سڕوسەقەم بوو مڕگەوەر ببوو بە پارچەیەک جەمەد. ئاگر لە سەرما حەجمینی نەبوو، ئاوارەکان رادیوبەدەست هەواڵی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و شۆڕشە گەرمەکەیان دەببیست، جولەی پێشمەرگە لە هی هەنگ دەچوو، سرەوتنی نەبوو، کاکە ئیدریسی سەرکردەش هەر لەوان دەچوو، هەر نەسرەوتن و پڕ لە بزاڤ بوو. ئەرکێکی زۆر قوڕسی لەشان بوو. لەبەرێک دڵە رەنجاوەکان چێکاتەوە، لەملا خەمی خێزانی پێشمەرگە لەکۆڵ بگرێ و بیری ئاژاوە و ناحەزی دامرکێنی و برایەتی و خۆشەویستی بڕازێنێ. ئاگای لەسەری لوتکە و کێوەکان و کوردە چەکبەدەستەکان بێت وتاک تاک بە بروسکە و نامە، ورەیان بەرزکاتەوە و گیانی فیداکاری و بەرخۆدانیان بگەینێتە لوتکە، وایان گۆشکات بەقەد لوتکەی لە ژێر پێیان بۆ کورد و شۆڕش دڵسۆزبن.
دەستێکی لەسەر چەک بوو بۆ پاراستنی گەل و نیشتمانەکەی، دەستەکەی تری بە پێنوس، تا مەرەکەبی تەواو دەبوو، چارە بوکێشەکان بدوزێتەوە و ئامۆژگاری و رێنمایی و سوپاسگوزاری ماندونەناسەکان بکات.
گوێگرێکی زۆر پایەبەندی روداوەکان بوو لەناوچەکە و جیهان، گوێی لە هەموو هاوارو گازییەکانی زۆرلێکراو و چەوساوەکان بوو، باری قورسی خەمەکانیان لە کۆڵ کردبوو، دڵە گەورەکەی ببووە کۆما خەما. دیاربوو بەرگەی ئەوهەموو تەعدا و غەدرەی نەدەگرت کەرۆژانە لە میللەتە مەزڵوومەکەی دەکرا.
دەیویست شەو بکاتە رۆژ وچرکە ساتێک زووترو زیاتر لە خزمەت خانەوادەی گیانگوری و پێشمەرگە و داماو و مافخوراوەکاندا بێت. هەموو شتێک لای ئەو بەهای خۆی هەبوو، بەڵام هیچ شت وەک راپەڕاندنی ئەرک و دەستپاکی و رەوشت جوانی بەهای نەبوو. هەموو مەبەستی لەژیاندا، هێنانەکایەی دادپەروەری کومەڵایەتی بوو کە دیار بوو پەروەردەی عەدالەتی بارزان و دەستی زاهیدی پاک شێخ ئەحمەدی بارزانی بوو، خۆی بە موریدێکی دلسۆزو بە ئەمەکی ئەو دەزانی. لەهەر کێشە و بۆنەیەکدا دەیویست بە ئەمرێکی شێخی گەورە یان چەند دێری هۆنراوەکانی مەلای جزیری لایەنەکان گۆش و پەروەردەبکات. عاشقی ویژدان و خیرەت و مەردایەتی بوو رەوشت بەرزی و ئەمانەت و گوێڕایەڵی، پێوەری راستەقینەی سەرەدەری بوو لەگەل خەڵک. پەیڤی تفاق و یەکرێزی و خۆشەویستی و بەرێزی، وێردی سەرزمانی بوون. دەکرێ بلێین ئەو رێزو تفاقەی ناو پارتیەکان بەگشتی و ماڵی بارزان بەتایبەتی بەرهەمی ئەو بناخە پتەوەن کە جوانەمەرگ دایناوە و تا ئێستاش کاریگەری خوی هەیە. کاتێک ئەندامانی خێزانی بارزان بە (بەلێ ئەزبەنی)، وەڵامی گەورەکان دەدەنەوە و رێزو متمانە لە نێوانیان لە لوتکەیە، ئەمە ئەنجامی ئەو بیروباوەڕەیە کە مەبەستمانە ،کاتێک کە دەلێین ئەگەرخودا نەخواستە گولە بو نێچیروان بێ، مەسرور خۆی دەداتە بەر یان بە پێچەوانەوە، دەبێ تێبگەین کەئەمانە پەروەردەی عەقیدەیەکی رەسەنن کە جوانەمەرگ، ئەندازیاری داهێنان و پیادەکردن و بەکردەنی کردنی بووە، هەڵبەت لەسەرچاوەی عه قیدەی بارزان و کوردایەتی هەلدەقوڵێ و دەتوانین بلێین، هەوێن و سڕی سەرکەوتنی ئەم گەل وڵاتە بەندە بەو مەبادئانەی بارزانی نەمر بۆی داناوین و ئیدریسی جوانە مەرگیش بەئەمانەتەوە خزمەتی دەکرد و گەشەی پێ دەدا.
زۆر بەپەرۆش بوو بۆ ئەو دۆخەی کورد تێیکەوتبوو، هەستی بە مەترسییەکان دەکرد و دەیزانی ئەرکی زۆر قورسە و هەورازەکان سەختن، بەڵام هونەرو ئازایەتی لەوەدایە لە بێ ئومێدیدا،. ئومێد بۆ گەل دروست کەیت و وڵاتی تاریک، روناک کەیت و هەورازی سەخت بە خوێن و شەونخوونی ببڕی. دەیتوانی لەناو دەریا ئاگر بکاتەوە و لە ناو بارووت و بۆمبا و ویرانکاری مزگێنی ئاوەدانی و برایەتی بدات و خەڵکی لە خەوی گران راپەڕێنێ.
ئەوەندە گیانی لێبووردەیی بەهێز بوو، دەیتوانی بۆ خزمەتی کورد و کوردستان لە هەرکەسێک ببوورێت و برایەتی و دۆستایەتی بچەسپێنێ، ئەگەر لایەنی بەرامبەر ئاگرو بارووتی دوژمنایەتیشی بە دەستەوە بوایە. کە دەڵێن (ئەندازیاری ئاشتی) واتە، چەسپاندنی ئارامی وبرایەتی لەجێگای خوێنڕشتن و رق و کینە. ئەرکەکانی خۆی لەوپێناوەدا چڕ کردبوو، هزری خۆی تەواو پێوەی سەرقاڵ کردبوو. لە کۆنفرانسی هاوکاری گەلانی عێراقدا و لەماوەیەکی کورتدا، توانی بەردی بەهێزی بناخەی برایەتی و دۆستایەتی لەگەل لایەنە عێراقیەکان دابنێت کە تائێستاش کاریگەرییان هەبێت و سودی زۆری بۆ کورد تێدابێت. لەدەمێکی پڕ ترسناک و دوژمنکاریدا، کە خوێن لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هێژ دەڕژا و خوێنی شەهیدانی وەک عبدالرحیم جسیم و حسو میرخان و دەیان شەهیدی تر، هێژ هیشک نەبووبوو و گلێنەی چاوی ئازیزەکانیان لە فرمێسک زوها نەبوبوون، دەستی برایەتی و تەبایی بۆیەکێتی درێژکرد و ئاشتییەکی بەرقەرارکرد کە لە خەیاڵ و هزری دۆست و دوژمناندا نەبوو. بۆیە دەڵێم هونەر ئەوەیە لە ناو دەریا ئاگر بکەیت لەناو بارووت ئاشتی بچەسپێنیت.