزیکترە و هەموو رۆژەکانی لاوێتی بۆتە قوربانی چاوەڕوانی و نەهاتنی یار. کەسی عاشق وەک رێبوارێکی بێلانە و بێ هەوارە بۆیە لێرە وێنەیەکی جوانی لێکچواندنمان بۆ دەخاتە روو بە بەکارهێنانی ئامرازی “وەک” و هەروەها خۆی وەک لێچوو وشەی “گەدا” یش وەک لەوچوو کە خۆی بەگەدا شوبهاندووە بۆ ئەوەی پەیامی بێ حاڵی و بێ کەسی خۆی بگەیەنێتە گوێگر، ئینجا بەردەوام دەبێت وشەکانی دەبنە مووری گازاندە و بەملوانکەی توڕەیی دەهۆنێتەوە، وەک رێنوێنیکەر کۆمەڵێک واتا و تەفسیر دەخاتە زاکیرەی خوێنەر و لە نێو چەند دیاردە و هونەری رەوانبێژییانەی باسمانکرد بەردەوامە. ئەمجارە لە هونەری “خواستن”دا وشەی “قوفڵ” بەکاردێنێ کە رەمزی کۆتایی هێنان و داخستنە، دەیهێنێت لەو سۆنگەیەوە دەڵێت ژیانە لای منی دڵبەری رەنجەرۆ لەرقی تۆی دڵداری بێ وەفا بەکۆتا هات و خۆم خۆمم کڵۆمدا بەرووی دونیادا، ئینجا کە ئەم هەموو شتە بکات بۆ ئەم بۆچی نەیەت بەڵکوو هەر لەئەویشدا مەرگی خۆی رابگەیەنێت .. وەک دەڵێت: بۆ تۆ لە ئازاد بوونم دواكەوتم .
بۆ تۆ خۆم ئەدا لە قەدی پیری .
بۆ تۆ گەدایانە لە ژیانم دەڕوانی .
هەر بۆ تۆ بە قوفڵی خۆشویستن خۆمم داخست .
ئیدی بۆ لە تۆ دا مەرگی خۆم ڕانە گەیەنم؟
دواتر (مامۆستا گوڵاڵە) لەم فۆرمی نووسینە بەردەوام دەبێت و بە چەند چپەیەکی بێ باکانە و عاشقانەتر لەوانەی پێشوو پەیامێک دەخاتە بەرگوێی خوێنەر و لەنێوان بوون و نەبوونی یار ئەو بەلاغی کۆتایی خۆی رادەگەیەنێت و ژینی لەنێو چەند دیمەنێکی شانۆیی بەرجەستە دەکات و زۆر لێزانانە گەمە بەوشەکان دەکات، بە دووپاتکردنەوەی هەرچی ئامرازی نەرێیە جەخت لەسەر عەقیدەی خۆی دەکاتەوە بۆ ئەو عەشقەی بێ هودە ڕۆژەکانی تەمەنی ئەوی بردووە! چونکە ئەو وەک یاسای ماتماتیکی رێژەی نەگۆڕە و هەروەک خۆی ماوە، بەڵام یار خۆی لێ گۆڕاوە و سەرتاپای مەحوە لەو عەشقەی “دلبەر” کە رۆژانێک هەر ئەو سەروەربووە، ئەوەتا چەندە جوان و سەرڕاستانە و بەچەندەمین جاری دووپاتبوونەوەی رستەی “لەتۆدا خۆم دەکوژم” کە ئەمە لە ڕووی سایکولوژیەتی نووسەر پێمان دەڵێت چ عەشقێک و هەڵچوونێک لەپاڵ ئەم دەقە تژی لە رەوانبێژییە دایە.. بەتایبەت کە نووسەرەکەی کچێکی جوانی نێو کوردەواری هەرێمەکەمانە و زۆر بەشکۆوە هەندێک پەرژینی نووسینی بە هێواشی بەوشەکانی قرتاندووە و ئازاری ژنی لە چوارچێوە و سیاقی دەقەکەدا جێکردۆتەوە بەشێوەیەک دەشێت ئەم ئازارە هی ژنێکی هاوسەر مردوو بێت یان کچێکی دەستگیران رۆیشتووی هەندەران بێت! یان …یان ، کە نووسەر پشت بەستوو بوو بەو خۆراکە هزرییە زۆرەی پاشەکەوتی کردووە لە ئەندێشەی کە بریتییە لەخوێندنەوەی زۆر، هەمیشە ئاوا دەقێک دەخولقێنێت هەموو وێنەکانی رەوانبێژی تێیدا جێی ببێتەوە، گوڵاڵەخان بەرلەوەی شاعیر بێت لەرێگەی رستەسازی و کوردییە پەتییەکەیەوە پێمان دەڵێت من غەواسێکی باشی نێو بەحری خوێندنەوەم و پۆل پۆل وشەی مرواری رەسەنم لە زاکیرەم ریزکردووە و رەفەکانی یادەوەریم چەشنی نووسینەکانم پڕن لەپیاسەی سەوز و هەناسەی تەڕ و گۆشەنیگای ناوازە..