ئاشنا بابان
بواری ئاسایشی ئابووری نەتەوەی: گومانی تێدا نیە کە پەیوەندی بە ژێرخانی دەوڵەت هەیە، لەگەڵ ئەوەی پەیوەندی بە پاراستنی دەوڵەتانەوە هەیە لەسەر ئاستی سەربازی و جەنگ کە گرنگی تایبەتی هەیە.

ئاسایشی ئابووری، لە پرسی سەربازییەوە بۆ پرسێکی گشتگیر و فرە رەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی گوێزرایەوە، کە بە گشتی هەموو لایەنەکانی ناو کۆمەڵگا و دەوڵەت دەگرێتەوە. هەروەک ( ڕۆبەرت مەکنمارا) کە وەزیری بەرگری پێشووی ئەمریکا و سەرۆکی پێشووی بانکی نێودەوڵەتی لە کتێبەکەیدا، کە بەناونیشانی (جەوهەری ئاسایش) ئاماژەی پێکردووە، ئاسایش کەرەستەی سەربازی و هێزی سەربازی و چالاکی سەربازی نییە، ئاسایش گەشەپێدانە. ئەوەی سەرنجمان ڕادەکێشیت ئەوەیە، زۆرجار کە باس لە ئاسایش دەکرێت، راستەوخۆ هزر و بیرو بۆچوونمان بۆ بواری سەربازی دەچێت کە راستە، بەڵام ئاسایش کۆمەڵێک بواری جیاواز و هاوبەش بە یەک دەگرێتەوە. هەروەک فەیلەسوفی رۆمانی(شیشرۆن)جەخت لە گرنگی و باڵادەستی یاسا و ئاسایشی گشتی دەکاتەوە، کاریگەرییان لەسەر تەندروستی کۆمەڵگا هەیە.

تێگەیشتن لە چەمکی ئاسایش، وەک ئەوەی کە تەنها پەیوەست نیە بە لایەنێکی دیاریکراو سەربازی، بە ڵکو کۆمەڵێک بواری گرنگی تریش لە خۆ دەگرێت. ئاسایشی ئابووری بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی، کە گرنگی تایبەت و سەرەکی هەیە لە بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و داڕشتنی ستراتیژی داهاتووی وڵاتدا. مەبەست لە ئاسایشی ئابووری، واتا توانا و هێزی وڵات لە پارێزگاریکردن و دابینکردنی خۆشگوزەرانی تاک و کۆمەڵگا، کە هەڵدەستێت بە دیاریکردنی ئاستی بژێوی تاک و خێزانی کۆمەڵگا، لە ڕووی ئابووری و داراییەوە.

مەبەست لە ئابووری و ئاسایشی ئابووری، کە لە بنەماوە بە ماناو واتای دەرچوون لە هەژاری دێت، بە گشتی بریتیە لە دەستکەوتنی سەرچاوە ئابوورییەکان و هاوبەشی پێکردنی و بە گەڕخستنیان، لە پێناو ئامانجە گرنگ و ستراتیژییەکاندا. پێناسەی زانایانی بواری ئاسایشی ئابووری کە بریتیە لە (ئامادەکاری بۆ پاراستن و دابینکردنی بیمەی ئابووری لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی تاک، لە ڕێگەی کۆمەڵێک ئامرازی بەردەست، لە دابینکردنی ماددی و سەرچاوەی بژێوی ژیان، بە مەبەستی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی ئابووری.

