توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی “نامه‌ی ماسته‌ر” بە ناوی (راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان 1976 – 1991) په‌سه‌ند كرا.
15/1/2023 له هۆڵی (فه‌رهادی) كۆلێژی ئادابی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، گفتوگۆی ماسته‌رنامه‌یه‌ك له بواری راگه‌یاندن به‌رێوه‌چوو كه توێژینه‌وه‌كه سه‌باره‌ت به راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو له ساڵی 1976 بۆ 1991 و پله‌ی زۆر باشه‌ی باڵای به‌ده‌ست هێنا، به مه‌به‌ستی زیاتر ئاگادار بوون له ئامانج و ناوه‌رۆك و ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه، ماڵپەڕی پارتی دێموکراتی کوردستان چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هۆگر به‌هائه‌دین ئه‌ندامی سكرتاریه‌تی یه‌كیه‌تی قوتابیانی كوردستان و خاوه‌نی توێژینه‌وه‌كه ئه‌نجام داوه، ئەمەش دەقی دیدارەکەیە:
٭ هۆكاری هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌كه له لایه‌ن ئێوه بۆ چی چووه؟
– هۆگر به‌هائه‌دین: پارتی دیموكراتی كوردستان، له ماوه‌ی خه‌باتی سیاسیی خۆیدا به بایه‌خه‌وه له ڕاگه‌یاندنی ڕوانیووه. به تایبه‌ت له قۆناغی خه‌باتی شۆڕشگێڕیدا. ڕاگه‌یاندنی به ئامرازێکی گرنگی سه‌رخستنی شۆڕش بینیوه. ڕاگه‌یاندن ڕۆڵێكی كارای گێڕاوه له هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و هاندانی له به‌رانبه‌ر پرسه سیاسییه‌كان، بەجۆش هێنانی کۆمەڵ بۆ بێده‌نگ نه‌بوون له ئاست ماف و داخوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و گه‌یاندنی ده‌نگی شۆڕش به هه‌موو جیهان. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه ڕووداوه سیاسیی و سه‌ربازییه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی قوڵ له ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان جێبهێڵن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ساڵانی قۆناغی توێژینەوەکەی ئێمە، به قۆناغێكی گرنگ ده‌ژمێردرێت بۆ گه‌لی كورد، چونكه لەو ساڵانەدا بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كورد، به چه‌ندین هه‌وراز و نشێودا تێپه‌ڕیووه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین كاره‌ساتی گه‌وره و پڕ مەینەت به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتووه، زۆرینه‌ی ڕووداوه مێژووییه‌كانی ئه‌و قۆناغه له ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه و بڵاوكراوه‌كانی پارتی تۆماركراون. ئه‌مه‌ش بۆ مێژوونووسان گرنگی خۆی هه‌یه، هه‌ر ئه‌مانه‌ش وایكردن توێژینه‌وه له باره‌ی ڕاگه‌یاندنی پارتییه‌وه ئه‌نجام بده‌م.
٭ بێگومان هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌ك گرنگی ئامانجی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، گرنگی توێژینه‌وه‌كه چییه و ده‌یه‌وێ چ ئامانجێك بێنێته دی؟
– هۆگر به‌هائه‌دین: گرنگی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له‌وه‌دایه، باسی چه‌ند لایه‌نێكی كاری ڕاگه‌یاندن لای پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات كه پێشتر كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه. ده‌توانین بڵێین ئه‌مه یه‌كه‌مین توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی مێژووییه له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی پارتی کرابێت، دەربارەی ساڵانی 1976-1991. ڕاگه‌یاندنی پارتی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیر و بۆچوونی پارته‌كه‌یه‌تی، بۆیه ده‌كرێت سه‌ره‌ڕای تێگه‌یشتن له بارودۆخی سیاسیی و سه‌ربازی كوردستان، له بیر و بۆچوونه‌كانی پارتی تێبگه‌ین ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆخه تازه‌یه‌ی كه پاش نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول له كوردستان هاتبووه ئاراوه.
