ئاوارە مەلا حاجی دێلۆیی
لە رێککەوتی ١٠/١/٢٠٢٣ ژمارە (1324) ڕۆژنامەی رێگای كوردستان، كە بڵاوكراوەیەكی حزبی شیوعی كوردستانە و هەفتانە بڵاودەكرێتەوە بابەتێك لە ژێرناونیشانی “وەڵامێك بۆ د.كامەران مەنتك” بڵاوکردۆتەوە كە لە لایەن (مەغدید حاجی) وە نووسراوە، لە وەڵامی دكتۆر كامەران مەنتك، مەغدید حاجی هەندێك ڕاستی لەبارەی داستانی هەندرێنەوە ئاماژە پێكردووە و ئەوەی ڕەتكردۆتەوە كە نە لە دوور و نە لە نزیك هیچ ئەفسەرێكی جوولەكە سەرپەرشتی داستانی هەندرێنی كردبێت، هاوكات ئەوەشی ڕەتكردۆتەوە كە كامەران مەنتك باسی لەوەكردووە كە ئەوەی نووسراوە زیاتر بۆ فریودانی خەڵك و بەلارێدابردنی ڕاستییەكانە و شتێك نەبووە بە ناوی شۆڕشی كورد، منیش لەگەڵ هەردوو بۆچوونی مەغدید حاجی كۆكم.

بەڵام ئەوەی بۆ من مایەی سەرنج و هەڵوەستە لەسەركردنە، مەغدید حاجی باس لەوە دەكات كە پلاندارێژەری سەرەكی ئەم شەڕە سێ فەرماندەی حزبی شیوعی عێراق بوون، هاوكات ئەوەشی خستۆتەڕوو كە سێ لق بەشداریان لەو داستانە كردووە و دوو لقی حزبی شیوعی بوون و لقێكی عیزەتی سلێمان بەگ بووە. لە ڕاستیدا ئەگەر بەدواداچوون بكەیت بۆت ڕوون دەبێتەوە كە داستانی هەندرێن بە فەرماندەیی رأستەوخۆی ئیدریس بارزانی بووە، ئامانجی ئەو هێرشەی حكوومەت، لە لایەك هێرش كردنە سەر گەلاڵە بوو، بەمەبەستی هەڵتەكاندنی بارەگاكانی سەركردایەتی شۆڕش لە باڵەكایەتی و، لە لایەكی دیكە هێرشكردن بوو، بۆ سەر دەڤەری بارزانی سەركەش.

سەركردەی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی خۆی لە ناوسەنگەرەكانی پێشەوەدا بووە و بنكەی سەركردایەتی لە كۆسپی سپی دامەزراند. بە مەبەستی رزگاركردنی هەندرێن و لەگەڵ فەرماندەكانی تری پێشمەرگەدا نەخشەیەكی سەربازی تۆكمەی داڕشت، نەخشەكەش بریتی بوو لەوەی كە ژمارەیەك خۆبەختكار بەرەو سەنگەرەكانی سوپا بچن، پاش ئەوەی ئەو سەنگەرانە لەلایەن تۆپخانەكانی شۆڕشەوە دەكوترێن، لە كاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆدا هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر هەندرێن دەستی پێكردو و لە ماوەی نیوسەعاتدا لوتكە گرنگەكەی هەندرێن لە لایەن پێشمەرگەوە كۆنترۆڵكرا و دواتر بۆ پاك كردنەوی تەواوی چیای هەندرێن پێشمەرگە سێ‌ سەعات شەڕی دەستەویەخەی درێژەپێدا و بە خوێنی چوار (4) شەهیدی قارەمان ئەو داستانە تۆماركرا، كوژراوانی هێزی هێرشبەری حكومەت بەسەدان سەرباز بوون، مێژونووسان دەڵێن ئامادەبوونی ئیدریس بارزانی وەكو سەركردەی ئەو داستانە هۆكارێكی مەزنی سەركەوتنی پێشمەرگەو گرتنەوەی چیای هەندرێن بووە.

