خەبات: سولین سلێمان:- 25 ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتانە، لە دونیای ئەمڕۆدا، جۆرەكانی توندو تیژی ئەزیەت و ئازاری جەستەی، دەروونی، كۆمەڵایەتی و سیاسی، پێشێلكردنی مافی ئافرەت لە نموونە ڕوون و بەرچاوەكانی توندوتیژی لە دژی ژنان دێنە ئەژمار، هەر بەم بۆنەوە ١٦ رۆژ هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ئەنجام دەدرێت بە هەبوونی كومەڵێك چالاكی و كوڕ و سیمیناری جیاواز، زوهیلە یوسف محەمەد ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتان و بەرپرسی بەشی تواناسازی لەم دیمانەیەدا بۆ لاپەرەی ئافرەتان باس لە چالاكییەكانیان دەكات لەم ١٦ ڕۆژ هەڵمەتە و هەروەها كۆمەڵێك پرسی تر دەخاتەڕوو.

* ئێوە وەك سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەم ١٦ ڕۆژ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت چ كار و چالاكییەكتان دەبێت؟
– ئێمە وەك نەریتێك هەموو ساڵێك، سكرتارییەتی یەكێتی ئافرەتان لەم ١٦ ڕۆژەدا كۆمەڵێك چالاكیمان دەبێت كە خۆی لە كۆمەڵێك كۆڕ و سیمینار و پانێڵی جیاواز دەبینێتەوە، خۆشبەختانە وەك سكرتاریەت ئێمە توانیومانە دەستمان بگەیەنینە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان و لە زاخۆ تاكو خانەقین و گەرمیانیش لە ڕێگەی ناوەندی ئەنجومەنەكانمان توانیومانە كۆڕ و سیمینار پێشكەش بكەین بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و هیوادارین لەم ١٦ ڕۆژانەدا بتوانین هەڵمەتێكی باش ئەنجام بدەین و سوودێكی باش بە كۆمەڵگەكەمان بگەیێنین.

*پێتوایە دیارترین ئەو ئەگەرانە چین كە بوونەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت؟
– خراپ بەكارهێنانی سۆشیال میدیا، هاوسەرگیری بە بێ هاوسەنگی ئاستی بیركردنەوە و ڕۆشنبیری لە دیارتینی ئەو ئەگەرانەن كە بونەتە هۆی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت، چونكە ئەگەر لە دادگاكانیش سەیربكرێت دەبینین كە زۆربەی كەیسەكان ئەوانەن كە هاوسەرگیری نادروستیان كردووە، بۆ نمونە ئافرەت دراوە بەشوو لەئەنجامی سوڵحی كێشەی خوێنداری یاخود لە جیاتی پاكانەی قەرزی پارە، هۆكارێكی تریش لایەنی ئابوورییە كە كاریگەری خۆی هەیە ئەویش دوای ساڵی 2014 لەگەڵ دروستبوونی پەلاماری داعش بۆ سەر كوردستان و قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچە بوونە هۆكار كە كێشە دروستبكات، هۆكارێكی تریش دابونەریتی كۆمەڵگەكەمان، لەگەڵ هاتنی خەڵكانێكی بیانی كە داب و نەریتان لەگەڵ ئێمە جیاوازە بوونە هۆی ئەوەی كە جۆرە توندوتیژییەك لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.

*ئایا حكومەت و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ئافرەتان تا چەند توانیویانە ڕۆڵی خۆیان لە چارەسەكردنی ئەو كێشانە ببینن؟
– ئەگەر سەیری بكەین چ حكومەت و چ ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی خۆیان بینیوە لە چارەسەكردنی كێشەكان بە تایبەت ڕۆڵی بەڕیز كاك نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگەی كردنەوەی نوسینگەكانی تایبەت بە توندوتیژی دژی ئافرەتان و هەروەها ئێستا ڕێزدار مەسرور بارزانی بەردەوام پاڵپشتی ئەو یاسایانە دەكات كە بەرگری لە ئافرەت دەكات و ڕێگرە لە بەكارهێنانی توندوتێژی خێزانی كە لە پەڕلەمانی كوردستان دەرچووە. ڕێكخراوەكانی ئافرەتانیش لەسەر ئەم بابەتە كاری باش و جدییان ئەنجامداوە و خۆیان لەسەر كەیسەكان بە خاوەنكردووە، چونكە ئێمە وەك سكرتاریەتی ئافرەتان بەشی چاودێری كۆمەڵایەتیمان هەیە كە خاتوو ئیلهام بەرپرسی ئەو بەشەیە تێیدا تا چەند بتوانێرێت لەوێ ئەو كێشانە چارەسەر دەكات ئەگەر زانرا كە كێشەكە گەورە و ئاڵۆزە ئەو كات كەیسەكە دەنێردرێت بۆ نوسینگەكانی توندو تیژی دژی ئافرەتان لەوێ ئەوان خۆیان هەڵدەستن بە چارەسەركردنی كێشەكان.

*ئەگەر بەروارد بەم ساڵ لەگەڵ ساڵی ڕابردوو بكرێت ئایا ئەنجامەكان پۆزەتیڤن یا نێگەتیڤ؟
– ئەگەر سەیری گۆڕانكارییەكان بكەین لەم ساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ناتوانین بە دروستی بڵێن كە ئەنجامەكان چۆنن، بەڵام تا ڕادایەك دەتوانین بڵێین كەمترە بەراورد بەساڵی ڕابردوو، چونكە بە پێی زانیارییەكان و ئامارەكان لەم ساڵ ٢٩ ژن كۆژراون هەرچەندە لەوانەشە زیاتریش بن، بەڵام بە نادیاری مابن، ئەو ژمارەی بەدەستمان گەیشتووە ژمارەیان ٢٩ ژن بووە كە كوژراون بە هۆكاری جۆراوجۆر.

*پێتوایە چی بكرێت بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان؟
– هیوادارم یاسا زیاتر سەرەوەر بێ‌ بۆ ڕێگەگرتن و سزادانی ئەنجامدەری توندو تیژی و ببێتە هۆی ڕاگرتنی ئەو كارانە لە هەمبەر هەموو كێشەكان و دووەم كاریش بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری كۆمەڵگەی ئێمە زیاتر گرنگی بە پەروەردەی منداڵ بدرێ بە كچ و كوڕەوە. سێیەم بنبڕكردن و نەهێشتنی هۆكارەكانی توندوتیژی و چارەسەری یەكجاری بۆ پاراستنی خێزان و پێگەی ئافرەت وەك چۆن لە كەڵتوری كوردەواری ئێمە ئافرەت ڕێزی لێگیراوە بۆ ئەوەی بتوانین كە توندوتیژی دژی ئافرەت كەمبكەینەوە.