لەو كاتەی شەیدایانی تۆپی پێ چێژ لە یارییەكانی مۆندیالی 2022 وەردەگرن، كە ئێستا لە قەتەڕ بەڕێوە دەچێت، قسە لەسەر زۆر لایەنی دیكەی وەكو نرخی یاریزانان، بەهای بازاڕی هەڵبژاردەكان، خەڵاتی دارایی بەشداربووان و گوژمەی میوانداریەتی كردنی دەكرێت، لەبەر ئەوەی تۆپی پێ ئێستا بووەتە پیشەسازییەكی گەورە. بەهای بازاڕی تەواوی هەڵبژاردەكان دەگاتە 12.23 ملیار یۆرۆ، ئینگلتەرا بە 1.26 ملیار یۆرۆ لە پێشەوە دێت، بەڕازیل بە 1.14 ملیار یۆرۆ لە پلەی دووەم، فەرەنسا بە 1.03 ملیار یۆرۆ لە پلەی سێیەم، پوتورگال بە 937 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی چوارەم، ئەڵمانیا بە 885.5 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی پێنجەم، ئیسپانیا بە 877 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی شەشەم و ئەرجەنتینیش بە 645.2 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی حەوتەم دێت. مەغریب بە 241.1 ملیۆن یۆرۆ، لە پێشەوەی هەڵبژاردەكانی ئەفریقیا و عەرەبەوە دێت، ئینجا سەنیگال بە 229.5 ملیۆن یۆرۆ دێت، هەڵبژاردەی قەتەڕ بە 29 ملیۆن یۆرۆ و كۆستاریكا بە 23 ملیۆن یۆرۆ لە دوایین دوا پلە هەڵبژاردەكانەوە دێن. لەسەر ئاستی بەهای بازاڕی یاریزانیشەوە، كیلیان مباپێ (فەرەنسا) بە 160 ملیۆن یۆرو لە پلەی یەكەم، ڤینسیۆس جۆنیۆر (بەڕازیل) بە 120 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی دووەم، فیل فۆدین (ئینگلتەرا) بە 110 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی سێیەم، جەمال موسیالا (ئەڵمانیا)، پێدری (ئیسپانیا)، بیلینگهام (ئینگلتەرا) و ڤالڤێردی (ئۆرۆگوای) بە 100 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی چوارەمەوە دێن. لەسەر ئاستی ئەفریقیاش، ئەشرەف حەكیمی (مەغریب) بە 65 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی یەكەم دێت. لەسەر ئاستی خەڵاتەكانیشدا، فیفا بڕی 440 ملیۆن دۆلاری وەكو خەڵات بۆ هەڵبژاردە بەشداربووەكان تەرخان كردووە، ئەوەش 40 ملیۆن دۆلاری لە مۆندیالی ڕووسیا زیاترە. یەكەمی مۆندیال 42 ملیۆن دۆلار، دووەم 30 ملیۆن دۆلار و سێیەمیش 27 ملیۆن دۆلار وەردەگرن. هەڵبژاردە بەشداربووەكانی مۆندیال هەریەكەو بڕی 9 ملیۆن دۆلار وەردەگرن لەگەڵ 1.5 ملیۆن دۆلاری پێشووتر بۆ قۆناغی خۆ ئامادەكردن، هەڵبژاردە سەركەوتووەكان بۆ قۆناغی 16 بڕی 13 ملیۆن دۆلار وەردەگرن، لە قۆناغی 8 بڕی 17 ملیۆن دۆلار، لە قۆناغی پێش كۆتاییش بڕی 25 ملیۆن دۆلار وەردەگرن. لەسەر ئاستی گوژمەی میوانداریی كردنی مۆندیالیشەوە، هەندێ خەمڵاندن ئاماژە بەوە دەكەن، وڵاتی قەتەڕ بڕی 220 ملیار دۆلاری بۆ میوانداریی كردنی مۆندیال خەرج كردووە، ئەوەش لە خەرجی هەموو مۆندیالەكانی دیكە بە گشتی زیاترە، زۆربەی ئەو خەرجیانەش لە دروست كردنی ژێرخانی وەكو تۆڕێكی تازەی میترۆ لە دەوحە، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی، ڕێگەی تازە و دروست كردنی نزیكەی 100 هوتێل و شوێنی كات بەسەر بردن بووە، سەرباری دروست كردنی 7 یاریگەی تازە بە گوژمەی 6.5 ملیار دۆلار. پێشبینیش دەكرێت بڕی 9 ملیار دۆلار داهات بۆ قەتەڕ بۆ بگەڕێتەوە.
ڕەمزی میرەكانی