ئەسرین عاسی شوانی
وا پێویست دەکات دادگای فیدڕاڵی عێراق و، سەرجەم دادگاکان سەربەخۆ بن، لەژێر کاریگەریی هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی بڕیار نەدەن، چونکە ئەوکات دادگا جوانە کە سەربەخۆ بێت، تا بڕیار و ڕاسپاردەکانی لەبەرژەوەندیی کۆی گەل و وڵاتدا بێت، بەڵام کاتێ دادگاکان دەکەونە ژێر هەژموونی لایەنێک یان چەند لایەنێک، بێشک ئەوکات ئەو لایەنانە لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان دەهێنن بێ گوێدانە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات، ڕێک وەک دادگای فیدڕاڵی عێراق، جارێ دادگاکە جۆرێک لە تەمومژاوی لە بڕیارەکانیدا هەیە، بەتایبەت دژی هەرێمی کوردستان کە پشکی گەورەی لە حوکمڕانیدا هەیە، چونکە لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە و لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێوە تا ئەم ساتە بێ کورد نەتوانراوە هیچ حکوومەتێک دابمەزرێت، تەنانەت زۆر کات بۆ پێکهێنانی کابینە وەزارییەکان هانایان بۆ هەولێر هێناوە و، بێ هەولێر و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد نەیانتوانیوە پەنجە بە ئاویشدا بکەن.

بەڵام سەیرەکە و پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆ دوای دامەزراندنی هەر کابینەیەک کە کورد و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ڕۆڵ لەپێکهێنانی دەبینێت، کێشە دوای کێشە ڕووبەڕووی هەرێم دەکرێتەوە، بۆ ئەبێ دادگای فیدڕاڵیی عێراق، دادگای سەرجەم عێراقییەکان نەبێت، بۆ دەبێ تەنها دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان تیژ بکرێت و قەیرانی بۆ هاوردە بکرێت؟ بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کرۆکی مەبەست، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، ئەوە کاری دادگای فیدڕاڵی نییە وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ، ئەوەی شایستەی خەڵکی کوردستانە کێشەی بۆ دروست بکات، بەڵکو ئەوە ئەو بیرە شۆڤێنییە ڕەگەزپەرستانەیە، کە لە دێرزەمانەوە لە ناو دەسەڵاتدارانی عێراق چەکەرەی کردووە و پەندیشیان لە تاقیکردنەوەکانی بەر لە خۆیان وەرنەگرتووە.

ئەوەیان بیرچووەتەوە کە کورد لەعێراق لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کە عێراق یەک پۆلیسی نەبوو چ جای فەرمانبەرێک، کورد بۆ ڕێکخستنی شارەکان هەموو هێز و ئیمکانییاتی خۆی خستبووە خزمەتی عێراقی دوای نەمانی بەعس، بە ویستی خۆی مانەوەی لە چوارچێوەی عێراق ڕاگەیاند، بەمەرجێک یاسا و دەستوور سەروەر بێت بۆ هەمووعێراقییەکان وەک یەک بێت، نەک ئەوەی ئەمڕۆ لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق دەگوزەرێ، بەڕاستی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە کورد وهەرێمی کوردستان دەریدەچوێنێ بیری شۆڤێنییەتی دەسەڵاتدارانی عێراقە، ئەو دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆ دەسەڵاتدار و دوێنێی بەر لە ڕووخانی بەعس کە بە نان و چەک و بارەگای پێشمەرگەی کوردستان لافی دژە عێراقیان دەدا، ئەو زاتانە ئەگەر بنکە و بارەگا و یارمەتی پێشمەرگە نەبوایە، ئەبوایە لە ڕێستوانتەکانی ئەوروپا ئێستاشی پێوە بێت خەریکی قاپ شۆرین و پاککردنەوەی سەراوەکانی یانە شەوانەکان و باڕەکانی هەندەران بوونایە، بەڵام ئەمانە خۆیانیان بیرچووەتەوە، بۆیە دەبینین ئێستا ختوکەی دادگای بەناو فیدڕاڵی دژی کورد دەدەن و لەجیاتی سەیرکردنی سەرجەم خەڵکی عێراق کێشەی بۆ دروست دەکەن، لە کاتێکدا کوردیش لە چوارچێوەی حکوومەتی عێراقی مافی هەموو شتێکی هەیە وەک هەر تاکێکی تری عێراقی.