خەبات: رۆشنا عەلی:- گۆرینی سیستەمی قوتابخانەكان لە كاری چاودێری سەرپەرشتیاری سیستەمێكی تارادەیەك ئاڵۆزە و ماوەی شەش ساڵە بەردەوام كار لەسەر ئاشناكردنی بە مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و پەروەردە كاران دەكرێت، ئەو كەلێنانە دەست نیشاندەكرێت كە لەم سیستەمە دروست دەبێت بە مەبەستی گونجاندنی لەگەڵ دۆخی قوتابخانەكان و سیستەمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان ، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تاچەند كاریگەری هەبووە لەسەر ئەدای قوتابخانەكان لەماوەی ئەم دوو ساڵەی كە هەڵسەنگاندنەكە بە شێوەیەكی گشتگیر ئەنجامدەدرێت؟ ئایا تاچەند توانراوە كەلێنەكانی دەستنیشانبكرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە ؟ كێشەزەقەكانی كامانەن؟ لەمبارەیەوە خەبات بەدواداچونێكی ئامادە كردووە:

*لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەم پرۆژەیە تاچەند كاریگەری لەسەر ئاستی قوتابخانەكان هەبووە ؟مامۆستا شەماڵا ئەبوبەكر بەرێوەبەری قوتابخانەی هیوا بۆ خەبات گوتی: ماوەی شەش ساڵە ئەم پرۆژەیە وەك تێست بەردەوام بووە رۆڵێكی باشی هەبووە لەسەرباشتكردنی ئەدای قوتابخانەكان و هەنگاوێكی باشی ناوە بە ئاراستەی باشتركردنی كوالێتی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن بە پێی ئەو داتایانەی هەیە زیاتر %80 ی قوتابخانەكان ئاستی خوار ستانداردیان تێپەراندووە و گەشتونەتە ئاستی سێ‌ و چوار.

*دەربارەی باسكردن لە بواری پسپۆری مامۆستا شەماڵا گوتی : پێشتریش مامۆستایان هەر هەمان گلەییان هەبوو دەیانگوت ساڵی دوو سەردان پێوە رنییە بۆ هەڵسەنگاندنی مامۆستا ، بەڵام ئێستا هەر بەرێوەبەرێكی قوتابخانە دەتوانێت لە مانگێكدا چوار جار داوای سەرپەرشتیاری پسپۆری بكات بۆ هەر بابەتێك ئەم پرۆژەیە رێی نەگرتووە لە سەردانی سەرپەرشتیارانی پسپۆری بە پێچەوانەوە رێخۆشكەر بووە بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەكی پێشكەوتوو لە كوێ‌ كێشە هەبێت جا بە سمینار بێت یان سەردانی سەرپەرشتیاری پسپۆری بێت چارەسەر بكرێت.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا گۆرانكاری لە ئاستی قوتابخانەكان رویداوە و بە قوتابخانەكانەوە دیارە ؟ ئومێد عەلی محمد سەرپەرشتیاری پسپۆری و ئەندامی گروپی كاری ستانداردەكان لە وەزارەتی پەروەردە بۆ پرۆژەی بنیاد نانی تواناكان بۆ خەبات گوتی : پرۆژەی بنیاد نانی تواناكان یەكێكە لەو پرۆژانەی كە مێژووەكەی دەگەرێتەوە بۆ زیاتر لە 12 ساڵا لەمەوبەر هەنگاوی یەكەمی ناوە ئێستا گەشتۆتە شێوازی كۆتایی كە دەتوانین پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا بخەینەوە سەر سكەی خۆی بە جۆرێك كە هاوشانی سیستەمە جیهانییەكان ببێت جیاوازییەكەش لەوەدایە شێوازی كاری سەرپەرشتیاری گۆرانكارییەكی زۆری بەسەردا هاتووە ئەگەر پێشتر سەرپەرشتیار هەڵسەنگاندنی بۆ تاك بكردایە بۆ مامۆستایەك یان بەرێوەبەر، ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ دامەزراوەیەك دەكات لە لایەكی ترەوە هاورێی رەخنەگرە بۆ هەندێك قوتابخانەی تر ساڵی پار كە هەڵسەنگاندن بۆ قوتابخانەكان كراوە ئەوەی سەلماندووە كە بەرەو پێشچوونی زۆر لە ئەدای قوتابخانەكاندا بینراوە ئێستا بەرێوەبەر خۆی سەركردەیە لە قوتابخانەكەدا ئەو هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستاو یاریدەدەر و رێنماییكار دەكات ئەمە جۆرە سەربەخۆییەكە دراوە بە قوتابخانەكان.

