خەبات: عەلی بانیشاری
ساڵانە دانیشتووانی پێنجوێن پێویستیان بە 3-4 بەرمیل نەوتە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەوت لەو قەزایە دابەشنەكراوە و ئەوەش وایكردووە نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 285 هەزار دینار بەرزبێتەوە. قائیمقامی پێنجوێن دەڵێت: لەسەرەتادا هاووڵاتیان رەتیانكردووەتەوە بەرمیلێك نەوت بە 103 هەزار دینار وەربگرن، بۆیە دابەشكردنی نەوت لە قەزای پێنجوێن و دەوروبەری دواكەوتووە. دەشڵێت: بە نوسراوی فەرمی ئاگاداریان كردووینەتەوە نرخی نەوت گۆڕانكاری تێدا ناكرێت. دانیشتووانی پێنجوێن دەڵێن: بەهۆی دابەشنەكردنی نەوت بەسەر ماڵاندا هاووڵاتیان دەستیان بە داربڕینەوە كردووە.
حەیدەر حەمەلاو، دانیشتووی سەنتەری قەزای پێنجوێنە و پیشەی مامۆستایە. ئەو دەڵێت: دابەشنەكردنی نەوت و گرانی نرخەكەی كێشەی گەورەیە و هەفتەی رابردوو دەبەیەك نەوتم بە 20 هەزار دینار كڕیووە. دەشڵێت: هەر خێزانێك چوار بەرمیل نەوتی پێویستە، بەڵام خەڵك هەیە توانای كڕینی بەرمیلێكیشی نییە. گوتیشی: ئەو نەوتەی بڕیارە حكوومەت دابەشی بكات، زۆر كەمە و بەشی هاووڵاتیان ناكات، چونكە كەشوهەوای پێنجوێن ساردە و وەكو ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان نییە و پلەی گەرما لە وەرزی زستاندا چەندینجار دەگاتە ژێر سفر.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لە قەزای پێنجوێن بە 285 هەزار دینارە، بەڵام لە شارۆچكەیەكی وەكو عەربەت كە 73 كیلۆمەتر لە پێنجوێنەوە دوورە بە 245 هەزار دینارە. ئەو دەپرسێت ئایا رەوایە تێچووی كرێی گواستنەوەی بەرمیلێك نەوت لە عەربەتەوە بۆ پێنجوێن 40 هەزار دینار بێت؟
باسیلەوەشكرد، بەهۆی نەبوونی نەوتەوە هاووڵاتیان لە بری زۆپا، هیتەر بەكاردێنن، بەڵام هەفتەیەكە لە شەو و رۆژێكدا 4-5 كاتژمێر كارەبای پێنجوێن كەمیكردووە و ئەوەش كێشەی دروستكردووە. دانیشتووانی پێنجوێن لە سەرەتای مانگی 11ەوە تاوەكو ناوەڕاستی مانگی پێنج زۆپا و ئامێرەكانی تری گەرمكەرەوە بەكاردەهێنن.
بەوتەی ئەو دانیشتووەی قەزای پێنجوێن، بەهۆی دابەشنەكردنی نەوت هاووڵاتیان پەنایان بۆ بڕینەوەی دار بردووە. دەشڵێت: بەچاوی خۆم بینیوومە لە سنووری قەزای پێنجوێن هاووڵاتیان داربەڕووی تەڕیان بڕیووەتەوە كە چەندین ساڵ تەمەنی بووە. بەپێی زانیارییەكانی (خەبات)، بەهۆی دابەشنەكردنی نەوت نرخی هەر پیكابێك دار لە پێنجوێن بۆ 130-140 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
سەبارەت بە هۆكاری دابەشنەكردنی نەوت لەمساڵدا؟ زانا رەحمان، قائیمقامی پێنجوێن بە (خەبات)ـی راگەیاند: بەهۆی ئەوەی لەسەرەتادا هاووڵاتیان وەرگرتنی بەرمیلێك نەوتیان بە 103 هەزار دینار رەتكردووەتەوە، دابەشكردنی نەوت لە قەزای پێنجوێن و دەوروبەری دواكەوتووە و بە كاتی پڕۆسەكە راگیراوە.
گوتیشی: بە نوسراوی فەرمی ئاگاداریان كردووینەتەوە نرخی نەوت گۆڕانكاری تێدا ناكرێت، ئێمەش داوامانكردووە بەرمیلی یەكەممان بۆ بنێرن، بەڵام پێیان راگەیاندووین هەندێك قەزای دیكە لە پێشی پێنجوێنەوە و بڕی نەوتەكەش كەمە و بەشی هەموو شوێنەكان ناكات. راشیگەیاند: لە ئێستادا دانیشتووان پێنجوێن رازین بەوەی بەرمیلێك نەوتیان بە 103 هەزار دینار پێبدرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بێ لە بەرمیلی یەكەمی نەوت كە رەزامەندی هەیە، هەوڵدەدەین لە رێگەی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەرمیلی دووەم بە دانیشتووانی قەزاكە بدات، چونكە پێنجوێن ساردترین ناوچەی هەرێمی كوردستانە و بەرمیلێك نەوت بەشی هاووڵاتیان ناكات.
باسیلەوەشكرد، ئەگەر لە پەنای زۆپادا، هاووڵاتیانی پێنجوێن سوود لە كارەبا ببینن بۆ خۆگەرمكردنەوە، بەلایەنی كەمەوە ساڵانە پێویستیان بە سێ بەرمیل نەوتە. سەبارەت بە بڕینەوەی دار لەلایەن هاووڵاتیانەوە؟ قائیمقامی پێنجوێن گوتی: بەدڵنیاییەوە خەڵك داریان بڕیووەتەوە و بەكاریشی دەهێنن بۆ خۆگەرمكردنەوە. ئەگەر هەر خێزانێكی پێنجوێن 200 لیتر نەوتی سپی پێبدرێت، دانیشتووانی سنووری قەزاكە پێویستیان بە نزیكەی دوو ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوتە.












