خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- ساڵی پار لەچەند گەڕەكێكی شاری هەولێر لافاو دروستبوو زیان و زەرەری زۆری بە هاووڵاتیان گەیاند و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش چەند لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە دروستبوونی هۆكارەكانی ئەو لافاوە پێكهێنا و لەلایەن پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كار بۆ چارەسەركردنی لافاوەكە كراو ماوەیەك بەر لە ئێستاش كۆنفرانسێكی فراوان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی ئەو لافاوە لە شاری هەولێر سازكراو كاری باشی لەسەر كرا، سەبارەت بە هۆكارەكانی ئەو لافاوە و ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆ لەپایتەخت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەولێرمانكرد.

ئەندازیار زەردەشت عەبدولخالق سەرسام گوتی: هەموو ساڵێك لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول لەلایەن تیمەكانی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە هەموو كوچەو كۆڵان و شەقامە سەرەكی و لاوەكیەكانی شاری هەولێر هەڵمەتی فراوان بۆ خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان ئەنجامدەدرێت و خۆڵ و خاشاكی زۆر لەناو ئاوەڕۆكان دەردەهێندرێت بۆ ئەوەی لە كاتی باران بارینی بەخوڕ مەنهۆڵەكان نەگیرێن و ئاوی باران ڕێڕەوی خۆی بگرێت و ئاو لە شەقامەكاندا نەوەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە بەر لە هاتنی باران بارین لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێنرێت و چەندین كۆبوونەوە بۆ ئەگەرەكانی دروستبوونی لافاو و ڕووداوە سرووشتیەكان ساز دەكات جگە لەوەش لەلایەن شارەوانیەوە ناو گەڕەكەكان و بەڕێوەبەرایەتی ژینگە پارێزی هەڵمەتی فراوان بۆ خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان كاری خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان ئەنجامدەدەن، دیارە بەهۆی لافاوی ساڵی پارەوە لە شاری هەولێر زیان و زەرەر بەر هاووڵاتیان كەوت، دواتر لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوەكراو ڕێككاری پێویست بۆ دروستبوونی ئەو لافاوە گیرایەبەر و دەمودەست هەوڵدرا مەنهۆڵەكان خاوێن بكرێنەوە و لەلایەن تیمە هاوبەشەكانیشەوە هەموو كۆڵان و شەقامەكانی شوێنی لافاوەكە خاوێنكرانەوە، هەردوو لافاوی 31/10و 17/12ی پار ساڵ ڕووداوی لافاوی لە ناكاو بوون.

بارانی بەخوڕی بار ساڵ لافاوی دروستكرد و زیان و زەرەری بەخەڵكی هەژار و كەمدەرامەت گەیاند و تیمە هاوبەشەكان توانیان فریای ئەو خەڵكە بكەون كە بەر ئەو لافاوە كەوتن، بە سوپاسەوە دەمو دەست لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەردانی ئەو شوێنانە كرا كە لافاوی لێ‌ دروستببوو، هەر لەلایەن خودی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بودجە بۆ دروستكردنی ئاوەڕۆ و ڕێگریكردن لە لافاو و كەمكردنەوەی زیانەكانی ڕەزامەندی لەسەر درا. ئەمساڵ بەر لەهاتنی باران و لافاو پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ كاری بۆ كراو بەچەندین قۆناغ پڕۆژەكان دەستپێدەكەن و تەواو دەكرێن بۆ ئەوەی ڕێگری لە لافاو بكرێت. لەمانگی ئەیلولەوە دەستكراوە بەخاوێنكردنەوەی هەموو ئاوەڕۆكان، پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ وەك دروستكردنی ئاوەڕۆ ی سندوقی لەشەقامی 30 مەتری تا شەقامی 40 مەتری نزیك سایلۆ بەتەواوكردنی ئەو ئاوەڕۆیە كۆبوونەوەی ئاوی باران بارین و لافاو لەو شەقامە كەم دەبێتەوە و زیانی گیانی لێ‌ نابێت و ئەو ئاوەڕۆیە فشاری زۆری ئاوی باران لە گەڕەكی تەیراوەش كەم دەكاتەوە. پڕۆژەیەكی دیكەیش ڕەزامەندی لەسەرە ئەویش ئاوەڕۆی گوندی كەڵەكین ـ شاوێس نزیك شاوێس ساڵانە كێشەی بۆ هاووڵاتیانی ئەو گوندە و شەقامی هەولێر ـ پیرمام دروستدەكرد بەتەواوكردنی ئەو ئاوەڕۆیەش كەمكردنەوەی زیان و نەهێشتنی ئەو ئاوە لە سەر شەقامی پیرمام و ناو ئەو گەڕەكە كەمدەكاتەوە، هەوڵیش دراوە بۆ ئەوەی زۆربەی كەندەكان خاوێنبكرێنەوە بۆ ئەوەی لە كاتی باران بارینی بەخوڕ لافاو لە ناو گەڕەكەكانی شاری هەولێر جارێكی دیكە دروستنەبێت.

دواتر ئەندازیار زەردەشت عەدولخالق سەرسام بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆكانی هەولێر گوتی: دوای ڕووداوی لافاوەكانی پار ساڵی شاری هەولێر لە سەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ ئەوەی لە هۆكارەكانی دروستبوونی ڕووداوی لافاوەكانی سنووری شاری هەولێر بكۆڵێتەوە و چارەسەری هەمیشەیی بۆ بدۆزنەوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا كۆنفراسێكی فراوانی تایبەت بەو بوارە دەستی بەكارەكانی خۆی كرد و چوار تەوەری لەخۆ گرت كە بریتی بوو لە پلان و بەرنامەی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و چۆنیەتی ئیدارەدانی لافاو و تەكنیكیەكانی كۆگاكردنی ئاوی لافاو و ڕێكخستنی ڕێڕەوی ئاو لە گوندەكانی دەوروبەری هەولێرو كەمكردنەوەی كاریگەریەكانی ئاوی سەرزەوی لە كاتی باران بارینی زۆر، ئامانجیش لە سازكردنی ئەو كۆنفراسە لەچوارچێوەی بڕیارەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە لە كاتی ڕووداوەكانی لافاوەكە بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی ئەو شوێنانەی كرد كە لافاوی تیادا ڕوودا بوو، دواتر لەگەڵ هەموو فەرمانگەكان كۆبوونەوەی سازكرو چەند بڕیارێك لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكران وەك دەستنیشانكردنی كەموكوڕیەكان و گرتنەبەری رێككارەكان لەگەڵ زێدەڕۆییەكان و شرۆڤەكردنی زانستیانەی هۆكارەكانی دروستبوونی لافاو و چەندین بڕگەی گرنگ لەو كۆنفراسەدا باسیان لێوەكرا.