ئامانجی توێژینه‌وه‌كه تێگه‌شتنه له شێوازی كاركردن و بیر و بۆچوونی پارتی له‌باره‌ی كاری ڕاگه‌یاندن و چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی ڕاگه‌یاندن بۆ ناساندنی پرسی كورد له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مه سه‌ره‌ڕای خستنه‌ڕووی ناوه‌رۆكی ڕاگه‌یاندنی پارتی و پیشاندانی ئاست و توانایی گه‌شه‌سه‌ندن و خستنه‌ڕووی لایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی.
٭ توێژینه‌وه له‌سه‌ر به‌شێكی خه‌باتێكی گرنگی بزووتنه‌وه‌ی كورد كه شۆڕشی گوڵانه پێویستی به بنه‌ما و چوار چێوه و پێكهاته‌یه‌كی به‌هێز و فراوان هه‌یه ده‌كرێ باسی پێكهاته‌ی توێژینه‌وه‌كه‌مان بۆ بكه‌یت كه‌ڵكتان له چی وه‌رگرتووه؟
– هۆگر به‌هائه‌دین: توێژینه‌وه‌كه له پێشه‌كی و ده‌روازه و سێ به‌شی سه‌ره‌كی و ده‌رئه‌نجام پێكدێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌نجام و لیستی سه‌رچاوه‌كان و پاشكۆ، ده‌روازه‌ی توێژینه‌وه‌كه ته‌رخانكراوه بۆ پاشخانی مێژووی ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له ماوه‌ی ساڵانی (1946-1975). هه‌وڵدراوه به كورتی باسی ڕاگه‌یاندنی پارتی له‌و ماوه مێژووییه‌دا بكه‌ین، تاكو به‌رچاوڕوونی ته‌واو به خوێنه‌ر ببه‌خشین.
به‌شی یه‌كه‌م: ناونیشانی ئه‌م به‌شه بریتییه له (به‌شی ڕاگه‌یاندن له مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان) ئه‌م به‌شه سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی له خۆ ده‌گرێت. ته‌وه‌ری یه‌كه‌م، به ناونیشانی (دامەزراندنی بەشی ڕاگەیاندن)ه، ئه‌م ته‌وەره‌مان دابه‌شی سه‌ر دووباس كردووه. له باسی یه‌كه‌مدا، سه‌ره‌تاكانی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشمان خستووه‌ته‌ڕوو. باسی دووه‌م، ته‌رخان كراوه بۆ به‌شی ڕاگه‌یاندن و شێوازی كاركردنی ئه‌م به‌شه، چۆنیه‌تی به دامه‌زراوه‌كردنی ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان. ته‌وه‌ری دووه‌م، ته‌رخان كراوه بۆ ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان. له‌م ته‌وه‌ره‌دا به دوو قۆناغ باسمان له دامه‌زراندنه‌وه‌ی ڕادیۆ و قۆناغه‌كانی كاركردن و به‌رنامه‌كانی كردووه. ته‌وه‌ری سێیه‌م، كۆتا ته‌وه‌ره، تایبه‌ته به هۆبه‌كانی به‌شی ڕاگه‌یاندن كه خۆی له سێ باس ده‌بینێته‌وه، ئه‌وانیش (چاپخانه، ئینصات، ئه‌رشیف و كتێبخانه) له‌م باسه‌دا شێوازی كاركردن و زانیاری پێویست له باره‌ی ئه‌و سێ هۆبه‌یه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو.