هەر وەک ( ئەبراهام ماسلۆ) لە ساڵی١٩٤٣ لە لێکۆڵینەوەیەکیدا ئاماژەی بە پێداویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤ کردووە، ئەمەش بە تیۆرییەکانی پێداویستییە سەرەتاییەکان ناسراوە، تیۆری ماسلۆ ئاماژەی بەوەداوە، کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، لە شێوەی هەرەمێکدایە، کە لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەست پێدەکات، بەڵام کەم کەس هەیە بگاتە سەرەوەی هەرەمەکە. بە پێی تیۆری ماسلۆ، تێرکردنی پێداویستییەکانی ئاسایشی مرۆڤ، لەڕووی گرنگییەوە، لە پلەی دووەم دێت، لە دابینکردن و تێربوونی پێداویستییە سروشتییەکان مرۆڤ دەست پێ دەکات، پاشان پێداویستی ئاسایشی دەروونی و هەوڵدان بۆ هێنانەدیی ئارەزوو و خەونەکانی خودی تاک.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، کە ئاماژەی داوە، بە گرنگی و کاریگەریی ئاسایش و ئاسایشی ئابووری لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی تاک و گەشەی بەردەوام جێگیری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی، بەرزبوونەوەی ئاستی رەزامەندی کۆمەڵگا، لە رێگەی بەرزبوونەوەی ئاستی پەروەردە و فێرکردن و کرانەوەی کۆمەڵگا، ئاسایشی ئابووری هۆکارێکی سەرەکییە بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیری دەروونی تاک، هەروەک هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گەشە و پەرەپێدانی کۆمەڵگا، بۆ بە ئەنجام گەیاندن و دەستکەوتنی ئاسایشی ئابووری، لە ڕێگەی چەند ڕەگەزێکەوە دەبێت، کە دەوڵەت دابینی دەکات. ئاسایشی ئابووری چەندین سوودی گرنگی بۆ تاک و وڵات دەبێت، کە لە گرنگترینیان ئەوانەن؛-
١-ئاسایشی خۆراک و ئاو.
٢-دابینکردن و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ تاکەکان.
٣-بەرزکردنەوەی ئاستی سیستەمی پەروەردە لە وڵاتدا،.
٤-بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتی پەروەردە.
٥-بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و بژێوی تاکەکان بە دابینکردنی مووچەی مانگانە بۆ ئەوانەی دەوام و کاریان نیە.
٦-سو د وەرگرتن لە سەرچاوەی سامانە سروشتییەکان.
٧-بەشداریکردن لە ڕێکخستنی بازاڕەکانی کار و بەرهەمهێنان، نمایشکردنی بەرهەمە نیشتمانییەکان.
٨-کەمکردنەوەی باجی حکومەت، دابینکردنی ئازادی.
ئاسایشی ئابووری لە چەند پێکهاتەیەک پێک دێت ئەوانیش:-
١- ئاسایشی خۆراک : ئاسایشی خۆراک بە یەکێک لە توخمە گرنگەکانی ئاسایشی ئابووری دادەنرێت و دەتوانرێت بەم شێوەیە پێناسە بکرێت( واتا توانای دابینکردنی ئاستی پێویستی خۆراک بۆ کۆمەڵگا لە سنووری داهاتی بەردەستدا، لە هەمان کاتدا مسۆگەرکردنی بژێوییەک بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن بەداهاتی بەردەستیان بەدەستی بهێنن).
٢-ئاسایشی تەندروستی : واتا دابینکردنی ئامرازی خۆپاراستن و چارەسەرکردنی نەخۆشی و پەتاکان، تەندروستی پەیوەندییەکی بەهێز و نزیکی هەیە بە ئاسایشی ئابووری بۆ کۆمەڵگا، هەتا کۆمەڵگایەکی تەندروست هەبێت زیاتر کارو چالاکی تاک دیار و باشتر دەبێت.
٣-ئاسایشی بیمەی کۆمەڵایەتی: واتا ئەو سیاسەتەی کە ئامانجی دابینکردنی پاراستنی تاکی کۆمەڵگایە و دروستکردنی جۆرە متمانەیە، کە تاک هەست بە جۆرە ئارامی و پاراستنیان دەکەن، کە پاراستنی کرێکاران و مووچەخۆرانی دامودەزگاکانی دەوڵەت و کۆمەڵگا پەیڕەو دەکرێت وەک سیستمێک کە بەشێک لە مووچەکانیان لێببڕێت و دانانی لە سندوقێکی دیاریکراودا، بە پێی یاسا ناسراوەکان و ڕێساکان. قەرەبوو کردنەوەیان لە حاڵەتی جێهێشتن، یان دەرکردن، یاخود حاڵەتی نەخوازراو و نەخۆشی و خانەنشینی.
٤-ئاسایشی ژینگە: ئەرکی پاراستنی سروشتە لە تێکدان و ڕێگریکردن لە تێکچوونی ژینگە، لەگەڵ کاردانەوەکانی لەسەر وڵاتان و تاکەکان.
٥-بەرەنگاربوونەوەی هەژاری: یەکێکە لە گرنگترین پێکهاتەکانی ئاسایشی ئابووری، هەژاری گەورەترین مەترسی دەکاتە سەر کۆمەڵگا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەژاران لە کۆمەڵگادا، نەخۆشی و تاوان و دزی زۆر دەبن وناڕەزایی و ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئاسایش و جیاوازی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا دروست دەبێت، کە ئەوە دەبێتە هۆکاری نائارامی سیاسی.
٦-کار : سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ تێرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و گۆڕینی تاک لە دۆخی هەژاری و برسیەتی و ترسەوە بۆ دۆخی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابووری.
٧- سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان: سیاسەتە فرەییەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی، کە ئامانجیان گەشەپێدانی کۆمەڵاتییە، بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی خێزان و کۆمەڵگا و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و دروستکردنی تاکی وەبەرهێن و خێزانی بەرهەمدار. دامەزراندنی دەرچووان، دابینکردنی خۆشگوزەرانی.
٨-ئیستغلال کردنی سامانە سروشتییەکان: دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتەکان بەسەر کۆمەڵگادا. دادپەروەری و دەرفەتی یەکسان، لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و بژێوی و گەشەپێدانی بەردەوام.

لەو ڕوانگەیەوە گرنگی و پێداویستی دابینکردنی ئاسایشی ئابووری، مەرجێکی گرنگە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان، کە بە یەکێک لە بنەما سەرکییەکانی گەشەپێدانی گشتگیرە، بۆ گەیشتن بەو توخمە بنەڕەتیانە کە پێویستە هاوبەشی هەمە لایەن هەبێت لە نێوان (حکومەت، تاک، کەرتی تایبەت، دەزگا و ناوەندە لێکۆڵینەوەکان) بۆ بەدواداچوون و لێکدانەوە و شیکردنەوەی بابەت و بارودۆخەکان، پێدانی ڕێنمایی و پێشبینی و سیناریۆی جیاواز بۆ داهاتوو، لەگەڵ ئەوەی گرنگییەکی زۆریان هەیە لەسەر بریارە سیاسی و ستراتیژییەکان ،کە بەبێ بەردەستبوونی توخمێکی ئاسایشی ئابووری و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی ناکرێت پلان و ستراتیژی بۆ داهاتوو و بەرنامەرێژی بکرێت.