شەوناز فاتح
دەریاو زەریاکان ڕووبەرێک لە زەوی پێکدێنن کە بە 361 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا دەخەمڵێنرێت. واتە نزیکەی ٪70.8 ی پانتایی گۆی زەوی لەبەر ئەوە هەندێک لە زانایان بە زەوی دەڵێن (هەسارەی ئاویی)، زەریاکان ئەو ڕووە ئاویە بەرفراوانانەن کە لە ڕێگەی دەروازەی فراوانەوە پێکەوە بەستراون، ئەم دەروازانەش دەتوانن بە جۆرێک لە یەک نزیک بوونەوە و لێکچووی لە نێوان زەریاکان دروست بکەن لە پلەی گەرمی ئاو و ڕادەی سوێریەکەیاندا، زەریاکان بەقوڵاییە زۆرەکانیان کە دەگاتە چەند کیلۆمەترێک جیادەکرێنەوە، هەر وەک دەتوانرێت بە جووڵەی ئاوەکانیان کە لە شێوەی چەند شەپۆلێکی دەریایی کە ئاڕاستەی تایبەتیان هەیە بناسرێنەوە.

گرنگترین زەریاکان لە جیهاندا بریتین لە:
زەریای ئارام pacific ocean
گەورەترین و فراوانترین زەریایە، ئەم زەریایە چەند ناوێکی هەیە پاسفیک، هێمن، هادیشی پێدەوترێت، پانتایەکەی دەگاتە 165.4 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا واتە نزیکەی یەک لەسەر سێی ڕووی زەوی. زەریایەکی شێوە هێلکەییە، درێژییەکەی دەگاتە 10 هەزار میل، هێڵی کەمەرەیی پێدا دەڕوات، قوڵاییەکەی نزیکەی 11524 مەترە. ئەم زەریایە ئەو پانتایەی لە زەوی داگیری دەکات زیاترە لە پانتایی ئەو زەویانەی دەکەونە نێوان هەردوو ئەمریکا لە خۆرهەڵات و هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئوستورالیا لە خۆرئاواوە، ژمارەیەک دەریای پەراوێزی بە زەریای ئارام دەگەنەوە، گرنگترینیان لە باکوورەوە بۆ باشوور دەریای ئۆخستک و دەریای ژاپۆن و دەریای زەرد و دەریای چینی خۆرهەڵاتی و دەریای چینی باشووری و دەریای سۆلۆ و دەریای جاوە و دەریای کۆراڵە لە باکووری خۆرهەڵاتی ئوستورالیا، وە ژمارەیەک دوورگە لە زەریای ئارام بڵاوبوونەتەوە کە ژمارەیان زیاترە لە 20 هەزار دوورگە.

زەریای ئەتڵەسی Atlantic ocean
دووەم زەریایە لە ڕووی ڕووبەرەوە، پانتایەکەی دەگاتە 82.2 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا، قوڵیەکەی نزیکەی 9560 مەترە، وە پێشی دەوترێت زەریای ئەتڵەنتی، پەیوەستە بە کۆمەڵێک دەریای مەزن وەک کەنداوی مەکسیک و دەریای کاریبی، ئەم زەریایە لە هەموو زەریاکانی دیکە پانتایەکەی درێژ دەبێتەوە لە باکوورەوە بۆ باشوور کە لە زەریای بەستەڵەکی باکوورەوە لە نیوەگۆی باشوورەوە درێژدەبێتەوە هەتا زەریای باشوور کە دەکەوێتە باکووری کیشوەری ئەنتراکتیکا لە نیوەگۆی باشووری زەوی، ئە زەریایە لە شێوە کەندێکدا دەردەکەوێت لە خۆرهەڵاتەوە لە نێوان ئەفریقا و ئەوروپا گەمارۆدراوە وە لە خۆرئاواشەوە هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور دەوریان گرتووە.

زەریای هیندی Indian ocean
سێیەم زەریایە لە ڕووی پانتایەوە، پانتایەکەی دەگاتە 73.5 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا، قوڵیەکەی 9000 مەترە، کەنارەکانی هیندی باشوور و خۆرهەڵاتی ئەفریقا و باشووری ئوستورالیا بەسەریدا دەڕوانن، هەنێک دەریای پەراوێزیش پێوەی دەبەسترێنەوە وەک کەنداوی عومان ، دەریای عەرەب ، کەنداوی عەدەن ، کەنداوی بەنگال.

زەریای جەمسەریی Aractic ocean
بچوکترین زەریایە لە ڕووی پانتاییەوە، پانتایەکەی دەگاتە 14.1 ملێۆن کیلۆمەتر دووجا، پێشی دەوترێت بەستووی باکووری، وەک دەریایەکی ناوخۆیی سەیر دەکرێت. کەناری کیشوەرەکان لە هەموو لایەکەوە دەوریان داوە و جەمسەری باکووریی دەکەوێتە ناویەوە، بەهۆی چەند گەروویەکی دەریایەوە پەیوەست دەبێت زەریا گەورەکان، وە قوڵیەکەی دەگاتە 5450 مەتر.

سەرچاوەکان:
1-محمد خمیش الزکهـ، جغرافیە المیاهـ، دار الفکر الجامعیە، الاسکندریە 2001، لا 323.
2-حسام الدین جادالرب، جوگرافیای ئاسان، وەرگێڕانی محەمەد چیا، چاپخانەی چوارچرا 2015، لا 90.