خوێندنەوەی: ئازاد پێنجوێنی:- ئەوە باوكی شاعیرانی ڕووس ، ئەلیكسەندەر پۆشكێن ، بوو دەیووت (بۆیە جوان دەنووسم چونكە چاوی دڵم تەنها جوانییەكان دەبینێ) وتەی ئەم شاعیرە بەرزە هەمیشە خۆمم بیردەخاتەوە كە نیازموایە جگە لەجوانییەكان هیچ شتێكی تر نەبینم هۆكارەكەشی ئەوەیە كە هەمیشە لە نووسینەكانمدا ڕەنگیداوەتەوە بۆئەوەی تەنها بەرگری لە ئارەزووی خۆم بكەم و جگە لە جوانییەكان هیچی تر بەچاوی دڵ نەبینم (هەریەك لەئێمە لەگۆشەیەكەوە ژیان دەبینێت ) چەشنی فەلسەفەی نووسەری زەمەن كەدەڵێت : كاتێك گەڵایەكی پاییزیی لەدارەكەی دەكەوێتە خوار لەچاوی دەستە خوشكەكانیەوە تاوانبارە لەچاوی دارەكەوە بەوەفایە لەتێڕوانینی وەرزەكانیشەوە یاخیە، كەواتە ڕوانگەی هەركەسێك و هەر ماتریاڵێك بۆ گەردوون گۆشە نیگایەكە لەكاتێكدا ئەوگەڵایە كە دەكەوێتە خوارەوە ، سەر زەوی جوانتر دەكات.

هەڵبەتە گۆشەنیگای ئەمجارەم بۆ شاعیرێكە چەشنی ئەو گەڵایەیە .كە هەم یاخیە ..بەوەفایە . سەر زەوی و سروشت و ئەندێشە پیرۆزتر دەكات
هەندێجاریش لەگۆشەنیگای كۆلكە نووسەرەكانەوە تاوانبارە كە بۆ ئەوەندە جوان شیعر دەنووسێت . بێشك خۆیانن شاعیرێك كە لەئاوێنەی هەقیقەتی بوونگەراییدا لە هەموو گۆشەنیگاكانەوە ناوازەیە ، لەواقعیشدا بەشێكە لەگۆشەی جوانترین تێڕامان بۆ واقعیەتی شیعر، هەرخۆشییان لەوگۆشە نیگایەوە زۆر بە
بەجوانی بەهەموومان دەڵێت:
(وەرن بابۆ شیعر بین لەخەون و خەیاڵ دووركەوینەوە…..)

منیش لەگۆشە نیگای ئاوەزمەوە دەیچرپێنم بەگوێی هەموواندا
پیاوە جوانەكەی جاف و جاران و ئێستاو ئایندەی هەمووان تكایە بماندەرەوە دەست عیشقی جاران و شیعرەكانیشتمان بۆ بنێرە تابیكەینە ئێستایەكی هەوارگەی جێژوانمان و ئایندەیەكی بەرچاو ڕوونی ڕێگای تیوارمان تابتوانین لەگۆشەنیگای شیعرەكانتەوە دیوە شاراوە جوانەكەی ژیان ببینین
ئاخر … ئاسمان ئەندێشەی تۆیە بۆ ئێمە و بارانی وشەت سپاردنمانە بەژیان دۆستی ، ئەو ژیانەی كەلەتەك نووسینەكانتا زەمەنێك لەڕاستگۆیی و هەقیقەت سەرچاوەی گرتوە ، ئەوە ئێوەن پیرە شاعیرێكی عاشقن سپی سپی وەك سەمای فریشتەكان لە تنۆكی فرمێسكی سپی ئێمەدا ، ئاخر لەو فرمێسكی شیعرانەتەوە گەڕاین و گەڕاین … بەنێو بوونتا تاوەكو بتوانین دڵی خۆمان بدۆزینەوە ئەی ئەودڵەی خەرمانێك وشە دەورەیداوە بەتوێژاڵێكی سپی وەك ناخت سپی.

ئیدی هەر وایە لەهەناوی داهێنانەكانتەوە ژیان دەست پێدەكات و مێژوویەكی پاكمان بۆدەنووسیتەوەو نیشتمانی نامیلكەكانت كۆماندەكاتەوە تابتوانین لەكەناری ئارامی شیعرەكانتا قەرزی نیشتمان بدەینەوە و هیوای مژدەی نەمریت بكەینە گەوهەری گەردنمان پەیامی قەڵەمەكەت هاتنی مژدەی زەردەخەنەی بەفری كێوەكانە بۆ نیشتمانمان، زەویش سینەی فراوانی پێنووسەكەتەو خەمیشت شەمی شەوانی تەنهایی ئیلهامەكانتە ، ئێمە ئەو نیشتمانە دەڵێین كە پڕە لەتۆو خاڵی لەبێ ئاگایی ئێمە ، ڕووخساری وشەكانت سەرینی ژێرسەری خەونی ئارامیمانە و بەبێدەنگی ئاوەزمان سەفەر پێدەكات بۆ بینینی مانگی پڕ لەلالە ، ئەوە شیعرەكانتە كەتێكستی عیشقێكی سپی بەئێمە دەنووسێتەوە لەسینەی سپی ڕوئیاتاندا ،، دەستی نووسینیشت بێداری و بینینی خۆرومانگە،گوزارشتی شیعرەكانیشت خۆشنودی هیوای بەری بەیانیمانە.

