خەبات: عەلی بانیشاری:- لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ (خەبات) زانا رەحمان، قائیمقامی پێنجوێن دەڵێت: داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی پێنجوێن جێبەجێكراوە، بەڵام جۆزەی 16 ئەمپێری وەكو خۆی دەمێنێتەوە. دەشڵێت: لە ئێستادا دانیشتووانی قەزاكە 24 كاتژمێر كارەبایان هەیە، بەڵام كارەباكە بەشی خۆگەرمكردنەوە ناكات. بەوتەی زانا رەحمان، سەرجەم ئەو پڕۆژانەی لەسەر پترۆ دۆلارن لە 2014ەوە لە پێنجوێن راگیراون و كاریان تێدا ناكرێت.
زانا رەحمان، قائیمقامی پێنجوێن بە (خەبات)ـی راگەیاند: داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی پێنجوێن لە هەفتەكانی رابروودا زیاتر خۆی لە چاككردنی كارەبای قەزاكە دەبینییەوە و لە ئێستادا داواكارییەكان جێبەجێكراوە و دانیشتووانی پێنجوێن 24 كاتژمێر كارەبایان هەیە. گوتیشی: ئەو 16 ئەمپێر كارەبای كە بە خەڵكی پێنجوێن دەدرێت، سێ تاڵ هیتەر و بۆیلەرێك كار پێدەكات و بەشی خۆگەرمكردنەوە نەكات، چونكە پلەكانی گەرما لە ژێر سفرەوەیە، بەڵام پاڵپشتییەكی باشە بۆ زۆپای نەوت و غاز و دار.
لەبارەی ناڕەزایەتییەكانی لەسەر جۆزەی 16 ئەمپێری؟ زانا رەحمان گوتی: لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە جۆزەی ماڵان دروستكراوە و هەر گرفتێك هەبێت چاك دەكرێت، بەڵام جۆزەی 16 ئەمپێری وەكو خۆی دەمێنێتەوە. سەبارەت بە دابەشكردنی نەوتیش؟ قائیمقامی پێنجوێن گوتی: پارێزگاری سلێمانی پێی راگەیاندووین بڕێك نەوت لە بەغداوە دێت، ئەگەر بەشی ئەوانەی كرد كە تاوەكو ئێستا نەوتیان وەرنەگرتووە، ئەوە هاوكارمان دەبن و بەشی پێنجوێنیشی لێدەدرێت.
زانا رەحمان دەڵێت: سەرجەمی ئەو پڕۆژانەی كە لەسەر پترۆ دۆلارن لە 2014ەوە لە پێنجوێن راگیراون و لە ئێستادا كاریان تێدا ناكرێت. دەشڵێت: گوژمەی تەواوی پڕۆژەكان نزیكەی 11 ملیار دینارە و لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی بۆ دروستكراوە، بەڵام نەخراونەتە سەر وەزارەتەكان و وەكو خۆیانن.
ناوبراو باسیلەوەشكرد، پێنجوێن دوورترین قەزایە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ساردترین ناوچەیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و سێجار خاپووركراوە و 52 ملیۆن مەتر زەوی پاكنەكراوەی لە مین و تەقەمەنی هەیە، هەروەها ناوچەیەكی جەنگی بووە و لە سەرجەم شۆڕشەكاندا لانكەی پێشمەرگە بووە، بەڵام هیچ تایبەتمەندییەكی پێنەدراوە و پڕۆژەیەك نییە بڵێین ئەمە تایبەتە بە قەزاكە. قائیمقامی پێنجوێن داواشیكرد، لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا حكوومەتی هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیی شارەكان لەبەرچاو بگرێت.
پرسیاری ئەوەمان لە زانا رەحمان كرد تا چەند سوود لە داهاتی خاڵە سنوورییەكانی ناوچەكە بینراوە بۆ خزمەتكردنی پێنجوێن؟ لە وەڵامدا گوتی: داهاتی خاڵە سنوورییەكان پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە، بەڵام داوامانكردووە چۆن پترۆ دۆلار بۆ چەند ناوچەیەك خەرج دەكرێت، لە داهاتی مەرزە سنوورییەكانیش بەشێكی بۆ شارەكان خەرج بكرێت.
گوتیشی: داهاتی خاڵە سنوورییەكانی ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران و باشماخ یەك دۆسیەیە و ناكرێت بەشێك لە داهاتی ئەو خاڵە سنووریانە بۆ ناوچەیەك خەرج بكرێت و بۆ ناوچەیەكی تر خەرج نەكرێت. قائیمقامی پێنجوێن زیاتر گوتی: خەرجكردنی بەشێك لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان پێویستی بە بڕیارە و دەبێت هەموو مەرزە سنوورییەكان بگرێتەوە و هەریەكە و بەپێی بەشی خۆی، رێژەیەكی بۆ دیاری بكرێت.











