سەدیق سەعید ڕواندزی
سەرەنجام بارزانی، بە جوانترین و قووڵترین و پڕماناترین دەربڕین، گوزارشتی لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق كرد، كاتێ گوتی ( بە هەمان شێوەی مەحكەمە سەورەی عێراق كار دەكات و هەمان بڕیار و ئەجێندایان هەیە)، بێگومان ئەو بۆچوونەی بارزانی، نە لە كاردانەوە، نە لە ڕق و تووڕەییەوە هاتووە وەك ئەوەی بەشێك لە سەركردە شۆفێنییە عەرەبەكان و كوردە عێراقچییەكانیش وەسفیان كرد، بەڵكو لەوپەڕی مەنتقی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە، چونكە بارزانی، شەست ساڵە مامەڵە لەگەڵ ئەو عەقڵە شۆڤێنییە حوكمڕانییە كە لە عێراق باڵادەستە دەكات و بەردەوام لە ڕێگەی دانوستان و مێزی گفتوگۆ، دیالۆگ و لێكتێگەیشتن، شۆڕش و خەبات، لە هەوڵی ئەوەدایە قەناعەت بەو عەقڵە شۆڤێنییە بێنێت كە كوردیش وەك نەتەوەیەك مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بكات، یاخود وەك هاووڵاتی پلە دوو و سێ لە عێراق، كە ئەوان بە نیشتمانی هەموان ناوی دەبەن، سەیر نەكرێت، كەچی هەمان عەقڵییەت لە فۆڕم و دەسەڵاتی جیادا، خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و كار بە هەمان ئەجێندای شۆڤێنییانەی خۆی دەكات، ئەگەرنا، چۆن دەبێت دادگایەكی باڵا و گەورە، لە سەر سكاڵای پەرلەمانتارێكی هەرزەی سیاسی، كە ئەجندایەكی سیاسی و ناهوشیاریی زۆرێك لە خەڵك، چانسی ئەوەی بۆ ڕەخساندووە ببێتە پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ، لە دژی ماف و بەرژەوەندیی شەش ملیۆن هاووڵاتی بڕیار بدات و مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ڕابگرێت. بێگومان پرسەكە ڕوونە كە ئەو دادگایە، ماوەیەكە كەوتۆتە سەنگەری دژایەتیی هەرێمی كوردستان و بارزانی و هەولێریش بە تایبەتی.

بێگومان هەموومان دەزانین، چەند ساڵێكە حكوومەتی ناوەندیی بەغدا، لە هەوڵی ئەوە دایە هەرێمی كوردستان وەك پارێزگایەكی دیكەی عێراقی ببینێت و دامەزراوە یاسایی و دەستووریی و مافەكانی خەڵكی كوردستانیش، بێ ئەرزش بكات. بۆیە سەرەتا، بە جموجۆڵی سەربازیی و دامەزراندنی هێزی دیجلە و جووڵاندنی هێز دەستی پێ كرد، دواتر بڕینی بودجەی كوردستان، پاشان درێژ بووەوە بۆ پەلاماردانی كوردستان، تاكو داستانەكانی سحێلا و خۆ نەچەمانەوەی پێشمەرگەكان، ستۆپی بە سوپای عێراق كرد، ئەمجارەیان پەنایان بردە بەر درۆنی ئێرانی و مووشەكەكانی عەسائبی ئەهلی حەق و بە ئامانج گرتنی هەولێری پایتەخت، هەموو ئەم پیلانگێڕییانە، لە سەر دەستی بارزانی و پێشمەرگە شكستیان پێهێنرا، بۆیە سەرەنجام ئەو عەقڵە شۆڤێنییەی دەیەوێت كورد وەك هاووڵاتی پلە دوو ببینێت، پەنایان وەبەر دادگای فیدراڵی برد و سەنگەری شەڕەكەیان دژ بە هەرێمی كوردستان، گواستەوە ئەوێ و بەداخەوە ئەم دادگایەش بە بێ ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی پیشەیی و یاساییانەی خۆیان، كەوتنە ژێر كاریگەریی ئەو عەقڵە (گەرچی خۆشیان هەڵگری هەمان عەقڵییەتن) وەك دەسكەڵا گەمەیان پێ دەكرێت و دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەكار دەهێنرێت.