به‌شی دووه‌م: به ناونیشانی (ڕۆژنامه‌گه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان1976-1991)، دیسان ئه‌م به‌شه له سێ ته‌وه‌ر پێكدێت، ته‌وه‌ری یه‌كه‌م، ته‌رخانكراوه بۆ بڵاوكراوه ناوه‌ندییه‌كان، خۆی له هه‌ریه‌كه له “ڕۆژنامه‌ی خه‌بات”ی زمانحاڵی پارتی و بڵاوكراوه‌ی ده‌نگوباسی كوردستان ده‌بینێته‌وه كه له لایه‌ن به‌شی ڕاگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی پارتییه‌وه ده‌رچوون. ته‌وه‌ری دووه‌م، ته‌رخانكراوه بۆ بڵاوكراوه‌ی لقه‌كانی پارتی. ئه‌م ته‌وه‌ره به‌هه‌مان شێوه دابه‌شی سه‌ر دووباسی سه‌ره‌كی كراوه كه ئه‌وانیش بڵاوكراوه‌كانی ناوخۆی كوردستان، باسی دووه‌م تایبه‌ته به بڵاوكراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان. مه‌به‌ست لێی ئه‌و ڕۆژنامه و گۆڤارانه‌یه كه له‌لایه‌ن ئۆرگانه جیاوازه‌كانی پارتییه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بڵاوكراونه‌ته‌وه. ته‌وه‌ری سێیه‌م، تایبه‌ت كراوه به بڵاوكراوه‌ی ڕێكخراوه جه‌ماوه‌رییه‌كان، له‌م ته‌وه‌ره‌دا تیشكمان خستووه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی كه له لایه‌ن ڕێكخراوه جه‌ماوه‌رییه‌كانی پارتییه‌وه ده‌ركراون، ئه‌وانیش خۆیان له ڕێكخراوه‌كانی (ی.ق.ك) و (ی.ل.د.ك) و(ی.ئا.ك) ده‌بینێته‌وه.
به‌شی سێیه‌م: ناونیشانی ئه‌م به‌شه‌مان بریتییه له (ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕووداوه سیاسیی و سه‌ربازییه‌كان له ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان)، ئه‌م به‌شه هاوشێوه‌ی دووبه‌شه‌كه‌ی دیكه دابه‌شی سه‌ر سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كراوه. ته‌وه‌ری یه‌كه‌م ته‌رخانكراوه بۆ سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی عێراق به‌رانبه‌ر به خه‌ڵكی كوردستان، له‌م ته‌وه‌ره‌دا به دوو باس، سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی عێراق له ڕوانگه‌ی ڕاگه‌یاندنی پارتییه‌وه ڕوونكراوته‌وه، ئه‌وانیش خۆیان له سیاسه‌تیی ڕاگواستن و به عه‌ره‌بكردن و ئه‌نفال و كیمیاباران ده‌بینێته‌وه. ته‌وه‌ری دووه‌م، تایبه‌ته به په‌یوه‌ندی نێوان هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان، له‌م ته‌وه‌ره‌دا به سێ باسی جیاواز ڕه‌نگدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان پارته سیاسییه‌كانی كوردستان، له ڕاگه‌یاندنی پارتیدا شیكراوه‌ته‌وه، ئه‌وانیش پێكهاتوون له؛ پێكهێنانی به‌ره‌ی نیشتمانی دیموكراتی عێراقی، شه‌ڕی ناوخۆی پارته سیاسییه‌كانی كوردستان و پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی. ته‌وه‌ری سێیه‌م و كۆتا ته‌وه‌ر، به ناونیشانی (خه‌باتی گه‌لی كورد به‌رانبه‌ر به ڕژێمی به‌عس) له‌م ته‌وه‌ره‌دا به دوو باس، هه‌ر یه‌كه له چالاكییه‌كانی پێشمه‌رگه و خۆپیشاندان ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه‌كانمان، ڕوونكراوه‌ته‌وه.
شیكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كان: له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆر به‌كارهاتوون، لێره‌دا پۆلێنیان ده‌كه‌ین.
