عمر خضر*
وشکەساڵی کێشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شارو کەمی بەرهەم و دابەزینی جۆرەکەی، کاریگەری نەرێنی سەر ئاژەڵداری، زیادبوونی تێچوونی بەرهەمهێنان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، زۆر جار بڕێکی زۆری هەور بەسەر شارو گوندەکان تێدەپەڕێت بێ ئەوەی بارانیان لێبباریت، ئەمە وای لە زانایان لە سییەکانی سەدەی رابردوو کرد بیر لەوە بکەنەوە چۆن لەو هەورانە باران ببارێنرێت و، سوود بە زەوی و بوونەوەر بگەیەنێت، ئەم جۆرە کارە پێی دەوتریت “باران باراندنی دەستکرد”.
باران بەخششەکی خودایە بۆ بوونەوەرو زەوی پێ زیندوو دەکاتەوە (وجعلنا من الماء كل شىء حى)، بۆیە پێویست ناکات لێرەدا سوودەکانی ئاو بژمێرم،
گۆرانی کەش و هەوا بە هۆی دەردانی رێژەیەکی زۆر لە گازەکانی هۆکار بۆ قەتیسبوونی گەرمی زۆر دیاردەی نەویستراوی لەگەڵ خۆیدا هێنا، یەک لەوانە وشکەساڵییە کە کاریگەری نەرێنی زۆرە، تا دەگاتە ئاستی کارتێکردنی ئاسایشی خۆراکمان کە بەشێکە لە ئاسایشی نەتەوایەتیمان. یەکێک لە چارەسەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەواو وشکەساڵی، باران باراندنی دەستکردەو، وڵاتمان زۆر پێویستی پێیەتی.

“باران باراندنی دەستکرد” تەکنیکێکە بۆ هەموارکردنی کەش و هەواو توانای هەور باشتر دەکات بۆ باراندن، لە هەمان کاتدا کۆنتڕۆڵی بڕو شوێنی باران دەکات لەگەڵ دابەزاندنی پلەی گەرمی هەور یان بەرزکردنەوەی چڕەکەی، میکانیزمی ئەم باراندنە بە زیادکردنی چڕی هەورەکانە بە پڕژاندنی چەند مادەیەک لە سەرەوەی هەورەکان بە فڕۆکە، لە هەمان کاتدا ئەم مادانە وەک ساردکار کار دەکەن، بەم شێوەیە پلەی گەرمی هەورەکە کەم دەبێت و بە شێوەی باران دادەبەزێتە سەر زەوی.
ئەو مادە کیمییانەی بۆ ئەم مەبەستە بە کاردەهێنرێت بریتین لە یۆدیدی زیو، بەفری وشک، پرۆپانی شل، هەروەها پڕژاندنی ئاو، ئێستا تەکنەلۆجیایەکی زۆر پێشکەوتوو کە بە وزەی خۆر کار دەکات لە لایەن کۆمپانیایەکی سویسری – ئەڵمانی بە ناویWEATHERTEC پراکتیزە دەکرێت، ئەویش بە بەکارهێنانی بارگەی کارەبایی، ئەم تەکنەلۆجیایە باران باراندن بەهێز دەکات لە ناوچە زۆر وشک و نیمچەوشکەکان بە پانتایی هەزاران کیلۆمەتر چوارگۆشە کە بە “ئایۆنیزەکردن”یش ناودەبرێت.
تەکنەلۆژیای ئایۆنیزەکردن لەسەر بنەمای بارگاویکردنی ئایرۆسۆڵەکان charging aerosols لە بەرگەهەواوە لەلایەن وێستگەکانی پاڵنەر لە زەویدا. ئایرۆسۆڵەکان بارگەی نەرێنی دەگوازنەوە بۆ هەورەکان کە پرۆسەی چڕبوونەوەو گەشەی تەنۆلکەکانی ئاو بەرز دەکەنەوە.
ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە کە بناغەکەی بە ئایۆنیزەکردنی بەرگەهەوایە، لە رێگەی دانانی وێستگەی جێگیر لەسەر زەوی، یان گواستراوە بە گوێرەی پێویست، ئەم خەسڵەتانەی هەیە:
1- دەتوانریت بڕو کات و رووبەری بارانباراندن بە گوێرەی پێویست کۆنتڕۆڵ بکرێت.
2- بە ئاسانی دادەمەزرێت و کاری پێ دەکرێت و تێچوونەکەشی زۆرکەمترە بە بەراورد لە گەل ناوچەکانی تری عیراق.
3- دەتوانرێت ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار مەتر سێجا باران ببارێندرێتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەم بڕە دیارکراوە سەرەڕای بارانی سروشتی ساڵانەیە و، زیادە ئاماژە پێکراوەکەش بەم شێوەیە (هەولێر: 331، سلێمانی: 563، دهۆک: 176 ملیۆن مەتر سێجا).
4- بە هۆی کەش و هەواو تۆپۆگرافی و بارستە هەواو چڕی هەور، ئەم تەکنەلۆجیایە لە کوردستان بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تری عیراق، ئەنجامی بەرچاوتری دەبێت.
5- دۆستی ژینگەیە و هیچ مادەی کیمیایی تیادا بەکارناهێنرێت، پاشماوەشی نییە.
6- بە وزەی خۆر کاری پێدەکرێت.
7- دەتوانریت لە هەموو وەرزەکان سوودی لێ وەربگیرێت.
8- پلەی گەرمی ناوچەی باراندن کەمتر بکرێت.
9- ئەم سستمە لە وڵاتانی دەوروبەر بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە وسوودی باشی هەبوە
ئەم تەکنەلۆجیایە لە کوردستاندا دەکرێت لە زۆر بواردا سوودی لێ وەربگیرێت، لەوانە:
ا- لە کاتی پێویست و وشکەساڵیدا دەتوانرێت کێڵگەکانی دانەوێڵەی پێ ئاو بدرێت و بەرهەم زیاد بکرێت و، ئاسایشی خۆراکمان دابین بکەین و، کۆچکردن لە گوند بۆ شار رابگیرێت.
ب- دەکرێت بە گوێرەی پێویست ئاو لە بەنداوەکان بکرێت.
ج- دەکرێت ئەم باران باراندنە لە کاتی وشکەساڵی لەسەر ناوچە شاخاوییەکان و لەوەڕگەکان ببارێندرێت، بەمەش وەرزی بەهار درێژتر دەبێت و لەوەڕگە فەراهەم دەکرێت بۆ ئاژەڵداران، بەم شێوەیە تێچووی ئاژەڵداری کەمتر دەبێت، هەروەها دارستانە سروشتییەکانمان گەشە دەکەن و دەتوانرێت پانتایی زیاتر بکەینە دارستان.
د- بە درێژکردنەوەی وەرزی بەهار بەم تەکنەلۆجیایە، پرۆسەی گەشتیاری چالاکتر دەبێت و، دەبێتە سەرچاوەیەکی باشی داهات و، ژینگەمان پاکتر دەبێت.
بۆ پراکتیزەکردنی ئەم پرۆژە گرنگە بە لەبەرچاوگرتنی باری دارایی وڵات، پێشنیار دەکەم ئەم لایەنانە لە رووی داراییەوە هاوکاربن:
– کۆمپانیاکانی نەوت، هەر کۆمپانیایەک بەشێک لەئەستۆ بگریت لە ژێر بڕگەی Social Responsibility.
– رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان وەک UNDP, UNEP, FAO.
– کەرتی تایبەت، وەک وەبەرهێنەر لەم بوارەدا.
*راوێژکارو بەڕێوەبەری پەیوەندیەکان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر










