ئاشنا بابان*
تێوری بەراوردکاری دەوڵەتە فیدڕڵیەکان و تێوری نوێبونەوەی فیدڕاڵیزم، بە تایبەتی و دیاریکراوی لەمەڕ پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتە فیدڕاڵیەکان و دەوڵەتە یەکگرتوەکان، بە تایبەتی پرسەکانی بەڕێوەبردنی کاروباری دەرەوە، لەو کاتەوە ، ئەم زاراوەیە وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە ئەدەبیاتی ئەکادیمی پەیوەست بە بەشداری نێودەوڵەتی حکوومەتە لامەرکەزییەکان هاتە ئاراوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی جیهانگیری و شۆڕشی تەکنەلۆجیادا، ناوچە نادەوڵەتییەکان زیاتر ڕۆڵێکی نێودەوڵەتی کاریگەر دەگێڕن. لە ڕووی بەرەوەپێشبردنی بازرگانی و وەبەرهێنان و هاوکاری و هاوبەشی لە بابەتەکانی نوێنەرایەتیی بەشێکی گەورەی پەیوەندییە دەرەکیەکان.
لەگەڵ ئەوەی زاراوەی( Paradiplomacy) لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، گرنگی زۆر لە بەرچاوی بەخۆنەدیبوو، بەڵام لە لایەن زانای کەنەدی ( بانایوتیس سولداتوس)، هێنرایە ناو گفتوگۆ و مشتومڕی ئەکادیمی و نووسەری ئەمریکی ( ئیڤۆ دوشاک ) وەک چەمکێک پەرەی پێدا و بوو بە یەکێک لە تێوریە سەرەکییەکان.
Paradiplomacy
چەمکە پەیوەندیدارەکان بریتین لە:- دپلۆماسییەتی چیندارەکان. دپلۆماسیەتی لاوەکی کاروباری ناوخۆی، جگە لەوەی وەک چەمکێکی گەشەسەندوو، گوزارشت لە ڕەوتێکی بەرەو نێودەوڵەتیکردنی پرسە ناوخۆیەکان دەکات، بە گرنگیدان بە پرسە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و گواستنەوەیان بۆ ناوەندی کاروبارە نێودەوڵەتییەکان…
واتا هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی دیپلۆماسیەتی هاوتەریب و سەرهەڵدانی یەکەکانی ژێر دەوڵەت، کە وەک ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی و یاریزانێکی گۆڕەپانی سیاسی و جیهانی بەشداری بکەن، ئەوەش بە پێی هەندێک لە تیۆریە لاوەکیەکان دەیگەڕێنتەوە بۆ ئەو شەپۆلە نوێییەی گەشەسەندنی جیهانگیری. کە وای کرد یەکە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتە فیدڕاڵییەکان، کە سیستەمی لامەرکەزییان هەبوو، زیاتر ڕۆڵ و بەشداریان لە چالاکییە سیاسییە دەرەکی و نێودەوڵە تیەکاندا هەبێت.
جۆرەکانیParadiplomacy (دیپلۆماسیەتی هاوتەریب):
پرۆفیسۆر ( ئیڤۆ دوجاسیچ) لە زانکۆی نیویۆرک و پرۆفیسۆر (پانایۆتیس سۆلداتۆس) لە زانکۆی مۆنتریال، چەند جۆری پارادیپلۆماسییان دیاریکردووە، کە ئەوانیش لەمانەی خوارەوە خۆی دەبینێتەوە:-
١- مایکرۆدیپلۆماسی ترانسفرانتاڵ ( پەیوندی نێوان هەرێمێک و دەوڵەتێک).
٢- مایکرۆدیپلۆماسی ترانسگنراڵ( پەیوندی نێوان پارێزگایەک و هەرێمێک).
٣- پارادیپلۆماسی گشتی (بونی پەیوەندییە سیاسییە دەرەکییەکان بە پیێ پارێزگاکان).
٤- دواجار پرۆتۆدیپلۆماسی (کردنەوەی پرۆتۆ- باڵیۆزخانە یان پرۆتۆ- کۆنسوڵخانە).
دەوڵەتە فیدڕاڵییەکان لە رووی یاسای دەستووری و دابەشکردنی دەسەڵاتە ناوخۆیەکانیانەوە، هەروەک دەسەڵاتی( بەرگری نیشتمانی، دراو، پەیوەندییەدەرەکییەکان)، لەیەکتری جیاوازن.
