د. ئەبوبەکر دێوانە باڵەکی
خاڵ حەسەن سیساوەیی رەحمەتی لەحەیرانێکیدا باس لەوە دەکات: “ئیزنی بدات هەر دەچیت وئیزنیشی نەدات هەر دەچیت” رێک ئەو وتەیە لەسەر مامەڵەی حکوومەتی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دەچەسپێت، بەڵام پێچەوانەکەی راستە کە بریتییە لە نەناردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆیە رێکەوتن بکرێت یان نەکرێت هەر ناینێرن، مەسەلەی پابەندنەبوونی ناوەندە بە بەڵێن و رێککەوتنەکانی بەرانبەر بە کوردستان زۆر روونە وەک مانگە شەو لە چواردە کە پێویست بە ئاماژە ناکات. بۆیە نابێت ئەو هەڵوێستەی دەسەڵاتدارانی عێراق هەروا بەسەر سیاسەتمەدار و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تێپەڕێت، بەردەوام مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە بکەن، ئەگەر نا نزیکەی دە ساڵە ئەو کێشمەکێشمەیە هەیە، پارەکەی بەغدا هات یان نەهات، رێکەوتن کرا هەر نەهات و حکوومەتەکان هەر لە مالیکی وعەبادی و کازمی و سودانی گۆڕدران پارەکە هەر هەمان بەزمە.
مامەڵەی ناوەند لە مەسەلەی شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستان وەک مەسەلی گیسکەکەی هەیاسی لێهاتووە، بۆیە ئێمە نابێت لەسیاسەت فێڵ لەخۆمان بکەین، بەرای ئێمە کێشە گەوهەرییەکانی گەلی کورد لەگەڵ عەقڵییەتی سیاسیی حوکمرانی عەرەبە، ئەوان ئێمەیان قبووڵ نیە و قبووڵیشمان ناکەن. بریاری دادگای دەستووری و مەحکەمەی سەورە لەمەدلول و ماناکەی بەرانبەر بە گەلی کورد هەمان شتە و هەمان بیری سیاسی تحریکی دەکات.
بۆیە سەرۆک بارزانی راستی فەرموو لەپەیامەکەی دەربارەی بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی بەڕێزیان لە ئەنجامی دیدگای سیاسیی خۆی و پاڵپشت بە ئەزموونی دەیان ساڵەی مامەڵەی وەک دیارترین کارەکتەری سیاسیی کوردی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوەند وعێراق ئەو پەیامەی بڵاوکردەوە.
لەكاتێكدا لێک نزیکبوونە و هیوا لە ئارادابوو کە کێشەکانی نێوان کوردستان و بەغدا بەرەو چارەسەری دەڕوا و نوێنەری حکوومەتی هەرێم لێدوانی دا کە پارەکە دێت، وزیرە کوردەکە لەلێدوانەکەی گوتی هەندێک رێکاری رۆتنینی ماون پارەکە دەگات. فەخامەتی سەرۆک کۆمار لە داڤوس “تصریح”ێکی دا گوتی: پارەکە دەنێردرێت، دادگای ئیتیحادی بە ڕێگریکردن لە شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کێشەکەی ئاڵۆزترکرد.
ئەرێ شکاندنی بریاری فەخامەتی سەرۆک کۆمار دەبێت چ مەدلولێکی سیاسی هەبێت،لەبەرانبەریش اخواننا العرب لەبەغدا مەراوەغەیەکی سیاسی سەیر دەکەن وەک بڵێی یاری بە ئێمە دەکەن وەزیرێک بەرانبەر بەهەموو وەزیرەکانی کورد و پەرلەمانتارانی کورد و فەخامەتی سەرۆک کۆمار دەوستێت بەدەنگێکی بەرز دەڵێت نەخێر نا ناینێرم.
هەڵبەتە ئەگەر پاڵپشتێکی سیاسیی بەهێزی نەبێت ناتوانی ئەو حوکمە لەسەر کوردستان بدات، دژە لێدوان بدات بەرانبەر بە لێدوانی فەخامەتی سەرۆک کۆمار و بەکرداریش رەتی بکاتەوە، بۆیە بۆ خۆ دزینەوەی سیاسی لە پابەندنەبوونی حکوومەتی عێراق لە نەناردنی شایستە داراییەکان بە فلتەرەکانی داخستنی حیساباتی دارایی ٢٠٢٢ و دادگای فیدراڵی رۆیشتن، چونکە ئەگەر نیمچە گلەییێکیشمان کرد پێمان دەڵێن ئێمە بریارمان دابوو بینێرین، بەس لەبەر داخستنی حیساباتی دارایی ساڵی رابردوو و بریارەکانی دادگای فیدراڵی نەمانتوانی بینێرین، لێرەدا قەرداریشمان دەکەنەوە.
بەهەرحاڵ هەر چەندی بڵێین هەر تەواو نابێت، بەڵام وەک نیمچە گلەییەکەی نوێنەرانی ئێمە لەبەغدا منیش چەند نیمچە پێشنیارێکم هەیە.
یەکەم لەغیابی پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد سیاسییەکانی حوکمڕانی بەغدا ئەو مامەڵەیە لەگەڵ ئێمە دەکەن، بۆیە پێویستە سەرەتا کورد و کوردستانییان نێوماڵی خۆیان رێک بخەنەوە، خیلافە سیاسییەکانیان وەلا بنێن، چونکە کوردستان کۆماندەکاتەوە و، ئەگەر لەکوردستانیش خیلافمان هەبێت با لە بەغدا یەک هەڵوێست بین.
دووەم کورد و کوردستان لەو مەسەلەیە دەبێت هەڵوێستی زۆر جدی هەبێت، لەسەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی گشتگیر بکرێت بە بەشداری حکوومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی کوردستان لەبەغدا و پەیامێکی روون بدرێت بە ناوەند لەنێوان دوخاڵ کە سێیەمی نەبێت یان پابەندبوون یان کشانەوە لەبەغدا.
سێیەم دەبێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەوە تێگەیشتبن سیاسەتی دارایی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان چەند گرنگ بووە باش دەبینن مامەڵەی ناوەند بەرانبەر بەکوردستان چۆنە، خۆ ئەگەر نەوتی کوردستان نەفرۆشرایە و ئابووری سەربەخۆمان نەبوایە، دەبێ ئێستا وەزعی ئابووری کوردستان و حاڵی فەرمانبەران چۆن بوایە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە تێگەیشتنی سیاسیمان گەیشتبێتە راددەیەک کە پاڵپشتی سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێم بکەین و دەستخۆشی لەهەوڵەکانی بەرێز سەرۆکی حکوومەت و سیاسەتی دارایی سەربەخۆی بکەین.
(وخیر الکلام ما قل ودل).