خەبات: پەریهان عومەر:- هەڵمەتی 16ڕۆژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان هەڵمەتێكی جیهانییە ساڵانە ئەم هەڵمەتە بەرزڕائەگیرێ و لە هەموو شوێنێك لەلایەن ڕێكخراوەكانی ئافرەتان كار و چالاكی، كۆڕ و سیمینار بەرێوەدەچێت تا كۆمەڵگە هۆشیاربكەنەوە لە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان. ئێمە لەم ڕاپۆرتەماندا ڕای چەند توێژەر و خاتوونمان وەرگرتووە لەسەر ئەم بابەتە.

هەمین شێرزاد ئەحمەد، ڕێنمایكاری دەروونی لەو بارەوە دەڵێت: هەڵمەتی شانزدە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژ بە كچان و ژنان هەڵمەتێكی جیهانییە و ساڵانە لە 25ی 11 ئەم هەڵمەتە دەستپێدەكات، لەگەڵ دەستپێكی ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یادی دەكرێتەوە و چالاكی جیاجیا ئەنجامدەدرێت، هاوكات لە هەرێمی كوردستانیش گرنگییەكی باش بەم بابەتە دەدرێت و حكومەت سەرجەم ئۆرگانەكانی تایبەت بەم پرسە ڕادەسپێرێت بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان بە مەبەستی كەمكردنەوە و نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر بە تاكێ مێینە. لە هەرێمی كوردستان سەرباری ئەم هەنگاوە گرنگانە بەداخەوە دەشێت بڵێین توندوتیژی لەبن نەهاتووە و هێشتا ئەقڵی پیاوسالاری لەم هەرێمە بوونی هەیە و ئافرەت بە پاساوی جیاجیا و بە بیانووی شەڕەف توندوتیژی بەرامبەر دەكرێت و دەكوژرێت و دەسوتێندرێت.

هەندێكجاریش بەهۆكاری فشاری دەروونی ڕووبەڕووی خۆكوشتن و خۆسووتاندنی دەكرێنەوە، كە لە ئەسڵدا شەڕەف شتێكی ترە و تایبەتمەندە بە هەڵسوكەوتی مرۆڤەوە بەبێ جیاوازی. ئافرەت ڕووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی دەبێتەوە لەوانەش دەروونی و جەستەیی، بەداخەوە لەگەڵ پێشكەوتنی سۆشیاڵ میدیا و ئامێرەكانی پەیوەندی دەكرێت بڵێین بەشێكی كۆمەڵگە لە بڕی ئەوەی سودی لێببینن بە پێچەوانەوە كردوویانە بە سەرچاوەیەكی خراپ بۆ هەڕەشەكردن و سووكایەتیكردن بە ئافرەت كە ئەمەش جۆرێكی تری توندوتیژیە و زۆرجار ئافرەت قوربانی سەرەكییە لەم بابەتە.

دەسخۆشی زۆرم بۆ نوسینگەكانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان هەیە كە لە ڕێگەی هێڵی گەرمی 119 تا ڕادەیەكی باش توانیویانە سنوور بۆ ئەو خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن دابنێن و هاوكات هۆكارێكی باشی كەمكردنەوەی توندوتیژیش بوونە بەرامبەر ئافرەت و لە سایەیاندا خەڵك هۆشیار بۆتەوە و زۆربەی ئافرەتان ئیتر بێ ترس و دوودڵی چیتر لەژێر هەژموونی پیاو، چەوساندنەوەی خۆیان قەبوڵناكەن، هاوكات ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و كۆمەڵگەی مەدەنیش هۆكارێكی باشی هۆشیاركردنەوەی خەڵكن و لە ڕێی كۆڕ و سیمینار و ۆرك شۆپ و هەروەها دروستكردنی فشار لەسەر حكومەت، خۆشبەختانە تا ڕادەیەكی باش كۆتایی بە زۆرێك لە كلتورە سەقەتەكان هاتووە وەك: شیربایی، ئافرەت لەبڕی خوێن و سوڵحكاری و …هتد، هەم خەڵك هۆشیارە و هەم حوكومەتیش ڕۆڵێكی باشی بینیوە لە سزادانی بكوژانی ئافرەت، لە هەمان كاتدا حكومەت ڕێخۆشكەر بووە بۆ ئەوەی ئافرەت بخوێنێت و هەست بە بوونی خۆی بكات و زەمینەشی بۆ ڕەخساندووە تا بتوانێت ڕۆڵی خۆی لە ناو دام و دەزگاكان ببینێت، هیوادارم هەم حكومەت و هەم دەزگاكانی پەیوەندار بە پرسی مافی ئافرەت هەموو ڕۆژێك بە گیان ئەم هەڵمەتە كاربكەن و هزری توندووتیژی كۆتایی پێبهێنن.