به‌ڵگه‌نامه: یه‌كێك له گرنگترین ڕه‌گه‌زه‌كانی سه‌رچاوه له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا کە به‌كارهاتووه، به‌ڵگه‌نامه‌یه. ئه‌ویش خۆی له هه‌ردوو جۆری به‌ڵگه‌نامه‌ی بڵاونه‌كراوه و بڵاوكراوه ده‌بینێته‌وه. كه پێكهاتوون له (بڕیار، نووسراوی فه‌رمی، ڕاپۆرت، ڕێنمایی كاركردن و نامه‌ی تایبه‌ت) كه ئاڕاسته‌ی به‌شی ڕاگه‌یاندن كراون له لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسیی پارتییه‌وه، یاخود له لایه‌ن به‌شی ڕاگه‌یاندنه‌وه ئاڕاسته‌ی ئۆرگانه جیاوازه‌كانی پارتی كراون. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ندین به‌یاننامه و بڵاوكراوه‌ی دیكه‌ی فه‌رمی كه له لایه‌ن ڕاگه‌یاندنی پارتییه‌وه ده‌ركراون، هه‌روه‌ها به‌ده‌ستهێنانی لیستی سه‌رجه‌م چاپكراوه‌كانی چاپخانه‌ی خه‌بات له ماوه‌ی ساڵانی (1981-1989). زۆرینه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه له ئه‌رشیفی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی وه‌رگیراون، یاخود له‌و كه‌سانه وه‌رگیراون كه له‌و قۆناغه‌دا له به‌شی ڕاگه‌یاندن كاریان كردووه.
بڵاوكراوه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان: بڵاوكراوه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، کە خۆیان له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان، بڵاوكراوه جیاوا‌زەكان و كتێبه چاپكراوه‌كانی چاپخانه‌ی خه‌بات ده‌بیننه‌وه. كه له ماوه‌ی ساڵانی (1976-1991) ده‌رچوون. دیارترین ئه‌م سه‌رچاوا‌نه‌ش بریتین له ڕۆژنامه‌ی (خه‌بات)ی زمانحاڵی پارتی. توانیومانه سه‌رجه‌م ژماره‌كانی ئه‌م قۆناغه به ده‌ستبهێنین. ئەمەش بەهۆی ئەوەی، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات گرنگی و بایه‌خێكی ته‌واوی پێدراوه له لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه. هه‌روه‌ها به ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ژماره‌كانی بڵاوكراوه‌ی (ده‌نگوباسی كوردستان). زۆرینه‌ی په‌یام و به‌یاننامه و سیاسه‌تیی پارتی له‌م دوو ڕۆژنامه‌یه‌وه وه‌شێنراون و بڵاوكراوه‌كانی دیكه‌ی پارتی وه‌ریانگرتووه‌ته‌وه و بڵاویان كردووه‌ته‌وه. ئەمە جگە لە ڕۆژنامه‌كانی دیكه لەناویاندا، ڕۆژنامەی “صدی كردستان” كه له لایه‌ن مه‌كته‌بی لوبنان و سوریای پارتی ده‌ركراوه. هەروەها صدی خه‌بات، وڵات، كه له ئه‌وروپا ده‌رچوون. به‌هه‌مان شێوه گۆڤاره‌كانی بابه گوڕ گوڕ، ئه‌زمه‌ر، سه‌فین، ڕزگاری، زاگرۆس، مه‌تین و چه‌ندین بڵاوكراوه‌ی دیكه سوودی ئێجگار باشیان لێ وه‌رگیراوه.
