خەبات: عەلی بانیشاری:- بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە 25%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ژێر هێڵی هەژارییەوەن. شارەزایانی ئابووری لەو باوەڕەدان، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار یەكێكە لەو هۆكارانەی كە وایكردووە بەشێك لە هاووڵاتیان توانای كڕینی پێداویستییەكانی رۆژانەیان نەبێت. پسپۆڕێكی سیاسەتی ئابووری رەتیدەكاتەوە ئامارەكەی وەزارەتی پلاندانان راست بێت و دەڵێت ((رێژەی هەژاری لە عێراقدا زۆر لەوە زیاترە كە راگەیەندراوە)).

بەبۆچوونی دكتۆر ئەرشەد تەها ((نەبوونی چاودێری بازرگانی و هاوردەكردنی كەرەستە سەرەتاییەكان لە دەرەوە، وایكردووە نرخی بەرووبوومی ناوخۆش بە رێژەیەكی بەرچاو بەرزبێتەوە)). ئەو نموونەی هێلكە دەهێنێتەوە كە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت و لە ئێستادا نرخەكەی بۆ نزیكەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە. بەپێی بەدواداچوونی (خەبات) نرخی تەبەقێك هێلەكە لە ماوەی كەمتر لە یەك مانگدا، لە 3500 دینارەوە بۆ 6500 دینار بەرزبووەتەوە.

دكتۆر ئەرشەد تەها، پسپۆڕ لە سیاسەتی ئابووری و ڕاوێژكاری پێشكەوتووی ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەبات)ـی گوت: بەهۆی شەڕی ئۆكرانیا و ڕووسیا و ئەو پارە زۆری ئەمریكا و ئەوروپا لە سەردەمی كۆرۆنادا خستیانە بازاڕەوە هەڵئاوسانێكی زۆر لە جیهاندا دروستبوو، گوتیشی: لەبەرئەوەی ئێمە لە هەرێمی كوردستان 90%ی پێداویستیەكانمان لە دەرەوە هاوردە دەكەین، ئەو هەڵئاوسانەی لە جیهانیشدا هەیە، هاوردەی ناوخۆی دەكەین. ئەو هۆكارێكی دیكەی گرانبوونی نرخی شتوومەك لە بازاڕدا دەگەڕێنێتەوە بۆ ((نەبوونی چاودێری بازرگانی)). وەكو د.ئەرشەد تەها دەڵێت ((بەهۆی نەبوونی چاودێری بازرگانییەوە، خەڵكی دەرفەتەكە دەقۆستنەوە، بۆ نمونە ئەگەر بەهای دینار 10% دابەزێت، ئەوان 20%ی نرخی شتوومەك گران دەكەن و كەسیش نییە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات، ئەوەش وایكردووە هەڵئاوسانی بێسنوور دروست ببێت.

ئەو پسپۆڕەی سیاسەتی ئابووری ڕاشیگەیاند: هەڵئاوسان لە تەواوی جیهاندا زیادیكردووە، بەڵام لە عێراق و هەرێمی كوردستان نازانرێت ڕێژەكەی چەندە، چونكە وەزارەتی پلاندانانی عێراق تاوەكو ئێستا ڕێژەی هەڵئاوسانی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام ئەگەر تەنیا دابەزینی بەهای دینار بكەین بە پێوەر كە لە 118 هەزار دینارەوە كرا بە 146 هەزار دینار و دواتریش بۆ سەرو 160 هەزار دینار بەرزبوویەوە، ئەوە دیناری عێراقی زیاتر لە 35%ی بەهاكەی لەدەستداوە، بێگومان ڕێژەكە زۆر لەوە زیاتریشە.

سەبارەت بە گرانبوونی نرخی بەرووبوومی لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت؟ د.ئەرشەد تەها گوتی: گرانبوونی نرخی بەرووبوومی ناوخۆ پەیوەندی بە دوو هۆكارەوە هەیە، یەكەم: نەبوونی چاودێری بازرگانی. دووەم: بەرووبوومی ناوخۆش كەرەستە سەرەتاییەكانی لە دەرەوە هاوردە دەكرێت. نمونەی ئەوەشی هێنایەوە، ((كاتێك دەپرسیت بۆ هێلكە گرانبووە؟ لە وەڵامدا پێت دەڵێن، چوونكە خۆراكی مریشك لە دەرەوە هاوردە دەكرێت و نرخەكەی بەرزبووەتەوە، بۆیە ئێمەش ناچارین نرخی هێلكە گران بكەین، ئەمە لە كاتێكدایە هێلكەكە لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت)).

ناوبراو كە پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە سیاسەتی ئابووری و پێشتر مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین بووە دەشڵێت: لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، حكوومەت قازانج دەكات، چونكە داهاتی بە دۆلارە و خەرجی بە دینارە، هەروەها ئەو نووسینگە و بانكانەی لە بانكی ناوەندیی دۆلار بە 146 هەزار دینار وەردەگرن، لەهەر 100 دۆلارێك نزیكەی 15 هەزار دینار قازانج دەكەن، بازرگانە گەورەكانیش كە دەستیان بەسەر بازاڕدا گرتووە هەلەكە دەقۆستنەوە، بەڵام خەڵكی ئاسایی و ئەو بازرگانانەی كە دەستی دوو و سێن زەرەرمەندن. ئەو پسپۆڕەی سیاسەتی ئابووری باسی لەوەشكرد، هەڵئاوسان نەك شێواویی و شپرزەیی لە بازاڕدا دروست دەكات، بەڵكوو توانای كڕینی هاووڵاتیانیش كەم دەكاتەوە.

دوو هەفتە لەمەوبەر، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرایكرد، 25%ی دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن، بەو پێیەش بێت 10 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی توانای دابینكردنی پێداویستییەكانی رۆژانەیان نییە. لەو بارەیەوە د.ئەرشەد تەها دەڵێت: ئامارەكەی وەزارەتی پلاندانان راست نییە و زیاتر لە 40%ی دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن. زیاتر گوتی: كاتێك بەهای دینار 10% دابەزی، ڕاستەوخۆ 6-7 میلۆن كەس دەكەوێتە ژێر هێڵی هەژاری، بەڵام ئێستا بەهای دینار زۆر زیاتر لەو ڕێژەیە دابەزیووە.

ئەو جەختیلەوەشكردەوە، هەڵئاوسان ترسناكە و شتێكی ئاسایی نییە، دەبێت دەسەڵاتی نەختینەیی دەستكاری بكات و هاووڵاتی هیچی لە دەست نایەت. د. ئەرشەد تەها، پسپۆڕ لە سیاسەتی ئابووری زیاتر لەو بارەیەوە قسەی بۆ (خەبات) كرد و گوتی: بژاردەكان بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان سنووردارە، تەنیا بانكی ناوەندیی و وەزارەتی دارایی دەتوانن هەندێك ڕێكار بگرنەبەر بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان لەسەر هاووڵاتیان.