شیلان جعفر شێخ علی (شێخ شیلان)
لە ئێستادا سەرجەم پارتە سیاسیەکان هەر یەکەیان بەشێکی یاخود پەیڕەوی سیستەمێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی جیاوازن، هەر لەم چوارچێوەیەوە رووبەرووی تەحەدیات و ئالێنگاری جیاواز دەبنەوە، بەڵام کاتێک کە دەچێتە خانەی بەڕێوەبردن، هەموو پارتەکان لەو خاڵەدا هاوبەشن و پەیوەندیەکی نزیک و یەکانگیریان هەیە لە تێروانینیان بۆ بەڕێوە بردنی سیستەمە سیاسیەکەیان. هەروەک چۆن شێوازی خراپبەکارهێنانی بەڕێوەبردن نەک تەنیا کاریگەری نەرێنی لەسەر خودی پارتەکە هەیە، بەڵکو لەسەر کۆی گشتی پرۆسەی سیاسی وڵات و دانیشتوانی هەیە، بەهەمانشێوەش بەرێوەبرنێکی باش و تەندروست کاریگەری ئەرێنی دروست دەکات لەسەر پرۆسەی سیاسی وڵات و لە کۆتایشدا خۆشگوزەرانی و ئارامی بۆ دانیشتوانەکەی فەراهەم دەکات.

هەربۆیە بۆ گرنگە کە پارتەکان بە بەڕێوەبردنێکی باش خۆیان لەگەڵ کەش و هەوای سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بگونجێنن و کاربکەن بۆ خۆگونجاندن لەگەل گۆڕانکاریە خێرا ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان. هەر لەم روانگەشەوە، کۆنگرە وەک ناوەندێکی گرنگ و باڵای پارتە سیاسیەکان، دەبێت دید و بۆچوونی رۆشنی هەبێت و خوێندنەوەی هەبێت بۆ رووداوەکان، لە هەمانکاتیشدا کاربکات بۆ دیاریکردنی سیاسەتی کورت مەودا و درێژ مەودا بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکاریە خێراکان، پارتەکە دوچاری گیروگرفت نەبێتەوە. لە پاڵ ئەمانەش دا، دەبێت کۆنگرە تەنها ئامانجێک نەبێت بۆ گۆرین و هێنانەپێشەوەی کۆمەڵێک کادر، بەڵکو کۆنگرە پێویستە ئامرازێک بێت کە ببێتە هۆی نوێبوونەوەو دروستکردنی چاکسازی لە سەرجەم ئاستە جیاوازەکانی حیزب دا و خۆگونجاندنی لەگەڵ کۆی پرۆسەی ریکخستنی حیزبی و دووبارە بوژاندنەوەو ئەپدەیت کردنەوەی هێزو توانای کادیران و ئەندامانی.

سەرەڕای ئەو هەموو هەوراز و نشێو وە سەرکەوتن و شکست و پیلانی دوژمانان، پارتیمان توانیویەتی ١٣ کۆنگرە لە هەلومەرجی تایبەت و جیاواز ببەستێت و بەردەوامیش بە گوێرەی پێویستی ئەوکات، ژمارەی ئەندامانی کۆنگرەی جیاواز بووە، بەڵام بەردەوام ژمارەکە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. لەسەرجەم کۆنگرەکان، پارتی لە سەر دووبنەمانی نەتەوەیی و هەنووکەیی کاری کردووە، بەجۆرێک کە بەردەوام بنەما نەتەوەیەکانی نەگۆڕ بوون وەک ستراتیجیەت و شێوازی کارکردنی پارتی ماونەتەوە بە کەمێک گۆڕانکاری بە گوێرەی وەخت، بۆ نمونە داواکاریەکان لە ئۆتۆنۆمی بۆ فیدراڵی و دواتر بۆ سەربەخۆیی گۆرانکاری بەسەردا هاتووە. وە بنەما هەنوکەیەکان، ئەو خاڵانە دەگرێتەوە کە پەیوەستە بە رەوشی ناوخۆی حیزب و بارودۆخی کوردستان لە رووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەم بنەمایانە بەردەوام گۆرانکاری ریشەییان بەسەردا هاتووە بە جۆرێک بە بتوانێت خۆی لەگەل بارودۆخ و گۆرانکاریەکان بگونجێنێت.

