ڕەمزی میرەكانی
حەیرانبێژە بەڕێزەكان زۆرجار ئەو دێڕە دووبارە دەكەنەوە(نازانم بە كێندەرێتدا هەربرێم) عێراقیش، وڵاتی گەندەڵی و شتە سەیر و سەمەرەكان، وەها شێواو و ئاڵۆز بووە، كەس نازانێت بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت و ئایندەی چۆن دەبێت، بۆیە وەكو ئەو دێڕە حەیرانەی لێ هاتووە، سەیری هەر لایەنێكی بكەیت، هەر قەیران، گەندەڵی، ناكۆكی و پشێوییە. لەلایەك دادگای بەناو فیدراڵی، لەسەر دەركردنی بڕیاری شۆڤێنی دژ بە كورد بەردەوامە و ئەوجارە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان بە نادەستووریی دادەنێت، لەلایەك دوو دزی گەورە كە نزیكەی شەش ملیار دۆلاریان دزی بوو، بە دەستەبەری ئازاد دەكرێن، لەو لاوە نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار فڕیوە، لەولاشەوە دزی هەتا لە ماڵی خوا دەكرێت و بڕە پارەیەكی زۆر كە بۆ دروست كردنی منارەی مزگەوتەكان تەرخان كرابوو، لووش كراوە.
هەفتەی ڕابردوو دادگای بە ناو فیدراڵی عێراق، بڕیاری ناردنی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان بە نادەستووریی لە قەڵەم دا، ئەوەش جاری یەكەم نییە كە دادگای ناوبراو بڕیاری شۆڤێنی لە دژی گەلی كورد دەردەكات، بەڵام بڕیارەكەی ئەم جارە لە كاتێكدایە، دژی ئەو ڕێككەوتنەیە كە لەنێوان لایەنەكانی كورد، سوننە و شیعە بۆ پێكهێنانی حكوومەت كراوە، سەرۆك بارزانی، بڕیارەكەی بە ناڕەوا دانا و پێی وایە دادگای فیدراڵی وەكو دادگای شۆڕش (مەحكەمە سەورە)ی سەردەمی حزبی بەعسە.
سەرۆكی هەرێمیش پێی وابوو، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لە كاتێكی زۆر نەگونجاو بوو. هەر هەفتەی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، بەڕێوەبەرێكی گشتی و ژمارەیەك لە كارمەندانی وەقفی سوننە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون، دەستەی دەستپاكی عێراق، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ بەڕێوەبەرێكی گشتی ئێستای فەرمانگەی وەقفی سوننە و چوار كارمەندی دەركرد، بەهۆی ئەوەی بە ئەنقەست زیانیان بە پارە و بەرژەوەندییەكان گەیاندووە، فەرمانی دەستگیركردنەش كە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوە دەرچووە و تایبەتە بە پرسەكانی دەستپاكی لە پارێزگای سەڵاحەددین و بۆ بەڕێوەبەری گشتی ئێستای بەشی ئەندازیاری لە فەرمانگەی وەقفی سوننە و چوار تۆمەتباری دیكە، لەنێویاندا ئەندازیارێكی سەرەكی لە فەرمانگەكەدا، بەهۆی بەرپرسیارییەتی خۆیان لە بەفیڕۆدانی ملیارێك و نیوێک دینار (نزیكەی ملیۆنێك دۆلار) لە پارەی گشتیی دەوڵەت، دوای ئەوەی دەركەوت، زیادەڕەوییەكی گەورە لە نرخی جێبەجێكردنی منارە بۆ ( 35) مزگەوت لە سەرتاسەری پارێزگای سەڵاحەددین، لە بڕی 56.5 ملیۆن دینار (نزیكەی 40 هەزار دۆلار)دا كراوە، كە بۆ دروست كردنی هەر منارەیەك تەرخان كرابوو.
دوای ئەوەی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بڕیاری ئازادكردنی تۆمەتباری سەرەكی لەوەی بە (دزی سەدە) ناسرابوو، نور زوهێر جاسم، دەركردبوو، لە بەرانبەر وەرگرتنەوەی ئەو پارەیەی دانی بە دزینیدا ناوە، كە دەكاتە نزیكەی یەك ترلیۆن دیناری عێراقی، بڕیاری ئازادكردنی تۆمەتبارێكی دیكەش(هەیسەم ئەلجبوری) دەركرد، كە پێشتر پەرلەمانتار بوو، بە مەرجی گێڕانەوەی 4 ملیار دیناری عێراقی (نزیكەی دوو ملیۆن و نیو دۆلاری ئەمریكی)؛ لە بەرانبەر وەرگرتنەوەی ئەو پارەیەی دانی بە دزینی ناوە، كە بڕەكەی نزیكەی 17 ملیار دیناری عێراقی (نزیكەی ١٥ ملیۆن دۆلار)ی ئەمریكییە، ئەو دوو بڕیارەش شەپۆلێكی توڕەیی لێ كەوتەوە، بەوەی دەوڵەت ملكەچی ئیرادەی دزەكانە و یانیش دەستخۆشییان لێ دەكات، هەروەها بۆ ئاسان كردنی ڕێكارەكان دژی ئەوان، لەسەر بەڵێنی گەڕاندنەوەی بەشێك لەو پارانەی دزیویانە، پەیامی هەڵە دەنێرێت سەبارەت بە لاوازی و بێهێزی دەوڵەت.
خەڵكی ناڕازی پێیان وایە، دەبێت بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە لوتكەوە دەست پێ بكات، چونكە تاكو ئێستا نەبینراوە، بەرپرسێكی باڵای دەوڵەت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، هەروەها وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند كە ڕێوشوێن دەگرنەبەر بۆ ڕێگری كردن لە دەستكاری كردنی نرخی دۆلار یان قۆرخ كردنی خۆراك، ژمارەیەك خاوەن شوێنی ئاڵوگۆڕكردنی دراویش دەستگیر كراون، چونكە یاسای تایبەت بە بانكی ناوەندیی عێراق هەیە، كە بەپێی ئەو یاسایە مامەڵەی دارایی ئەنجام دەدرێت، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش، هەندێ لەو بانكانەن كە دۆلار لە زیادكردنی دراو وەردەگرن و بە نرخێكی جیاواز لەوەی لە ڕێنماییەكاندا هەیە دەفرۆشنەوە، ئەوەش پێشێلكارییەكی ئاشكرایە بۆ یاساكانی بانكی ناوەندی.
ئەو قەیرانە پاڵی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، “محەممەد شیاع سودانی”یەوە نا، مستەفا غالب، پارێزگاری بانكی ناوەندی و سالم جەواد، بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی لە پۆستەكانیان دووربخاتەوە، جەختی لەوەش كردەوە كە بەرزبوونەوەی نرخەكان بابەتێكی كاتییە، هۆشداریش دەدات لەوەی ڕێگە نادات زیان بە بژێوی هاووڵاتیان بگات. بۆ چارەكردنی ئەو دۆخەش، بە نیازە سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، بەم نزیكانە سەردانی واشنتۆن بكەن و لەسەر دوو ڕۆژەڤی سەرەكی (قەیرانی دۆلار) و (ڕێككەوتنی ستراتیژی) نێوان بەغدا و واشنتۆن گفتوگۆ بكەن.