خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- ئەندازیار عیماد محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر بۆ خەبات باس لەوە دەكات, كە یەكێك لە ئەركەكانیان بایەخدانە بەڕێگاوبانەكان و گەیاندنی خزمەتگوزاری و چاككردنەوەی ڕێگاوبانەكانی شار و شارەدێ و گوندەكان، ئەو دەڵێت: لە ساڵی رابردوودا توانیومانە ژمارەیەكی زۆر ڕێگاوبان چاكبكەینەوە و قیرتاویان بكەین.
ئامادەكردنی ژمارەیەك دەرخستە بۆ ئەمساڵ
بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر دەربارەی كار و پڕۆژەكانی ئەم دواییەی بەڕێوەبەرایەتیەكەیان گوتی: جگە لە ئەنجامدانی پڕۆژەكان ڕۆژانە چەندین دەرخستە ئامادە دەكەین بۆ ئەمساڵ و بۆ داهاتووش ئەگەر قەیران نەبووایە ئەوا كار و پڕۆژەی زۆر زیاترمان لە بواری ڕێگاوبان ئەنجامدەدا بەتایبەتی ئەو ڕێگاوبانانەی كە تووشی تێكچوون و خراپبوون هاتوون، هەرچەندە لە بواری چاككردنەوەی ڕێگاوباندا كەمتەرخەم نین و كار و پڕۆژەی زۆرمان ئەنجامداوە و لەساڵی 2014وە لەبواری ڕێگاوبان هیچ پڕۆژەیەكی ئەوتۆی بواری ڕێگاوبانمان ئەنجامنەداوە، ئومێدەوارین بۆ ئەمساڵ ئەگەر بارودۆخی دارایی باش بوو وا پێشبینی دەكرێ كە بودجەیەكی تایبەت بۆ قیرتاو كردن و چاككردنەوە ئامادەبكەین پڕۆژەی ستراتیژی و پڕۆژەی گەورەی وەك ڕێگای هەولێر ـ كۆیە كە ڕێگایەكی خراپەو پێویستە كار لەسەر ئەو پڕۆژەیە بكرێت، جگەلەو پڕۆژەیە پرۆژەی ڕێگای خەبات كاری نۆژەكردنەوەی پێوست بوو ئەویش لە بازگەی كۆنی كانی قرژاڵە تاوەكو شارە دێی ڕزگاری گرێبەستی بەڵێندەرایەتی هەبوو كاری لەسەر نەدەكرا، دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەو گرنگی ئەو پڕۆژەیە لە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی درا تا كاری نۆژەنكردنەوەی ئەو ڕێگایە دەستپێبكاتەوە كە گوژمەكەی بریتییە لە یەك ملیار و 500 ملیۆن دینار و پڕۆژەیەكی دیكە كە ئێستا كاری لەسەر دەكرێ بریتییە لە ڕێگای بەستۆڕە ـ ئیفرازە و ڕێگایەكی سەرەكیەو لە نێوان دووشارە و ماوەیەكی زۆرە كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ نەكراوە و ئێستا ئێمە دەرخستەمان بۆ ئامادە كردووە ئەگەر بودجەی پێویست هەبوو ئەویش ڕەزامەندی لەسەر بدرێت ئەوا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، پڕۆژەیەكی دیكەی ستراتیژی ڕێگای زینەتیر ـ بالیسان بوو تا دەگاتە ڕاپەڕین ئەوەش رێگایەكی سەرەكی بوو لە نیوان دوو شاری گەورە و ڕێگایەكی بازرگانی كشتوكاڵییەو پڕۆژەیەكی گرنگە، پڕۆژەیەكی دیكەیش بریتییەلە پڕۆژەی چارەسەركردنی لافاوی ڕێگای هەولێر ـ پیرمام كە ساڵانە بەهۆی بارینی بەفرو باران بارینەوە لافاو دروستدەبوو جگە لەوە سەرپێچیەكی زۆر كرابووە سەر ڕێڕەوەكانی ئاو و ڕێگای سەرەكی ئێستا لە بواری جێبەجێكردندایە بە تەواوكردنی ئەو پڕۆژەیە كێشەی كۆبوونەوەی ئاو لەسەر شەقامەكان نامێنێ، چەندین پڕۆژەی دیكەمان لەبەر دەستە بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی كە لەسەر پەرەپێدانی پارێزگای هەولێرن كە خۆی لە ژمارەیەك پڕۆژەی بچووك و مام ناوەندا دەبینێتەوە كە لە نێوان گوندەكان و شارۆچكەكانە.