چونكە پێویستی بە هیچ ڕاڤەیەكی یاسایی نییە، تۆ كاتێ دەبینیت دادگایەك لە سەر بۆچوونی پەرلەمانتارێك بڕیار لە دژی ملیۆن و نیوێك هاووڵاتی و فەرمانبەر و هەرێمی كوردستانیش بەگشتی دەدات، ئەوا دیارە پرسەكە هیچ پەیوەندی بە یاساوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە دژایەتیی كورد و مافەكانییەوە هەیە، ئەم دادگایە، ماوەیەكە هەر بڕیارێك دەردەكات، لە دژی هەرێمی كوردستانە، خۆی بە هەندێك پرس و بابەتەوە سەرقاڵ كردووە (وەك پارەی بایەعی) كە نە ئەرزشیان هەیە، نە تایبەتمەندیی ئەو دادگایەشە، بەڵام هەموو ئەمانە دەبێ بە شتێكی ئاسایی بزانین، چونكە لە عێراقدا، شتێك نییە بە ناوی یاسا و هێزی دادگا، دەنا با دادگای فیدراڵی پێمان بڵێت، پارێزگاری داسەپاوی كەركوك دەستوورییە یان نا؟ پێمان بڵێت دامەزراندنی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق و حەشدی شەعبی، یاساییە یان نا؟ بۆیە بە بڕوای من دەبێ چاوەڕوانی زۆرتریش لەو دادگایە بكەین، ئەگەر سنوورێكی بۆ دانەنرێت.

لێرەوەش ئەركی سەرەكی و ڕاستەقینە، دەكەوێتە سەر داگای باڵای هەرێم و یاساناسان بە تایبەتی، كە تەفسیری ئەو یاسایانە بۆ خەڵكی كوردستان بكەن و ڕوونی بكەنەوە لە كوێ بۆشایی یاسایی و دەستوورییان هەیە، چۆن بڕیارەكان دژی بەرژەوەندیی گشتین، ئەمە وێڕای ئەوەی دەبێ پەرلەمانتارانی كوردیش، یاسایی بوونی ئەو دادگایە، بخەنە ژێر پرسیارەوە، چونكە خۆی نادەستوورییە و وەك سەرۆكی حكوومەت گوتەنی شەرعییەتی پەرلەمانی و یاسایی نییە، هەر شتێكیش لە سەر هیچ بونیاد نرابێت، بڕیارەكانیشی بە تاڵ دەبن، كەواتا دەبێ هەڵبوەشێتەوە. ئەم بڕیارە دوژمنكارانەی مەحكەمە سەورەی نوێی عێراق، ئەو ڕاستییەی بۆ هەموان سەلماند، كە چۆن بەرژەوەندیی گشتی و جەماوەریی خەڵكی هەرێمی كوردستان، دەخرێتە ژێر پێی پەرلەمانتارێكی هەرزەی سیاسی، كە تاكو كورد لەو شاخانە خەباتی لە پێناو ڕووخانی بەعس دەكرد، ئەو هێشتا شیری خاوی مەمكی دایكی دەخوارد.

ئەوەی نیشاندا، كە چۆن تاكە دەنگێكی هاووڵاتییەكی عەرەب، لە بەرانبەر دەنگی شەش ملیۆن هاووڵاتی هەرێم، گرنگتر و بەرزترە، چونكە عەرەبە. ئەمانە وانەی گرنگیان بۆ ئەو كوردە عێراقچییانە تێدایە، كە ساڵانێكە خۆیان فرۆشتۆتە عێراقی عەرەبی و ستایشی دادگا و بڕیارەكانی دەكەن و دەنووزێنەوە كە گوایا قسەكەی بارزانی خەڵك بریندار دەكات! ئەوانە چونكە لە ئاخوڕٍی بەغدا دەخۆن و باكیان بە مووچەی مامۆستایەكی داماوی وەك من نییە، كە ئاخۆ دادگاكە ڕای دەگرێت یان نا، ئیدی لە بری ئەوەی هاوهەڵوێستی بارزانی بن، لایەنگری دادگایەكی شۆڤێنی دەكەن و ڕەوایەتی بە بڕیارەكانی دەدەن.

دواجار دەڵێم، ئەو شەڕەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە دژی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، هیوایەك نییە لە ئاسۆیەكی نزیكدا كۆتایی پێ بێت و ڕێڕەوی كارەكانی بێنێتەوە سەر ڕێی ڕاست، بەڵام هەموومان دڵنیاین لەوەی كە نە هەرێمی كوردستان، نە بارزانی و نە هەولێریش وەك چەقی دەسەڵاتی كوردی بە تایبەتی، ناچنە ژێر باڵی ئەو عەقڵە شۆڤێنییە، چونكە ئەگەر عەقڵییەتێك، بە چەك و تۆپ و كیمیاباران و ئەنفال و هەڵەبجە و جینۆسایدكردنی بارزانییەكان، نەیتوانیبێت ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی كورد لە نێو بەرێت، دەتوانێت بە بڕیارێكی نایاساییانەی دادگایەكیش ئەمە بكات؟ هەڵبەتە ئەمە پێویستی بە وەڵامدانەوە نییە، چونكە وەڵامەكەی ڕوونە بۆ هەمووان!.