بەم بێباکیەی لەنووسین پەرەگرافی زیندوومان پێشکەش دەکات وەک دەڵێت:
لەوێ بی یان …….. نا
گۆڕابی یان ……………نا
باکت بێ یان ………….نا
لە تۆدا هە بم یان …………..نا
دێم و هەر لە تۆدا خۆم كوژم
ئەمجارەیان خوێنەر تێکەڵ خەیاڵە فراوانەکەی خۆی دەکات زمان و دیدەی وشەکانی رادەسپێرێت بۆ رۆڵ بینینی ئەو ئەگەرانەی سەفی کردوون! دووبارە بوونەوەی وشەی “ئەگەر” وەک ماکیاژ بەکارهێناوە! لەهەر رستەیەک جێگەی خۆی بەتەواوی گرتووە نەک سواو و تێپەڕاندنی کاتی خوێنەر! چونکە وشەکانی( عشق، باڵق ، خاڵی بوون، هەناسە، روح ،ماندوو، خۆم، تۆ، ناشتن) ئەم چەمکانە هەڵگری مانایێکی واتاداری بێ لاسایین ، هاتووە لەقالبی شیعر هونەری روح لەبەری و وزەی وروژاندنی موشتاقی و پەرۆشی تێدا نوواندوون، کەشفکردنی ناواخنی ئەم وشانە دەمانگەیەنێتە نهێنی مەزن لە مەسەلەی خۆکوشتن لە نێو جەستە و روح و بوونی رەگەزی بەرانبەردا هەروەک دەڵێ:
ئەگەر تا دێم عیشقت باڵق بوبێ .!
ئەگەر تادێم دڵی پڕت خاڵی بووبی .!
ئەگەر تادێم هەناسەیەكیشت نەدابێ .!
ئەگەر تا دێم ڕۆحت ماندووتر بووبێ .!
هەر لە ناو تۆدا خۆم دەنێژم .
دواتر خانمی خەیاڵ فراوانمان لە نێو خەیاڵگە جوانەکەیدا پێڵوو دادەداتەوە و کۆمەڵێک خەیاڵ دەیبەن و بە ئامرازی وشە و هۆنینەوەی ژنانەی خۆی باس لەو کاتە دەکات کە ئەگەر یاخود گریمان بۆ خەمی من جگەرەیشت داگیرساندبێ …دیارە زۆربەی جارەکان بیانووی ئەوانەی جگەرە دەکێشن بریتییە لە هەبوونی خەمێک! ئینجا شاعیر لەگریمانەی خۆی ئەو پاساوە بۆ یارە بێ وەفاکەی دێنێتەوە کە ئەگەر جگەرە کێشانکەی بۆ ئەمیش بووبێت، تازە هیچ شت چاک نابێتەوە و ناگەرێتەوە، يان کە دەڵێت: لەهیچ کوێیەکیش ئارامیت نەهاتبێت و دەرگایشت بۆ من بە واڵایی جێ هێشتبێت و دڵت بە وڕێنە شیعرییەکانیشم خۆش بووبێت ، من هێشتا هەر لەبیری ئەوەدام پرسەی خۆکوشتن و عەشق کوشتنەکەم هەرلەتۆ دابێت؛ چونکە زەمەن و کات و شوێن ئیتر هیچ مانا و بەها نادەنەوە دەست ئەوەی لەدەستچووە ، گوڵاڵەی لێزان زۆر جوان سوودی لەهونەری سەرزەنەشتکردن وەرگرتووە و تەواوی دەقەکەی پێ لە بۆتە داوە ، هەربۆیە دەڵێت:
با جگەرە كانیشت بۆ من داگیرساندبێ .!
با جگە لە دڵم لە شوێنێكی تری ئەم دنیایە ئۆ قرەت نەگرتبێ .!
با دەرگاكەشت لەسەر پشت بۆ جێهێشتبم .!
با دڵت بە ورتە ورتەكانیشم خۆش بووبێ .!