ژوولی عەدنان، ڕۆژنامەوان دەڵێت: توندوتیژی دژی ژنان وەك ئەوەی ناسراوە بە توندوتیژی ڕەگەزیی و توندوتیژی سێكسی و ڕەگەزیی (SGBV)، بە شێوەیەكی گشتی بەكاردێت بۆ ئاماژەدان بە هەر كردەوەیەكی توندوتیژی كە بە ئەنقەست یان بە شێوەیەكی نائاسایی بەرامبەر بە ئافرەتان ئەنجامدەدرێن وەك تاوانی ڕق و كینە، ئەم جۆرە توندوتیژییە لەسەر بنەمای ڕەگەزی قوربانییەكە وەك هاندەری سەرەكی و ڕەنگە جەستەیی یان دەروونی بێت، توندوتیژی دژی ئافرەتان مێژوویەكی زۆر دوور و درێژی هەیە و یەكێكە لە بەربڵاوترین و بەردەوامترین پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ، هەرچەندە بە تێپەڕبوونی كات و تەنانەت ئەمڕۆش لە نێوان كۆمەڵگەكاندا ڕێژەی توندوتیژی لەو جۆرە جیاواز بووە ئەم توندوتیژییە زۆرجار وەك میكانیزمێك بۆ ژێردەستەیی ژنان تەماشادەكرێت، لە پەیوەندی تاكەكەسیدا ڕەنگە ئەم توندوتیژییە لە هەستی باڵادەستی، بەدبەختی یان هەڵسوكەوتی هاوشێوە لە سەرپێچیكاردا سەرهەڵبدات، یان بەهۆی سروشتی توندوتیژییەوە بەتایبەتی بەرامبەر بە ئافرەت ببێتە هۆی ڕووخانی دەروونی، ئەمەش باوترین جۆری توندو تیژییە بەرامبەر ڕەگەزی مێ بەگشتی هەر لە منداڵییەوە ئەنجامدەدرێت كە لێكەوتەی خراپی بۆ دروستبوونی كەسایەتی دروستدەكات و لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی توندوتیژی هەست و برینداركردنی لە منداڵیدا، هەڵوێستی نەرێنی بەرانبەر بە پیاو بۆ دروست دەبێت، بێگومان ئەمەش كۆمەڵێك گرفت لە كۆمەڵگە دروستدەكات. توندوتیژی بەرانبەر ئافرەت لە هەموو ژینگەی ژیانیدا هەیە، خێزان، كار، بازار چونكە ئافرەت بە وشەیەك ئازار ئەچێژێت ئەمەش توندوتیژیە.

میدیاكار دالیا سابر ڕای خۆی بەمشیوەیە دەخاتەڕوو: ئەم بۆنەیە بۆ بلاوكردنەوەی هۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە سەرانسەری جیهان كراوە بە دروشمی یەكسانی جێندەری و بەرەنگاربوونەوە دژی دەستدرێژی سێكسی بەردەوامە، هەندێك ناحەقی بەرامبەر بە ئافرەتانن دەكرێت، بۆیە هەموو ساڵێك ئەم پرسە دەوروژێندرێت بە ئەنجامدانی چەندین ۆرك شۆپ و سیمیناری تایبەت بەم پرسە بۆ ئەوەی زیاتر لێكتێگەیشتن هەبێت لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا و بە تایبەتی ژن و مێرد كە هەموو ڕۆژێكیان بكەن بە ڕۆژی لێكتێگەیشتن، بەڕاستی بۆ پرسێكی وەها گرنگ شانزە ڕۆژ یان یادكردنەوەیەكی ئاسایی بەس نییە و پێویستی بە هەوڵێكی جیدی بە درێژایی ساڵ هەیە. پاككردنەوەی هزری توندوتیژی پلانی دریژ خایەن و یارمەتی حكومەتو خێزان و قوتابخانە و كۆمەڵگەی هەیە و پێویستە ئەم هەڵمەتە ببێتە نەخشەڕێگەیەكی درێژخایەن و پلانێكی پەروەردەیی لەسەر ئاستی هەموو كۆمەڵگە.