ئەوە شیعرەكانتە بەعیشقەوە ڕێگای دوورمان پێدەبڕێ و دەمانگەیەنێتە عیشقی ئاسۆو وێستگەی نەمری مانەوەی لوتكە ، ئێمە لەهەناسەی شیعرەكانتا تواوینەتەوە و چەشنی شەم لەناو خۆماندا دەبینە ئاو!! ئەی نازانی ئەوە ، شنە بای شیعرەكانتە كە هۆشمان بەرەو خانەقای مەولاناو .لەوێشەوە بەرەوسەیوانی بێدەنگ دەمانشنێتەوە بەسەر دار ئەرخەوانەكانیدا لەوێشەوە مەستمان دەكا وەك مەقامی مەستی دەنگی دیلان و عەرشی سەكۆی شانۆیەكی ئازاد لەقاقای شانۆكانی عەلیەفەندی و دەنگی زوڵاڵی پشتی كەوالیستی دەنگی ڕەفیق چالاك و ئاوازی عودەكەی وریا ئەحمەدن .داوای وشە نەوتراوەكانت دەكەن.

قەسیدەكانیشت زەنگی بەخەبەرهێنانەوەی ئاوەزمانە لەبری هەڵاتنی خۆر ،، تۆپیرە شاعیرێكی عاشقیت كە مەعشوق شیعرتەو دێوانەبوونت قەسیدە سپیەكانت ڕستەكانیشت.چوست و چالاكی ئەندێشەمانە لە دونیای ئەدەب و هونەرمان ، شەوە سپیەكانت بۆ دیدگامان چەندین ئەستێرەی بێدارە لەناخی بێگەردی هۆنراوەكانت تاوەكو مانگمان بەپڕی بۆ بكاتە میوانی شەوانی دەیجوریمان ، ماتریاڵیشت،میوەی باخی بەهەشتی سەر زەمینمانەو ،، داهێنانیشت زەویەكی بەیاری تازە باران گرتووە، ڕوئیات پشتێنی سەلامەتی ڕۆژگارەكانمانەو كۆپلەی ناسك و جوانت لەدایكبوونی نەوەیەكی نوێی خود ناسینمانە
ناخی پیرۆزت قەڵایەكی ڕاگری پۆڵاینە بۆحەزەكانمان ،،، وشەی لۆكە ئاساشت ئیشتهای ژیانكردنمانە.

خەیاڵت هەنگاوی بەرەو ئاسۆ بوونمانەو ،، مانەوەشت گەیشتنمانە بە مەنزڵگای ئاسۆی بوونێكی نەمر و ، ئاواتمان بێ بەڵاییتە لەكن ڕۆحی (مستەوفی نەمر)
تەواوی هزرت كۆكراوەی سەلماندنی مرۆڤایەتیمانە،، دڵی گەورەت ماڵێكە لەگوڵ و لالە زار بۆ وچانمان،عەقڵیشت ،كتێبێكە بۆ زانابوونمان، سیەكانت دانەوەی هەناسەدانمە بەناردنی شنەبایەكی ئارامیی ،، نامیلكەكانت خوانێكی نزیك ئاوی كەوسەرە بۆ چێژەكانمان سنەوبەرە قەزەمەكانی ئەزمەڕو دارچنارەكانی سیتەك و لرفەو هاژەی چەمی قلیاسان و تانجەڕۆو ژێر دارشۆڕەبیەكانی سەرچنارێ ، هیچیان تامی سێبەری قەسیدە پڕلەهیواو سرووشتیەكانت نادەن.
هەرئەوەشە كاتێك دەنووسیت زۆر لەخۆت ناكەیت و هەمو كۆپلەیەكت چەشنی گەڵاو گوڵ چۆن لەچاوەڕوانی ئاورنگدان بۆئەوەی جوانتر بنوێنن ئاواش ڕۆحی ئێمە پێویستی بەخۆراكی پەیڤەكانتە چەشنی ئەو ئاورنگە بەسەر دڵمانەوە تا بۆ ئەبەد بمێنێتەوە ،شاعیرە ناخ سپیەكە تكا دەكەین چۆن قەسیدەی ، با ، خۆتی برد بۆ هەموجێگایەكی سپی .بەئەركی مەزانە بە ، با ، ڕاسپێرە با ئێمەش لەگەڵ خۆی بباتە شاری سپی شیعرەكانتەوە چونكە هەرلەوشارەدا دەتوانین ئۆقرە بگرین و دڵمان بسپێرین بەفریشتەی هەتاوی خەونە ڕاستەقینەكانت.