كتێب: سوود له كۆمه‌ڵێك كتێب و سه‌رچاوه‌ی باش وه‌رگیراوه، به‌ڵام دیارترینیان كتێبی (بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد)ه، له نووسینی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. به‌رگی چواره‌می كتێبه‌كه تایبه‌ته به‌و قۆناغه‌ی كه ئێمه كارمان تێدا كردووه. ڕاسته كتێبه‌كه زیاتر تایبه‌ته به لایه‌نی سیاسیی و كاروباری شۆڕش، به‌ڵام چه‌ند باسێكی ته‌رخانكردووه بۆ ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نییه‌كانی پارتی له‌و قۆناغه‌دا. له‌م لایه‌نه‌وه سوودی باشی لێوه‌رگیراوه. هه‌روه‌ها كتێبی (مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ری پارتی دیموكراتی كورستان 1946-1996)، له نووسینی وریا جاف، ده‌توانین بڵێێن ئه‌م كتێبه ته‌نیا سه‌رچاوه‌یه ئاماژه‌ی به سه‌رجه‌م بڵاوكراوه‌كانی پارتی کردبێت له ماوه‌ی (1976-1991)، نووسه‌ر به‌شێكی تایبه‌ت كردووه به‌م ماوه‌یه و باسی له سه‌رجه‌م بڵاوكراوه‌كانی ئه‌و قۆناغه كردووه. یه‌كێكی دیكه له‌و كتێبانه‌ی گرنگی خۆی هه‌بوو بۆ توێژینەوەکەمان، كتێبی (ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان نیو سه‌ده به‌خشش) له نووسینی سالار عوسمان، ئه‌م كتێبه له باسی ڕادیۆی ده‌نگی كوردستاندا، سوودی ئێجگار باشی لێ وه‌رگیراوه. بایه‌خی ئه‌م كتێبه له‌وه‌دایه چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه و دۆكیۆمێنت و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه تێدایه، كه له ڕادیۆ كاریان كردووه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه ماوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان بووه، ئێستاش به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی پارتییه.
نامه زانكۆییه‌كان: له توێژینه‌وه‌كه‌دا چه‌ند نامه‌یه‌كی ماسته‌ر به‌كارهاتووه. به‌ڵام دیارترینیان كه سوود به‌خش بووه بۆ ئێمه، ماسته‌رنامه‌ی “ڕۆڵی ئۆرگانی ناوه‌ندی پارته‌كان له بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد (1975-1991) (پ.ك.ع)، (پ.د.ك)، (ی.ن.ك) وه‌ك نموونه” له ئاماده‌كردنی توێژه‌ر ئاره‌زوو یوسف حه‌سه‌ن، ته‌وه‌رێكی تایبه‌ت كردووه به ئۆرگانی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان، له كۆی توێژینه‌وه‌كه‌دا چه‌ند شوێنێكی جیاواز سوودی لێوه‌رگیراوه. هه‌روه‌ها ماسته‌رنامه‌ی “ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق له بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان (1976-1991)” له ئاماده‌كردنی توێژه‌ر، دلاوه‌ر محه‌مه‌د سدیق زێباری، ئه‌م توێژینه‌وه تایبه‌ته به ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان له خه‌باتی سیاسیی و شۆڕشگێڕی، به‌ڵام له چه‌ند لایه‌نێكی سیاسیی و سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕش سوودی لێ وه‌رگیراوه.
به‌رنامه‌كانی ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان: یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و سه‌رچاوا‌نه‌ی كه سوودیان لێ وه‌رگیراوه، ئەو به‌رنامه ڕادیۆییانه‌یه له ماوه‌ی ساڵانی (1977-1991)، له ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان پەخش کراون. ئه‌وانیش خۆیان له (وتار، ڕاپۆرت، لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسی) ده‌بیننه‌وه.
وەک هەموو توێژینەوەکانی پێش خۆی، بێگومان ئه‌م توێژینه‌وەیە‌ش له كه‌موكوڕی به‌ده‌ر نییه، به‌ڵام ده‌كرێت وه‌كو ده‌روازه‌یه‌ك چاوی لێ بكرێت بۆ تێگه‌یشتن له كاری ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌گشتی، ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ریی پارتی دیموكراتی كوردستان به تایبه‌تی له ماوه‌ی ساڵانی (1976-1991). به‌و هیوایه‌ی توانیبێتمان كه‌لێنێكی زانستی پڕبكه‌ینه‌وه.
