ئەمشەو وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی هەواڵێكی هەڵبەستراودا بڵاو كردەوە و رای گەیاند چەند میدیا و پەیجێك هه‌واڵێكی بێ بنه‌مایان لەبارەی ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بڵاو كردووەتەوە.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە كە هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە گوایە ئاوات جه‌ناب نوری وه‌زیری دارایی و ئابووری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌دا، به‌ به‌ڕێوبه‌رانی وه‌زاره‌تی دارایی گوتووه‌ كه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڕیاری داوه‌ له‌ ساڵی داهاتووه‌وه‌ ده‌ست به‌ ناردنه‌وه‌ی 200 ملیار دیناری به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان بكاته‌وه‌.

لەمبارەیەوە ڕوونی كردووەتەوە: “تا ئێستا هیچ پەیوەندییەكی نوێ لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا نییە و نەبووە. لە رۆژی دووشەممەشدا هیچ كۆبوونەوەیەكی فەرمی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی وەزارەت نەكراوە و هەواڵی ناردنی 200 ملیار دینارەكەش هەواڵێكی ناڕاستە و وەزیری دارایی لێی بێ بەرییە.”

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە كۆتاییدا تكای لە هەموو ناوەندەكانی هەواڵ كردووە كە بۆ وەرگرتنی زانیاری و هەواڵی دارایی دروست، پشت بە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی ببەستن.