لە ئێستادا کە پارتیمان کۆنگرەی ١٤ دەبەستێت کوردستان و عێراق بە تایبەتی و ناوچەکە بەگشتی بە ناو پرۆسەیەکی گۆرانکاری خێرادا دەڕۆن بۆیە بڕیارە حەکیمانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ سازدانی کۆنگرە بەو ئاراستەدایە کە گوتاری سیاسی دووبارە دابڕێژرێتەوە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ رووداوە هەنووکەیەکان چونکە لە نێوان هەردوو کۆنگرەی ١٣ و ١٤ چەندین روودوا روویان دا وەک گۆڕانکاری لە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداد، شەڕی تیرۆرستان و ئامادەسازی و ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، دواتریش رووداوە ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستان. بۆیە لەم سەروبەندەدا بەستنی کۆنگرەی ١٤ نەک تەنیا دەتوانێت بەرنامەیەکی تێروتەسەل ئامادەبکات بۆ کاری پارتایەتی و سیاسی و ئیداری بەڵکو هێنانەپێشەوەی کۆمەڵێک گەنجی خوێن گەرم و بەتوانا هاوکات لەگەڵ سەرکردایەتی پێشوو کە خاوەن ئەزموونێکی زۆری سیاسین بتوانن پێکەوە دەست لە ناو دەست بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی کاربکەن بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی هەمەچەشن بەڵام ورد بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردستان بە جۆرێک کە بتوانێت سەقامگیری ئاسایش، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم گەلی کوردستان دابین بکات، ئەمەش لەو راستیەوە سەرچاوەی گرتووە کە پارتی وەک هێزی یەکەمی کوردستان و باڵای عێراق رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە لە سەرجەم رووداو و پێشهاتە سیاسیە ناوخۆیەکان و لە هەمانکاتیش دا وەک هێزێکی خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوە لە لایەن وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لێیدەڕوانرێت.

هەرلەبەر ئەمانەیە کە کۆنگرەکانی پارتی بەتایبەت کۆنگرەی ١٤ جێگای بایەخ و گرنگی پێدانی لایەنە ناوخۆی و دەرەکیەکانە، هەربۆیە ئێستا سەرجەم چاوەکان لە سەر کۆنگرەی ١٤ی پارتیمانن و سەرجەم راگەیاندنە ناوخۆیی و دەرەکیەکان سەرقاڵی روماڵکردن و شرۆڤە کردنی رووداوەکانی کۆنگرەن چونکە دڵنیان لەوەی کە، یەکەم، بڕیارەکانی کۆنگرە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لە سەر سیستەمی سیاسی کوردستان و عێراق، وە هەروەها رۆڵی دەبێت لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکە.

دووەم، گۆرانکاری ریشەیی لە پەیرەو و پڕۆگرامی پارتیمان ئەنجام دەدرێت کە بە دڵنیایەوە رۆڵی دەبێت بەسەر دووبارە رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی پارتیمان لەگەل سەرجەم لایەنەکانی تر.

سێیەم، هاتنەپێشەوەی چەندین کادری بەتوانا و خوێنگەرم بۆ ناو سەرکردایەتی و هاوشان لەگەڵ مانەوەی چەندین سەرکردەو مامۆستای بە ئەزموون، کە ئەمەش بە دڵنیایەوە رەنگدانەوەی زۆری دەبێت لەسەر کۆی گشتی شێوازی سیاسەتی پارتیمان.

لەگەڵ ئەمانەشدا، روئیایەکی گشتگیر و روونی دەبێت بۆ داهاتووی کوردستان و دووبارە بنیاتنانەوەی شێوازی پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغداد و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی.