شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق ئاشكرای كرد كه‌ شه‌وی ڕابردوو سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی تاوانبارێكی مه‌ترسیداری له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گه‌یاندووه‌.

شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه‌: هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی ناوه‌ند له‌ بواره‌ جیاجیاكانی ئه‌منی و سه‌رجه‌م بواره‌كانی تردا ئه‌نجامی ئه‌رێنی و باشی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

بڵاویشی كرده‌وه‌: له‌ ڕێگه‌ی هه‌وڵی‌ قاره‌مانانه‌ی هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، توانرا ئه‌و تۆمه‌تباره‌ ده‌ستگیر بكرێت كه‌ دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر دایكی و دوو خوشكی له‌ شاری كازمییه‌ له‌ باكوری شاری به‌غدای پایته‌ختی كوشتبوو.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: شه‌وی ڕابردوو مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی به‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری بكاته‌وه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی ئه‌و تاوانباره‌ی كه‌ ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌وه‌نه‌ی ئه‌نجامداوه‌.

هه‌روه‌ها پێی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ تاوانباره‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستگیركراوه‌ و ئێستا له‌ ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندایه‌.

شانه‌ی ئه‌منی له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه‌ كه‌ ده‌ستگیركردنی ئه‌م تۆمه‌تباره‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا په‌یامێكی روونه‌ له‌سه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات به‌ گشتی.

جێی باسه‌ ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌م میدیاكانی عێراق بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ كه‌سێك به‌هۆی كێشه‌ی میراته‌وه‌ له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیان له‌ ناوچه‌ی كازمییه‌ی باكوری شاری به‌غدا ته‌قه‌ی له‌ دایكی و دوو خوشكی كردووه‌ و ‌هه‌رسێكیانی كوشتووه‌ و دوای ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ش بۆ شوێنێكی نادیار ڕای كردووه‌.