ناكرێت ئاماژە بۆ ئەوە نەكەین كە هێزێكی حزبی شیوعی عێراقیش بەشداری ئەو نەبەردییەیان كرد و رۆڵێكی جوامێرانەیان بە پێی حەجمی خۆیان نیشاندا، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت كە ئەوان ڕۆڵی سەرەكیان بینیوە، بەڵكو ئەوە پێشمەرگەكانی فەرماندەیی باڵەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون كە ڕۆڵی سەرەكیان بینیوە، هاوكات پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی مام وسوو دزەیی و هێزەكەی بدەین كە بۆ پاڵپشتی كردنی هێزی باڵەك بەشدارییان لە داستانەكەدا كرد.

لە بنەڕەتدا ئەركی پاراستنی هەندرێن لە ئەستۆی یەكەكانی حزبی شیوعی عێراقی بوو و پاراستنی زۆزك و گەرووی عومەرئاغا لە ئەستۆی هێزی باڵەك بوو، لە سەرتادا دوژمن ئەو هەڵەی قۆستەوە كە بەشێكی زۆر لە پێشمەرگەكانی بەرەی هەندرێن بەشدارییان لە ئاهەنگی ژنهێنانی مولازم ڕیاز كردبوو و ببوو بە هۆكارێك كە دوژمن هەندرێن داگیر بكات و دواتر ئیدریس بارزانی كۆبونەوەیەكی بە فەرماندەكانی پێشمەرگە لە دەڤەرەكە كرد و تەئكیدی لەوەكردەوە كە بە هەر نرخێك بێت پێویستە پێشكەوتنی دوژمن بوەستێنرێت و بروسكەیەكیشی بۆ جەنابی مەلا مستەفا بارزانی كرد و بەڵێنیدا كە پێشكەوتنەكانی دوژمن بوەستێنێت و هەنگاوی پێویستی لەو بارەوە نا و دوای بەرگرییەكی قورس پلانی هێرشكردنیان دەست پێكرد و توانییان چیای هەندرێن ئازاد بكەنەوە.

دوای ئەو سەركەوتنە مەزنەی لەشكری شۆرشگێری كوردستان ئیدریس بارزانی بروسكەیەك ئاراستەی هێزی پێشمەرگە دەكات كە ئەمە دەقەكەیەتی:” بۆ فەرماندەی هێزی باڵەك دەڵێت” تۆ و جەماعەت جێگای ئومێدن بۆ تەحمول كردنی هەموو موشكیلەیەك و ئەبێ‌ ئیعتمادتان لە سەرخۆ بێت، ئێمە زۆر تەقدیری خزمەتی ئێوە دەكەین كە بە پاكی كردووتانە”.

هاوكات مستەفا بارزانی بروسكەیەكی پیرۆزبایی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان نارد كە ئەمە دەقەكەیەتی” بۆ هێزی باڵەك، هەموو بارەگاكان، ئەی پاڵەوانانی كوردستان لە چیای هەندرێن، سوپاسی تێكۆشانتان دەكەین، پیرۆزبایی لە پاڵەوانیەتی پەرزوگارتان دەكەین لە پارێزگاری كردنی خاكی كوردستانی پیرۆز و گەلی كوردیش هەمیشە شانازیتان پێوە دەكات، داواكارین لە خودا كە بە سەر دوژمنی زۆرداردا بە یەكجاری سەرتان بخات” داستانی هەندرێن پێویستە بە ئەمانەتەوە بۆ نەوەكانی داهاتوو بگوازرێتەوە.

ئەوەی كە گرنگە هەندرێن سەركەوتنی گەلی كورد بووە و بە تەنیا سەركەوتنێكی سەربازی پێشمەرگە نەبوو، بەڵكو لە سەر بارودۆخی سیاسی و پەیوەندی نێوان شۆڕش و حكوومەتی ناوەندیش كاریگەریی مەزنی دانا، كە دیارترینیان ئەوەبوو حكومەتی ناوەندی رێگاچارەی سەربازی بەلاوەناو ناچار بوو، كە داوای گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ شۆڕش بكات، كە دواتر رێككەوتننامەی ئاشتی 29ی حوزەیرانی شەست و شەشی لێكەوتەوە، ئیدریس بارزانی كە فەرماندەیی داستانی هەندرێنی دەكرد دەتوانم بڵێم لە ماوەی 26 ساڵ خەبات و تێكۆشانی لە ناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان ناو و ناوبانگێكی گەورەی بۆ خۆی و نەتەوەكەی دەستەبەر كرد و ناوی بە جاویدانی لە ناو دڵ و دەروون و هزری نەتەوەكەی و نیشتمانپەروەران بمێنێتەوە.