گوتیشی: ئێمە ساڵانە هەڵدەستین بە خاوێنكرنەوەی ڕێگاوبانەكان و پاراستنی پردەكان و باران بارینی ئەمساڵ مەترسی لافاوی هەبوو پێویست بوو كاری بۆ ئەنجامبدرێت لەگەڵ ئەوەش توانیمان كاری پاككردنەوە بۆ هەموو پرد و گونجەكان ئەنجامبدەین و باران بارینی ئەو دوواییەی كە هات لافاو دروستنەبوو پڕۆژەكانی دیكەمان زۆرە و ساڵانە وەكو بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاو بانی هەولێر بەباشترین شێواز خۆمان بۆ ڕاماڵینی بەفر ئامادە دەكەین و چەندین تیمی چالاكی هەن و بەر لە هاتنی باران بارین و بەفر ئەو تیمانە لە هەموو ڕێگا سەرەكیەكان وەك ڕێگای هەولێر ـ پیرمام و تونێڵی ـ پیرمام و ڕێگای چیای سەفین بە باشترین شێواز خۆیان بۆ بەفر ڕاماڵین ئامادە دەكەن. بەتایبەت لەكاتی بارینی بەفردا هاووڵاتیان دەچنە سەر ئەو چیایە بۆ وێنە گرتن و لەوێدا ئاستەنگی هاتوو چۆ بۆ هاووڵاِتیان دروستدەبێت و تیمەكان دەگەنە شوێنی مەبەست بۆ ڕزگاركردنی هاووڵاتیان.
نۆژەنكردنەوە و بۆیەكردنەوەی پردەكان
دواتر ئەندازیار عیماد محەمەد ئەمین دەربارەی پردەكان ڕوونیكردەوە: ئێمە هەموو كات كاری نۆژەنكردنەوەی پردەكانمان لەبیر نەكردووە و توانیمانە چەند پردێكی گەورە كاری نۆژەنكردنەوەیان بۆ ئەنجامبدەین و توندو تۆڵمان كرد و كاری بۆیە كردنەوەشمان بۆ پردەكان كرد بەتایبەتی ئەو پردانەی كەپێشتر كاری نۆژەنكردنەوەیان بۆ ئەنجامنەدرابوو.
هەر لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ خەبات بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر ڕوونیكردەوە: پڕۆژەی دیكەی ستراتیژی بریتییە لە پڕۆژەی ڕێگای كانی بزرە ـ قەشقەیەو ئێستا تیمەكانمان لە ڕێگەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و لەڕێگەی بانكی نێو دەوڵەتییەوە لەسەر هێڵن تا بیكەنە دەرخستەو بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەگەرچی ڕێگایەكی زۆر خراپ و تێكچوو بوو ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆری ئەو گوندانەی لەو سنوورە بوون گلەییان لە خراپی ئەو ڕێگایە دەكرد و ئێمەش هەوڵی باشماندا بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایەبخەینە بەرنامەی كار ئەگەر بودجەی بۆ ئامادەكرا ئەوا كاری بۆ ئەنجامدەدەین و بۆ شارۆچكەی قوشتەپەش كە ماوەی چەندین ساڵە كارمان بۆ ئەنجامنەداون و كاری هەرە گرنگمان بۆ ئەو شارۆچكەیە دەبێت، بەتایبەتی بۆ گوندەكانی دەشتی هەولێر كە كۆڵەگەی كشتوكاڵ و بازرگانیەو زۆر پێویستە كە كار وپڕۆژەی بۆ ئەنجامبدەین و لافاوی پار ساڵ ژمارەیەك ڕێگای گوندەكانی دەشتی هەولێری تێكداو چەندین دەرخستەمان بۆیان ئەنجامداو لە چاوەڕوانی ئەوەداین تا بڕیاری لەسەر بدرێت.
