خەبات: عەلی بانیشاری:- بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردن و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی لافاو، لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر 14 پۆندی نوێ دروست دەكرێت. بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، پۆندەكان تاڕادەیەكی زۆر مەترسیی لافاو لەسەر هەولێر كەم دەكەنەوە، پۆندەكان سوودی دیكەشیان هەیە، لەوانە ((دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی گوندەكان، كشتوكاڵكردن و ئاژەڵداری)). هەر بۆ پاراستنی شارەكە لە مەترسییەكانی لافاو، نزیكەی دوو هەفتەیە پاككردنەوەی مەنۆڵ و ئاوەڕۆكانی هەولێر دەستیپێكردووە.

د.كاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی راگەیاند: بە بڕیاری بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان 14 پۆند بۆ دەوروبەری پارێزگای هەولێر دروست دەكرێت. هەفتەی رابردوو ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دا لەسەر تەرخانكردن و خەرجكردنی گوژمەی 12 ملیار و 639 ملیۆن و 900 هەزار دینار، بە مەبەستی دروستكردنی 14 پۆند لە دەوروبەری هەولێر بەشێوەی نەختینە و قۆناغ، لەسەر بودجەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو.

كاروان سەباح گوتیشی: پێشتر سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر دروستكردنی 23 پۆندی دیكە لە هەرێمی كوردستان دابوو، لەو ژمارەیە بەشێكیان دروستكراون و بەشێكی دیكەیان دراون بە كۆمپانیا، ژمارەیەكیشان لە قۆناغی تەندەرینن. ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا بەڕێز مەسرور بارزانی رەزامەندی داوە لەسەر دروستكردنی 37 پۆند، لە كاتێكدا لە مێژووی ئێمەدا تەنیا 120 پۆند لە هەرێمی كوردستان دروستكراوە.
ئەو دەڵێت: 14 پۆندەكە بەشێكە لە پلانی پاراستنی شاری هەولێر لە لافاو، دوای ئەوەی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی لافاو چەند دیراسەیەك ئەنجامدرا و پاشان كۆنفرانس كرا و لەگەڵ زانكۆكان گفتوگۆ كرا، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی لە شاری هەولێر 12 چەممان هەیە، چەممەكان ئاو دێننەوە شاری هەولێر، ئەگەر بتوانین لەوێ كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەین، تاڕادەیەكی زۆر مەترسی لافاو لەسەر هەولێر كەم دەكەینەوە، چونكە لە سەرچاوەكەوە ئاوەكان دەگرینەوە، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیاری دروستكردنی ئەو 14 پۆندە دراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاو دەشڵێت: پۆندەكان بێ لەوەی سوودێكی زۆریان بۆ كۆنتڕۆڵكردن و كەمكردنەوەی لافاو هەیە، لە هەمانكاتیشدا بۆ پاراوكردنی ئاوی ژێر زەوی بەسوودە، چونكە ئاوی ژێر زەوی لە شاری هەولێر زۆر كەم بووەتەوە و بە رێگەی كۆكردنەوەی ئەو ئاوانە بەشێكی دەچێتە ژێر زەوی و دەبێتە ئاوی ژێر زەوی، هەروەها بۆ ئاوی خواردنەوەی ماڵان و كشتوكاڵكردن و ئاژەڵداری سوودی لێ دەبینرێت، بەتایبەت بۆ ئەو گوندانەی نزیكن لە پۆندەكان. زیاتر گوتی: سوودێكی دیكەی پۆندەكان بۆ كەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانە، چونكە ئەو شوێنانەی پۆندەكانی لێ دروست دەكرێت نیمچە شاخاوین و بەرز و نزمی و زورگیان هەیە و بوونی ئاوی پۆندەكان دیمەنێكی جوان دەدات بە ناوچەكە و یارمەتیدەریشە بۆ ئەوەی شوێنەكە سەوز ببێت.

كاروان سەباح راشیگەیاند: ئەو شوێنانەی 14 پۆندەكەی لێ دروست دەكرێت دیراسەی تۆبۆگرافی و هایدرۆلۆجی بۆ كراوە و گونجاوە بۆ دروستكردنی پۆند. هەروەها گوتیشی: دوای فەرمانی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەو رێكارانەی پێویستە بۆ دروستكردنی پۆندەكان دەستپێدەكات، جەختی لەوەشكردەوە, مەترسیی لافاو هەر دەمێنێت و هیچ شوێنێكی دونیا نابێتە سفر، بەڵام حكوومەت كاری لەسەر كەمكردنەوەی مەترسییەكان كردووە و چارەسەری بۆ داناوە، بۆ ئاوی ئەو چەممانەی لە دەوروبەری هەولێرەوە دێنەوە ناو شار، پۆندیان لەسەر دروست بكرێت، بۆ ئەوەی ئاوەكان نەیەنەوە ناو هەولێر. هەروەها ئەو رێڕەوە ئاوییانەی كە لەناو هەولێر هەن چەند مانگێكە تیمەكانی ئێمە بە شۆفڵ و گرێدەر خەریكن و خاوێنیان دەكەنەوە و فراوانیان دەكەن و ئامادەیان دەكەن بۆ ئاوی زیادە. لەلایەكی تریشەوە (بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆكان هەڵمەتیان دەستپێكردووە بۆ پاككردنەوەی مەنۆڵەكان و ئاوەڕۆكان).

نیگەرانی خۆشی لەوەنیشاندا، زێدەڕۆیی كراوەتە سەر كەندە سروشتییەكان و هاووڵاتیان خانوویان لەسەر بنیاتناوە و دوكان و پڕۆژەیان لەسەر دروستكردووە. بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان هەروەها دەڵێت: لە هەموو لایەكەوە جۆرێك لە زێدەڕۆیی كراوەتە سەر رێڕەوە ئاوییەكان، ئەوەش وایكردووە تیمەكانمان نەتوانن رێڕەوەكان خاوێن بكەینەوە و رێگە بۆ ئاو بكەنەوە تا بڕوات، ئەوەشی گوت: هەفتەی رابردوو كاتێك تیمەكانیان هەوڵیانداوە زێدەڕۆیی لەسەر هەندێك لە رێڕەوە ئاوییەكان لابدەن، ژمارەیەك لە هاووڵاتیان رێگریان لێكردوون و هەڕەشەیان لێكردوون و پەلاماریان داون. وەكو ئەو گوتی (تیمەكانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان لەوێن، بۆ ئەوەی وەكو ساڵی رابردوو لە كاتی لافاودا ئاو نەچێتە ناو ماڵەكانیان) كاروان سەباح داواشیكرد، هاووڵاتیان هاوكاریان بكەن تا تیمەكانیان بەكاری خۆیان هەستن و رێڕەوە ئاوییەكان خاوێن بكەنەوە و زێدەڕۆییەكان لابەرن.