سەرۆک بارزانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی بەبۆنەی کۆچی دوایی شێخ حەمیدی دەهام ئەلجەربا سەرەخۆشی لە عەشیرەتی شەممەڕ لە سوریا كرد.

سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامه‌ سه‌ره‌خۆشییه‌كه‌دا ده‌ڵێت “بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ئەمڕۆ شێخ حەمیدی دەهام هادی ئەلجەڕبای شێخی هۆزی شەممەڕ له سووریا كۆچی دوایی كرد”، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “بە ویستی خودای گەوره لەنێو خۆشەویست و دۆستانی له کوردستان ماڵئاوایی لێ كردین”.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه‌ “شێخ حه‌میدی ده‌هام دۆستێکی دێرینی ئێمە و گەلەکەمان بووە، بە درێژایی تەمەنی کاری بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەب و کورد لە سوریا و عێراق کردووە”.

ده‌قی په‌یامه‌ سه‌ره‌خۆشییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ‌ عه‌شیره‌تی شه‌مه‌ڕ:-

 بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

بە باوەڕبوون بە قەزا و قەدەری خودای گەورە، بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ئەمڕۆ شێخ حەمیدی دەهام هادی ئەلجەڕبای شێخی هۆزی شەممەڕ له سووریا كۆچی دوایی كرد، و بەویستی خودای گەوره لەنێو خۆشەویست و دۆستانی له کوردستان ماڵئاوایی لێ كردین.

کۆچکردوو دۆستێکی دێرینی ئێمە و گەلەکەمان بووە، بە درێژایی تەمەنی کاری بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەب و کورد لە سوریا و عێراق کردووە.

بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەكەی و هۆزی شەممەڕ دەكەین ، و لە خودای گەورە دەپاڕێینەوە خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرینی شاد بكات و سەبر ئارامی بە ئێمە و خانەوادە و هۆزەكەی ببەخشێت .

 انا لله وانا اليه راجعون

 مسعود بارزانی

 11ی تشرینی دووەمی 2022ی زایینی