خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- سومەییە جەلال لە ساڵی 1999 لە شارۆچكەی چەمچەماڵ لەدایكبووەو لە ساڵی 2003 لە شاری كەركوك نیشتەجێیە، خوێندنی سەرەتای و ناوەندی هەر لەو شارە تەواوكردووە، دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی كەركوكە. ئەو خاتونە بەرهەمی چاپكراوی نیە بەڵام بەرهەمە كانی لە رۆژنامەی (سیروان)ی كەركوك و گۆڤارو رۆژنامە بیانیەكان بڵاوكردۆتەوە هاوكات بەشداری لە چەندین كۆڕو ڤیستڤاڵی شیعریی كردووە ، لەوانە: كۆڕی پێشبڕكێی (كامەران موكری) بۆ شیعری لاوان كەلەلایەن لقی سلێمانی نووسەران ئەنجامدرا ، تیایدا خەڵاتی یەكەمی پێشبڕكێكەی بەدەستهێنا وەك خۆشی گوتەنی: لە تەمەنی دوانزە ساڵییەوە شیعر دەنووسێت و لە ماكدۆنیاش بانگێشتكراوە، بەڵام نەیتوانیوە ئامادە بێت بۆیە لەڕێگای ئۆنلاینەوە بەشداریكردووە.

*پێناسەت بۆ شیعرو شیعریش لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
شیعر ڕۆحی زیندوومانەوەی ژیانەو هاوكات هەناسەیەكە پێی دەژیم.
*بۆ شیعرت هەڵبژارد و شیعر چی پێ بەخشیووی؟
هەر مرۆڤێك لەدایكدەبێت تۆوی خەونێكی تیادا چێندراوە، من شیعر، واتە شیعر دنیایەكی دی پێ بەخشیم.
*ئێستای شیعری كوردی چۆن دەبینی؟
ئەمڕۆ دەمترسێنێ شیعر لە داهاتوودا هی ئێمە نەبێت.
*شیعربۆ كێ دەنووسیت و ئامانجت چییە لە نووسیندا؟
لەپێناو زیندوومانەوەم دەنووسم، شیعر زۆر لەوە گەورەتر و پیرۆزترە تایبەت بكرێت بۆ كەسێك. ئامانجم بوون بە شاعیرێكی ڕاستەقینەیە.
*ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و خوێندنەوە دا؟
كتێب لە خۆراك و جلوبەرگ گرینگترە بۆ من، خوێندنەوە و خوێندنەوە و خوێندنەوە ئینجا نووسین.
*كێ هاوكارو هاندەرت بووە لە نووسیندا؟
مرۆڤگەلێكی باش هاوكار و هاندەرمن. لێرە ناویان ناهێنم ڕەنگە ناهەقی بكەم بەڵام هەمیشە لە بیرەوەریمدا دەدرەوشێنەوە.
*پیرۆزیی خاكی نیشتیمان وگەورەیی شەهیدان لە كوێی شیعرەكانی تۆدان؟
نیشتیمانم لە دڵمدا هەڵگرتوە، دەستە تەزیوەكانی مناڵانی نیشتیمانم ناهێڵن بیبەمە ناو دەقەكانم.
*ڕەنگدانەوەوكاریگەریی مەرگی ئازیزان و كۆچ و جێهێشتنی نیشتیمان لەشیعرو نووسینەكانتدا؟
ڕەنگدانەوەی هەیە لە دەقەكانم و كاریگەرییەكی زۆری كردۆتە سەر دنیای شیعریم.
*ڕات چییە لەگەڵ ئەو زۆرو بۆریەی شیعر؟
هەوڵێكە بۆ لەناوبردنی شیعر.
*قەڵەمی ژن ، لە نووسین و شیعردا چۆن دەبینی و تاچەند ئەوقەڵەمە بۆتە چەكی داكۆكیكار لە مافەكانیان و چارەسەری كێشەكانیان؟
خۆشبەختانە خاوەن قەڵەمی باشین، دەتوانم بڵێم ژن ئەمڕۆ پانتاییەكی زیاتری داگیركردوە لەچاو ڕابردوو. بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە باش دەربڕین لە برین و ئازاری ژنبوونمان بكەین، بۆیە هەوڵێك نەبووە بۆ چارەسەری پرسی ژن.
*كەخەڵاتی یەكەمی كۆڕی پێشبڕكێی (كامەران موكری) ت بۆ شیعری لاوان بەدەستهێنا، هەستت بە چ خۆشییەك كرد؟
هەستم بە خۆشییەكی زۆر كرد بۆیە لێرەوە ئەڵێم: سوپاس بۆ لقی سلێمانی یەكێتی نووسەران بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاكییە جوانە، دڵخۆشبووم كە بەدیداری كۆمەڵێك مرۆڤی جوان گەیشتم و خەڵاتەكەش بە هی دەقەكەم دەزانم نەك خۆم، دەقیش مناڵی شاعیرە و كێ بێ بە سەركەوتنی ڕۆڵەكانی دڵخۆش نەبێت؟
*سومەییە بۆ؟ بۆ نازناوێك بۆ بڵاوكردنەوەی شیعر دانانێی؟
ناوەكەی خۆمم خۆشدەوێ، مانای “ئاسمان و بەرزییە” و هەڵبژاردەی دایكمە. وە هەروەها ناوی باوكیشم دەمەوێت لە ناوەكەم نەبێتەوە.
*پڕۆژە و بەرنامەی تازەتان چییە؟
پڕۆژەم كاركردنی زیاترە لەسەر دنیای ناوەوەم و بەرەوپێشچوونم لە بواری شیعر، دوای ئەوەش بەنیازم ئەمساڵ بەشداری خەڵاتی نووسیار بكەم كە بۆ چاپكردنی كتێبە،پاشان دەمەوێ هەڵسەنگاندنی باش بۆ بەرهەمەكانم بكرێ، ئینجا بڕیاری چاپكردنی كۆمەڵە شیعرێكم بدەم.

سوومەیە لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتی یەكەمی كۆڕی پێشبڕكێی كامەران موكری بۆ شیعری لاوان