٭ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی له توێژنه‌وه‌كه‌دا پێی گه‌یشتوون چی بوون و چۆن پۆلێنتان كردوون؟
– هۆگر به‌هائه‌دین: پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌كو هێزێكی سیاسی هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه، به بایه‌خه‌وه له كاری ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ری ڕوانیوە. له‌و پێناوه‌دا ده‌یان ڕۆژنامه و بڵاوكراوه‌ی تایبه‌ت به خۆی ده‌ركردووه، خاوه‌نی یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ی كوردییه و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه ڕادیۆی تایبه‌ت به‌خۆی دامه‌زراندووه.
– له پاش هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان و به‌ستنی كۆنگره‌ی نۆیه‌م، ڕاگه‌یاندنی له چوارچێوه‌ی به‌شێكدا ڕێكخستووه، هه‌وڵیداوه به دامه‌زراوه‌ی بكات. سه‌رجه‌م ڕاگه‌یاندنه‌كانی پارتی له یه‌ك دامه‌زراوه‌وه ئاڕاسته بكرێن ئه‌ویش به‌شی ڕاگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی بووه.
– ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان، یه‌كه‌م ڕادیۆ بووه له پاش نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول له ناو خاكی باشووری كوردستان په‌خشی خۆی كردووه. ڕۆڵێكی به‌رچاو و كاریگه‌ری له به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی و به‌رز كردنه‌وه‌ی وره‌ی پێشمه‌رگه هه‌بووه.
– چاپخانه‌ی خه‌بات، ده‌یان كتێب و نامیلكه و بڵاوكراوه‌ی به چاپ گه‌یاندووه. جگه له چاپكراوه‌كانی پارتی بڵاوكراوه‌ی لایه‌نه‌كانی دیكه‌شی چاپ كردووه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی تاوا‌نه‌كانی ڕژێمی به‌عس دژ به گه‌لی كورد کە لەو چاپخانەیە چاپ كراون و له نه‌مان و له ناوچوون پاراستوونی.
– ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی به‌رهه‌ڵستكارانه‌یه له پاش نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول له ناو خاكی باشووری كوردستان ده‌رچووه. ده‌توانین له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌وه له سیاسه‌ت و فكری پارتی له به‌رانبه‌ر ڕووداوه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ی كوردستان تێبگه‌ین.
– پارتی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان له ڕێگه‌ی لق و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی خۆیه‌وه، چه‌ندین گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی به زمانه جیاوازه‌كان چاپ و بڵاوكردووه‌ته‌وه. بێگومان ئه‌مه‌ش له پێناو ئاشناكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به پرسی كورد و قه‌زیه‌كه‌ی بووه.
– پارتی بایه‌خی ته‌واوی به توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌وانه قوتابیان و لاوان و ئافره‌تان داوه، هاوكار و پاڵپشتیان بووه له ده‌ركردنی چه‌ندین بڵاوكراوه تاكو له‌و ڕێگه‌یه‌وه ئاشانایان بكات، به شۆرش و دانه‌بڕێن له خه‌باتی سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تی.
– بۆ خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن له ڕووداوه سیاسیی و سه‌ربازییه‌كانی كوردستان، ده‌كرێت ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌كانی پارتی وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ ته‌ماشا بكه‌ین، چونكه تۆماری گه‌لێك ڕووداوی سیاسیی سه‌ربازی له‌خۆ ده‌گرێت.
– ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ری پارتی له‌م قۆناغه‌دا ڕۆڵێكی ئۆپۆزسیۆنانه ده‌گێڕن و له‌م ڕێگه‌یه‌وه توانیویانه خزمه‌تێكی گه‌وره به خه‌باتی شۆڕشگێڕی له باشووری كوردستان بكه‌ن.
