ئەمڕۆ هەینی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، داوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراقی كردووە.

مایکڵ مەکۆڵ سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەک بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ناردووە و تێیدا هاتووە: “لە مانگی ئابی ساڵی رابردووشدا نامەیەکم بۆ ناردی و نیگەرانی خۆم دەربڕی بەرانبەر بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە کاریگەری خراپیان کردووەتە سەر سەقامگیری و گەشەسەندی ئابووریی وڵاتەكە.”

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌دا هاتووه‌: “لە بەرانبەر هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر ئەمریکا و عێراق، زۆر گرنگە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فێدراڵ کیشەکان چارەسەر بکەن بە شێوەیەك لە بەرژەوەندیی گەلی عێراقدا بێت.”

له‌ نامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو كە نیگەرانە لەوەی بریارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئاشتەوایی نێوان هەرێم و بەغدا تێکبدات. ناردنی بەشە بوجەی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەهێزە بۆ ئێران لە بەرانبەر هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر عێراق.