کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی، ئەستێرەی سعودی یانەی نەسر، دوای ڕۆیشتنی، بێزاری کرێکارانی مانچستەر یونایتدی لێکەوتەوە.
مانچستەر یونایتد لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا بە ڕەزامەندی هەردوولا گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی یاریزانە پورتوگالییەکە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا هێرشی کردە سەر ئیدارەی یانەکە و ستافی تەکنیکی ئێستا و پێشووی یانەکە، ئەمەش هەموو کەسێکی ناو یانەکە و هەروەها هاندەرانی تیپەکەی بێزارکرد.
بەپێی ڕۆژنامەی “زە سەن”ی بەریتانی، سەرچاوەیەک لە یانەی مانچستەر یونایتدەوە ڕایگەیاندووە، دوو کارمەندی یاریگای مەشقەکانی شەیتانە سوورەکان بە هیوای بەدەستهێنانی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی ڕۆناڵدۆ بوون.
ئەو دوو کرێکارە پێشبینیان دەکرد ڕۆناڵدۆ دوای بڕیاری جێهێشتنی یانەکەی “تیروپشک” بۆ یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی ئەنجام بدات، هاوشێوەی ئەوەی سێرجیۆ ئەگوێرۆ لەکاتی جێهێشتنی مانچستەر سیتی کردی.
ئەگوێرۆ لە ساڵی 2021 کاتێک سیتی بەجێهێشت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ڕەنج ڕۆڤەری بە بڕی 40 هەزار پاوەندی خەڵاتکرد، کارمەندێکی یانەکەش ئەو ئۆتۆمبێلەی بردەوە.
ڕۆژنامە بەریتانییەکە بڵاویکردەوە، بڕیارەکەی ڕۆناڵدۆ بۆ کرێکارەکان بێزارکەر بووە، دوای ئەوەی ئەستێرە پورتوگالییەکە هەموو ئۆتۆمبێلە لوکسەکانی گەڕاندەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە پورتوگال.