هەرێمی کوردستانیش، کە تاکە هەرێمە لە عێراقی فیدڕاڵدا بە پێی دەستوری ٢٠٠٥ کە زیاتر لە75% خەڵکی عێراق دەنگیان بە بڕگەکانی داوە، کە وڵاتێکی فیدڕاڵییە، بە پێی مادەی ١١٧ هەرێمەکان مافی خۆیانە کۆنتڕۆڵی چوارچێوەی تایبەت بە چالاکییە دەرەکییەکانیان ئەنجام بدەن. واتا هەر بابەتێکی پەیوەندی بە پراکتیزە و میکانیزمە دیپلۆماسیە کانەوە هەبێت، ئاسایی و سروشتیە، هیچ پێچەوانەی یاسا و دەستوری فیدڕاڵی نیە، بە پێشێلکردنی یاسا ناو نابریت و هەرێم ئازادە بە پێی دەستور، لە لایەنی یاسای نێودەوڵەتییەکانەوە ڕێگە بە ناوچەکانی عێراق دراوە، کە لە چوارچێوەی ئەو سنورەی دیاریکراوە، پەیوەندی ببەستن و دروستبکەن.
لەگەڵ گەشەی جیهانگیری، کە پەیوەندییە سنوور بەزێنەکان، هاتۆتە ئاراوە و تا دێت پرسی دیپلۆماسی دەبێتە ئیمتیازێکی لامەرکەزی، هەندێک دەوڵەت بە فەرمی بەرژەوەندییەکانی یەکە سیاسی و کارگێڕییەکانیان لە کاروباری دەرەکی و دەرەوەیان دەناسێنن، بە گشتی دیپلۆماسیەتی هاوتەریب دیپلۆماسیەتی ناحکوومیە. لەو ڕوانگەیەوە دەشیێت هەرێمی کوردستان زیاتر برەو بە چالاکییە سیاسیە دەرکیەکانی بدات، بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و خواستە سیاسیەکانی دروستکردنی ستراتیجیەتی پەیوەندی دیپلۆماسی بەهێز و بەکارهێنانی هێزی نەرم لە داڕشتن و دروستکردنی بڕیارە سیاسیەکانی.
لە نموونەیەکی زیندوو، بۆ پراکتیزەکردنی بکەرە نانێودەوڵەتیەکان، لە دبلۆماسیەتی هاوتەریبدا، نموونەی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دبلۆماسیەکانیدا، بەتایبەتی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆسدا، کە هەرێمی کوردستان بانگهێشت دەکرێت و ئامادەبوونی وەک هەرێمێکی خاوەن سەروەری، لە لایەنی ئەتەکێت و پرۆتۆکۆڵی، هاوشێوەی سەرکردەکانی وڵاتانی سەربەخۆ ئەنجام دەدرێت.
لەو ڕوانگەیەوە، ئامادەبووني سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی، لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ٢٠٢٣ ، دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان و کاردانەوەی ئەرێنی لە رووی سیاسی و دبلۆماسی وئابوورییەوە.
کۆڕبەندی داڤۆس، کار لەسەر دۆسیە گەورە و گرنگەکانی جیهان دەکات، لەوانە شۆڕشی تەکنەلۆجیا و پیشەسازی و گۆڕانکاری ئابووریی، لەسەر ئاستی جیهان و کاریگەریی جەنگی روسیا و ئۆکراینا، کاریگەریان لەسەر ئاسایش و وزە و گاز و ئابووریی جیهان.
هاوبەشی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکەی بۆ پێگەی جیۆسیاسی و جێوپۆلۆتیکی لە ناوچەکەدا دەگەڕیتەوە، بە تایبەتی لە ئێستادا، کە کێشەی وزەی سروشتی لە ئەروپا، بۆتە کێشەیەکی ترسناک و هەوڵدانی وڵاتان، بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی وزە و وزەی نوێ بۆ چارەسەرکردکرنی. کوردستان دەکرێت یەکێک بێت لەو جێگرەوانەی وزە و گازی سروشتی، کە لە ئێستادا گرنگی و بەهای هەیە، جیهان بەگشتی چاوەکانی لەسەر وزە و گازی سروشتیە.
* مامۆستای زانكۆ