سوورە مەرگەیی
پارتی لە رۆژی دامەزراندنیەوە تا ئێستا چواردە کۆنگرەی بەستووە، هەر یەکێک لەو کۆنگرانە لە ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕی پارتیدا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لەو کورتە باسەدا دەمەوێ تیشک بخەمە سەر گرنگی بەشێک لە کۆنگرەکان، کە هەر یەکێکیان لە قۆناغێکی دیاریکراودا مێژوودا بوونە وێستگەی گۆڕینی رێڕەوی رووداوەکان.

کۆنگرەی یەکەم:ــ
لە ژیانی سیاسی هەموو حزبێکدا کۆنگرەی یەکەم گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، کۆنگرەی یەکەمی پارتیش کە لە ٢٨ی شوباتی ساڵی ١٩٤٦و لە مهابادی پایتەختی کۆماری کوردستان، لە لایەن بارزانی نەمر و چەند کەسایەتی و شۆڕشگێڕێکی تر، گەڵاڵەنامەی دامەزراندنی دانرا و لە ١٦ی ئابی هەمان ساڵ کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەست.

گرنگی بەستنی کۆنگرەی یەکەم تەنها لەوەدا نەبوو کە حزبێک دامەزرێ، ئەوەندەی گرنگی لەوە دابوو بووە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی بیروڕا سیاسییە جیاوازەکان، چونکە پێش دامەزراندنی پارتی پەرتەوازەیی سیاسی ناوماڵی کوردی گرتبووە و ئەو پەرتەوازەییەش، هێزی کوردایەتی بەسەر چەند ئاراستەیەکی جیاواز و ناکۆکدا دابەش کردبوو، کۆکردنەوەی ئەو ئاراستە جیاوازانەش لەناو کارنامەی سیاسی و شۆشڕگێڕی پارتیدا، بۆ ئەو هەنگا و هەڵوێستە نەتەوەیی نیشتمانیانەی بارزانی نەمر دەگەڕێتەوە، کە پێش دامەزراندنی پارتی لە گۆڕەپانی سیاسی و شۆڕشگێڕی و پێشمەرگانەی لە هەرچوار بەشە جیاوازەکانی کوردستان نابوونی.

کۆنگرەی سێیەم:ــ
کۆنگرەی سێیەم لە ساڵی ١٩٥٣و لە شاری کەرکوک بەسترا، لەو کۆنگرەیەدا یەکێتیەکانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان دامەزران و بۆ یەکەمجار ئەو سێ توێژە هەستیان بە بوونی خۆیان کرد، کە لە داهاتوودا ئەو سێ ئۆرگانە بوونە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی کادیر و کەسانی دڵسۆز و کوردپەروەر، دەبێ ئەوەش بگوترێ لەو کۆنگرەیەدا بە هۆی هاتنی برایم ئەحمەد بۆ ناو ریزەکانی پارتی، دەرگای باڵباڵێن و کوتلەبازی کرایەوە و کردنەوەی ئەو دەرگایەش، کۆمەڵێک کێشەی بە دوای خۆیدا هێنا و تا ئێستاش کورد بەو کێشانەوە دەناڵێنێ.

کۆنگرەی چوارەم:ــ
کۆنگرەی چوارەم لە ساڵی ١٩٥٩ بەسترا، گرنگی ئەو کۆنگرەیەش لەوەدابوو، یەکەم کۆنگرە بوو بارزانی نەمر لە دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران تێیدا ئامادەبێ، کە بە هۆی پیلانەکەی سەر کۆماری کوردستان و ئەنجامدانی رێڕەوە مێژوویەکەی بەرەو سۆڤیەت نەیتوانی لە کۆنگرەکان یەک و دوو و سێ ئامادەبێ. گرنگییەکی تری کۆنگرەی چوار لەوەدابوو، کە یەکەمجار بوو ئافرەت بچێتە ناوەندی بڕیاری سیاسی، کە ناهیدەی شێخ سەلامی هاوسەری نوری شاوەیس بوو، بەوەش نیوەی هێزی دابڕاوی لە شۆڕش گێڕایەوە ناو شۆڕش.

کۆنگرەی شەشەم:ــ
کۆنگرەی شەشەم کە لە ساڵی ١٩٦٤و لە شاری قەڵادزێ بەسترا، پێش دیارە کۆنگرە بە هۆی خۆخزاندنی دەزگای ساواکی رژێمی ئەوکاتی ئێران و کاریگەری لەسەر گرووپێکی ناو شۆڕش کۆمەڵێک کێشە لەناو پارتی درووست ببون، تەنانەت گرووپێکی ناو پارتی لە کۆبوونەوەیەک کە لە ماوەت بەسترا، خۆیان وەک خاوەنی پارتی ناساند و بارزانی نەمریشیان لە پارتی دەرکرد، ئەوەش بارزانی نەمری ناچار کرد بۆ خاوێن کردنەوەی پارتی هەنگاوی پێویست بنێ، گرنگی کۆنگرەی شەش لەوەدابوو کە پارتی خاوێن کرایەوە و دەکرێ ئەو کۆنگرەیە بە کۆنگرەی خاوێن کردنەوەی پارتی ناوببرێ.

کۆنگرەی نۆیەم:ــ
کۆنگرەی نۆیەم کە لە ساڵی ١٩٧٩و دوای وەفاتی بارزانی نەمر بەسترا و ریسی رستراوی دوژمنانی کورد و نەیارانی پارتی کردەوە بە خوری، چونکە دوژمنان و نەیارانی پارتی حەزی سیاسی خۆیان لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو، کە بە وەفاتی بارزانی نەمر کێشەی دەسەڵات دەکەوێتە نێوان سەرۆک بارزانی و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو، ئەوەش ئەگەر کۆتایی بە پارتی نەهێنێ، ئەوا بەشێوەیەک لاواز و بێهێز دەبێ، کە لە گۆڕەپانی رکابەری سیاسی وەدەر دەنرێ، ئەوەش داگیرکارنی کوردستانی خستە ئەو خەیاڵەی لە مەترسی ئەو هەڵوێستە سیاسی شۆڕشگێڕیانە رزگاری دەبێ کە هێز لە کوردبوون و کوردایەتی وەردەگرێ، نەیارانی پارتیشی خستنە ئەو باوەڕەی کە ئیتر رێگایان بۆ تەخت بووە و بێ کابەری سیاسین، بەڵام بە پێچەوانەی روانین و لێکدانەوەی ئەوان، دەستگرتن بە رێبازی بارزانی نەمر هەموو خەون و خەیاڵەکانی ئەوانیشی گۆڕەوشاری سیاسی دان و سەرۆک بارزانی گوتەنی: پابەندبوون بە وەسێتی بارزانی نەمر، سەرۆک بارزانی و کاک ئیدریس بوونە یەک گیانی سیاسی و شۆڕشگێڕی لە جەستەی کوردایەتیدا.