سەرۆک بارزانی لە گوتاری کۆتایی کۆنگرەی 14ی پارتی رایگەیاند، “من و ئیدریس بارزانی وەسیەتەکەی بارزانیمان بەجێگەیاند” و داوای لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کرد ئەوانیش ئەو وەسیەتە جێبەجێ بکەن.

لە بەشێکی گوتارەکەیدا دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی حیزبەکەی، سەرۆک مەسعود بارزانی باسی لە وەسیەتی بارزانی بۆ خۆی و ئیدریس بارزانی کرد و گوتی، “من و کاک ئیدریس، ئەو برا گەورەی منە، بە دڵ و گیان وەسیەتەکەی بارزانیمان بەجێگەیاند. ئەو رۆژەش کە من نێچیرڤان [بارزانی]م پێشنیار کرد و ئەویش مەسرور [بارزانی]ی پێشنیار کرد، ئەمە پەیامێکی روون و ئاشکرایە کە ئەوانیش وەکو من و ئیدریس [بارزانی] دەبن. داوای سەرکەوتنیان بۆ دەکەم و هەمان ئەو وەسیەتەیان بۆ دەکەم کە بارزانی لە من و ئیدریس [بارزانی]ی کرد.”

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، “هەموومان سەرکەوتین، هەمووتان سەرکەوتن، بەربژێرەکان هەموو سەرکەوتوون، مادام حیزبەکەتان سەرکەوت، کۆنگرە سەرکەوت، سەرکەوتنی هەموومانە.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی ئەوەی خستەڕوو، “خەلەلێکی گەورە هەیە و دەسەڵاتم پێبدەن چارەسەری دەکەم. دەبینم هیچ برا یاخود خوشکێکی ئێزدی لەنێو لیستەکەدا نییە و ئەمەش دەبێت راستبکرێتەوە.”