سازان وەهاب محەمەد، شارەزا لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: سەرەتا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بابەتی ناساندنی ئەم ڕۆژە كە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و چۆن كرا بە ڕۆژێكی تایبەت بەم پرسە، واتا پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە جیهان، لە 25-11-1960 دەسەڵاتی دیكتاتۆری كۆماری دۆمینیكان لە كردەیەكی نامرۆڤانەدا سێ خوشكی بەناوەكانی(ماریا تیرایزا میرابال و پرتریا تیرایزا میرابال و مینیرفا تیرازیرا میرابل) بەشێوەیەكی دڕندانە دەكوژرێن، ئەم بابەتە دەبێتە هۆكاری ئەوەی دەنگدانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا بهێنێت، لە ساڵی 1981یش ڕێكخراوەكانی تایبەتمەند بە مافی مرۆڤ لە ژێر ناونیشانی كۆمەڵێك دروشم و ڕێكاردا دەستیان بە هەڵمەتێكی گەورەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم حاڵەتانە كرد، دواجار ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش بە بڕیارێك (54-138) ڕۆژی كوشتنی ئەو سێ خوشكەی لەو بەروارە واتا 25/11 كرد بە ڕۆژی جیهانی دژ بە توندوتیژی ئافرەتان و ناسێندرا و هەڵمەتێكی میدیایی و رێكخراوەیی بۆ ئەنجامدا، پێموایە ڕژێمە دیكتاتۆرەكان درێغیان نەكردووە لە توندوتیژی بەرامبەر بە هاووڵاتیان، ئەمە سروشتی سیستەمی دیكتاتۆرییەتە، بەڵام كاتێك توندوتیژی دەبێتە كلتور و ڕۆدەچێتە ناو كۆمەڵگە و بەشی زۆری ئەم توندوتیژییەش ڕووبەڕووی ئافرەتان دەبێتەوە ئەمە گرنگترە كاری لەسەر بكرێت نەك ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیستەمە سیاسییە گشتیەكە، چونكە كە توندوتیژی بووە كلتور سیستەمە سیاسییەكەیش ڕەنگی كۆمەڵگەكە هەڵدەبژێرێت و پێڕەوی دەكات، بۆیە ڕۆژێك و مانگێك و ساڵێك بابەت نییە هێندە ئێمە دەستنیشانی تەواوی لێكەوتەكانی ئەو كلتورە بكەین، بەڵكو چالاكییەكان لەم بوارەدا پێویستە ببێتە فشار یاخود بێتە ئەجێندایەك جێی بێتەوە لە مەنهەجی خوێندن و نەوەیەكی تەندروست لە مامەڵەكردن لەگەڵ دەورووبەری دروستبكرێت نەك ڕۆژێك دەستینشان بكرێت و گرووپ و ڕێكخراوەكان و میدیاكان بەم بابەتەوە سەرقاڵ بكرێت و دوای تەواو بوونی ئەو ڕۆژە هیچ دەسكەوتێك لە ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگە بەرەو باشتری لێنەكەوێتەوە، ئەمە بەڕای من هیچ دۆخێك چاك ناكات، بەڵكو تەنیا دەبێتە هۆكاری دەرخستنی هەندێك كەس و لایەن و ڕێكخراو و نابێتە هۆكاری چارەسەر.

ئێمە لەم ڕۆژەدا پێویستە وردتر كار لەسەر پرەنسیپە گرنگەكانی مافی مرۆڤ بەگشتی و ئافرەتان بكەینەوە وەك هەنگاوێك بەرەو كۆمەڵگەیەكی مەدەنی دروست بگونجێت لەگەڵ پێكهاتە كۆمەڵایەتی و ئاینییەكان لە كوردستان، نەك ببین بە بەشێك لە ئەجێندایەكی نەگونجاوی هێنراو لە دەرەوەی كۆمەڵگەیەك كە لە ناوچەیەكی جیاواز و بارێكی كۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی جیاوازدایە، بەڕای من پێویستە هەڵمەتەكان لە چوارچێوەیەك بێت جێگەی خۆی بگرێت، ئەگەر دیراسەیەكی ورد بكرێت لە سەر ئەم پرسە دەبنین یادكردنەوەیەكی وا تەنیا وابەستەیە بۆ چالاكییەكی كەم و كەم دەرئەنجام.

هەمین شێرزاد
سازان وەهاب
ژوولی عەدنان
دالیا سابر