دەبێ پرسەكەم لە تۆدا بگێڕم
دیارە پێداگری نازداری نازشکاو لەدۆزینەوەی دڵدار و خۆکوشتن تێیدا گەیشتۆتە پلەیەکی پیرۆزیی لای، ئەڵبەتە ئەمەش پەیوەندی بەم عەشقەوە هەیە کە باوەڕی پێیە و لەدڵیدا جێگیرە، عەشق لە پێگەیشتندا داهێنان بەرجەستە دەکات، چونکە شاعیر سەرمەستی ئەو عەشقەیە و وەک دەروونناسێک بەنێو دەروونی ئەودا رژاوە! کەشفی هەموو ئەو نهێنیانەی کردووە کە بارو دۆخی یاری پێدا دەروات، زمانی پەیامەکەی زمانێکی ئەدەبی گرژە ئەم شێوازە لەئەدەبی هاوچەرخی کوردی زۆر باوە و شاعیر رەهایی دەدات بەعەشق و بۆ تێگەیشتنیش لێیەوە دەبێت لوغز و سیفەتی ئامرازە رەمزییەکان شیبکرێتەوە، هەر بە هەڕەمەکی لێی نەڕوانین، بەتایبەت بۆ کچەشاعیرێکی ئازای وەک خانم گوڵاڵە، هاتووە کۆمەڵێک لەمپەری شکاندووە و داکۆکی لە عەشقێک دەکات تا سنووری مردن تێیدا! ئەمە لە رێسای عەشقی راستەقینە نزیکە بۆیە دەکرێت بڵێین: ئەم دەقە لەهەندێک وێنەو دیمەنی جیهانی عیرفانی و تەسەووفیش نزیکمان دەخاتەوە هەر بەتەنیا دونیای عەشقی مەجاز و بێ وەفایی نییە.. بەهیوام لێکۆڵەران و رەخنەگرانی خۆشەویست لەم ڕوانینەی کۆتاییم هەڵنەشاخێن چونکە دەقی راستینە ئەو دەقەیە هەموو چین و دین و توێژێک بەهی خۆی بزانێت نەک کەسێکی عاشق! ئەمەش لە سیاقی ناوەوەی دەقەکە و بەگشتی دەڵێم نەک بەتەنێ ڕووکار..! ئینجا گەر وەک شێوازە سادەکەشی لەم چەند دێڕەی دوایی بڕوانین کە شاعیر لەدۆخی هەڵچووندایە و دەڵێتە بەرانبەر من دەست ناپارێزم تۆ لە هەر دۆخێکدابیت من هەرلەتۆدا خۆم دەکوژم، تەنانەت گەر نەشمابیت و ئاوایش بووبیت! وەک دەڵێت:
لە دڵە ڕاوكێشدا نەبی .
لە چنگێكی تریشدابی .
هیچیشت نەبێ بیڵێیت .
لە خۆشت ئاوا بووبی .
هەر لە تۆدا خۆم دەكوژم
خوێنەری ئازیز وەرە تۆ سەیری ئەم نمایش و شانۆگەرییە جوانە بکە گوڵاڵە خانم خەلقی کردووە، یەکەمین جارە من خۆکوشتن ببینم جوان بێت! ئاخر تەلەسمی ئەم لووتکەی جوانییە لە فەلسەفەی رێزکردنی وشەکان و زۆر وەستایانە و ئەندازیارانە رەمز و هێماکانی نەخشاندوون، ئاخر هێنان و خواستنی “چەقۆ” کە لەبنەڕەتدا چەقۆی خۆشویستن بوونی نیە جگە لەو چەقۆیەی پزیشکێک لەژووری نەشتەرگەری سکی نەخۆشێک پێ هەڵدەدڕی لەپێناو ژیان و لابردنی دەرد! لەوێدا چەقۆ تیخی خۆشەویستی پزیشکەکەیە بۆ نەخۆش و ئەدا کردنی کارەکەی! شاعیریش دەیەوێت بەچەقۆی خۆشویستن لەمدا خۆی بکوژێت، چونکە عەشق لایەکی ژیانە لایەکەی دیکەی مردنە لەپێناو ژیانەوە! ئەی ئەوەنیە نیگای دڵدار وەک ڤۆڵتیەیە و خێرایی دڵی دەگەیێنێتە وەستان و خۆکوشتن! ئاخر جگە لەگوڵاڵە کێ خەیاڵی بۆ ئەوە دەچێت خۆی بە گوڵێک بچووێنێت بێ دەرخستنی ئامرازی لێکچوواندن و دروستکردنی قەرەباڵغی و وشە فڕێدانی بێ مانا ! تەنیا لەدێڕێکدا چیرۆکێک دروستبکات؟! ئەو کە دەڵێت : بەگوڵێک لەزستانی دڵتدا خۆم دەکوژم! واتە من وەک گوڵێک بم و پڕبم لە عشق و جوانی و بۆن و بەرامە، دڵی تۆش ئەوەندە بێ باک و بێ هەست و سارد و سڕ و تەزیو و شەختە بەندە .. ئێ گوڵ لەنێو ئەو تۆفان و زستانە چی لێدێت هەڵبەتە شەهید! ئەم کارە جوانە ئەم کورتبڕی و ئامانج پێکانە کاری پەیکەرتاشێکە بەر لە شاعیرێک! کەواتە لێرە بۆمان دەردەکەوێت شاعیر چەند قەڵەم و پەنجە رەنگینە و چەند وردبین و سەلارە لەگەڵ وشەکانی ناوەوەی، کاتێکیش چاوەروانی بە ئومێدێکی رەنگ ئاشتی دەچووێنێت ! کە نەهات..ئیدی دەشێ مرۆڤ لە سپێتیدا بمرێ و بپێچرێتەوە! ئەمەش هونەرێکی دیکەی گوزارشتە لای شاعیر کە ئەمەش تەنیا “گوڵاڵەعوسمان”و چەند شاعیرێکی دیکە تێیدا باڵان!
ماوەتەوە بڵێین ئەم هەموو خوردکردنەوە و پشکاندنەوەی کردمان ئەو لەشوێنێکی تردا دەڵێت:
بەچەقۆی خۆشویستن لە تۆدا خۆم
دەكوژم .
بە لێدانی خێرای دڵم لە نیگای پڕتدا خۆم دەكوژم .
بە گوڵێك لەزستانی دڵتدا خۆم
دەكوژم .
بە ئومێدێكی سپی لە نەهاتنتدا خۆم دەكوژم .
لەکۆتاییدا شاعیر هەموو دەزووە پەرتبووەکانی خەیاڵ لای خوێنەر هەڵدەکاتەوە و زوومی مەبەست و خۆکوشتن دەکات، کە ئەم نەک هەرلەودا خۆی بکوژێت بەڵکوو دەیەوێت “مەرقەد”ەکەیشی .. لێرەدا وشەی مەرقەد کە شاعیر بەکاری هێناوە لە بنەڕەتدا عەرەبییە و بە واتای (قەبر+گۆڕ) دێت، هەروەها لەقورئان ئەم وشەیە هاتووە کاتێک خودای گەورە باسی چیرۆکی خەوی کۆمەڵە هاوڕێکە “یارانی ئەشکەوت” دەکات کە چۆن لەشوێنی خۆیان خەویان لێکەوت بەشێوەیەکی کاتی! کە 309ساڵی خایاند ! کە شوێنەکەیان وەک مەزارگەی لێهات دواتر .. بۆیە شاعیر دەیەوێت مەزاری گۆڕەکەشی هەر لەنێو ئەو دابێت، لەکۆنەوە لە کلتووری کوردیشدا هەیە کەوای پیاو چاکان و ژنە چاکەکان کە زیاتر ئەوانەی ئەهلی پەرستش و خواناسی و زوهد و تەسەووف و عیرفان بوونە دوای مردنیان گۆڕەکانیان دیاری کراوە بە پەرژین و دیواری تایبەت کە پێیان گوتووە”مەرقەد” یاخود” مەزار “بۆ نموونە مەرقەدی شێخانی بیارە لەهەڵەبجە و مەرقەدی شێخ عەبدولقادری گەیلانی و مامۆستای مودەریس لە بەغداد، مەزاری ( وەلی دێوانە و مەجنون و لەیلا) ئینجا لێرەدا شاعیر عیشقەکەی ئەوەندە بەپاکی و بێگەردی و پیرۆزی وەسف کردووە، بەشێوەیەک کە بشمرێت شەهیدە ! ئینجا لەبری ئەوەی گۆڕەکەی وەک مەم و زین و شیرین فەرهاد بێ ! دەیەوێت لەنێو خودی ئەودا بێت لێرەدا رووی لێکچوواندنەکەی وەک نەریتی پیاوچاکان بە بەکارهێنانی وشەی “مەرقەد” بۆ لێک بەستنەوەی شوبهاندنەکەی؛ ئەمەش بەئەدای بڕیارە رەها و یەکلاکەرەوەکەی! ..هەروەک دەڵێت:
هەر دەبێ لە تۆدا خۆم بكوژم
چونكە من دەمەوێ مەرقەدەكەشم لە …… تۆدا …….. بێت .