دەربارەی ئەوەی ئەو بەرەو پێشچوونانە لەم هەڵسەنگاندنانە چۆنن و پێوەری بەرەو پێشچوونەكان چۆنن بەڵَگە چییە ؟ مامۆستا ئومێد گوتی :لە ماوەی ئەمساڵا بە پێی ئەو ئامارانەی كە بینیومانە زۆر لە قوتابخانەكان پێشتر وەك تێست هەڵسەنگاندنیان بۆ كرابوو لە ئاستی دوو بوون ئێستا گەشتوونەتە ئاستی سێ‌ بێگومان ئەوانەی ئێمە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هەڵسەنگاندنمان بۆ كردووە، راستە ئەمساڵا هەموو قوتابخانەكان هەڵسەنگاندنیان بۆ كرا ، بەڵام ساڵی پێش كۆرۆنا لەكۆی 1600 قوتابخانە 600 قوتابخانە لە هەردوو ساڵ هەڵسەنگاندنیان بۆ كراوە لەو 600 قوتابخانەیە%30 ئەو قوتابخانانە لە ئاستی دووەوە چوونەتە ئاستی سێ‌ واتە نمرەكەی بەرز بۆتەوە جگە لەوەی زۆر قوتابخانەمان هەیە وەك خۆیان ماونەتەوە پێمان دەڵێت كە پرۆژەیەكی كاریگەرە.

*دەربارەی ئەوەی كە ئایا زۆرێك لە قوتابخانەكان كێشەی پسپۆرییان هەیە لە ئامادەییەكان چ چارەسەرێك لە بوارەدا كراوە ؟ مامۆستا عومەر یوسف حمد سەرپەرشتیاری ئامادەیی سەنتەری سۆران لەمبارەیەوە بۆ خەبات گوتی : وەك یەكەی ئامادەیی سەنتەری سۆران ئێمە لە پار ساڵەوە هەوڵمانداوە سەرپەرشتیارانمان وەك پێویست بنێرین بۆ قوتابخانەكان لەبەر ئەوەی %80ی مامۆستایانمان وانە بێژن و ئەوانیش پێویستیان بە رێنمایی پسپۆری هەیە تا بتوانن وانەكان وەك خۆی بگەیەننە قوتابیان.

دەربارەی ئەوەشی كە ئایا دەیانەوێت چی لەم سیستەمە بگۆرن؟مامۆستا عومەر گوتی : ئەم سیستەمە خۆی لەسەرەتاو لە گۆرانكاریدایە پێویستە هەریەك لە ئێمە كارێك بكات بۆ بەرەو پێشچوونی جا هەر یەكە بە پێگەی خۆی و هاورێی رەخنەگر بە پێگەی خۆی ، سیستەمێكی باشە ئێستا دەبینین قوتابخانەكان گروتینێكیان تێكەوتووەو كێبڕكێ‌ دەكرێت بۆ ئەوەی ئەم قوتابخانەیە لەگەڵ ئەو قوتابخانەیەزیاتر بهێنێت و بەرەو پێش بچێت.

*دەربارەی هەڵسەنگاندنی دەرەكی و خوێندنی كوردی كەركوك كە تاچەند لەو پەروەردەیە جێبەدێدەكرێت كێشەكانی بە دیاریكراوی چین ؟ لەم بارەیەوە پەروین فاتیح بەرێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری لەخوێندنی كوردی شاری كەركوك بۆ خەبات گوتی : خۆشبەختانە ئەم هەڵسەنگاندنە لە وەزارەتی پەروەردەی عێراقیش هەیە و هەمان ئەو ورك شۆپانە لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە بەرێوە دەچن، ئێمە لە خوێندنی كوردی زیاتر لە 525 قوتابخانەمان هەیە ئەم پرۆسەیە لە 2017-2018 وەك تێست هاتۆتە نێو قوتابخانەكان و لە ئێستادا هەموو قوتابخانەكانی گرتۆتەوە رەنگە لە پێش ئەم پرۆسەیەوە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی قوتابخانە بەم شێوەیە نەبووبێت وردە كاری زۆر ورد دەخاتە بەردەست كەلە ساڵانی رابردوو هەندێك هەڵە كراوە لە قوتابخانەكان ئێستا لە رێگای ئەم هەڵسەنگاندنی دەرەكییەوە دەتوانرێت كۆمەڵێك هەڵەی رابردوو چارەسەر بكرێت.

دەربارەی ئەوەشی كە ئایا دەگوترێت ئەم پرۆسەیە قوتابخانەی سەربەخۆ كردووە بەو مانایەی خۆتان كێشەی خۆتان چارەسەربكەن بەرپرسیارێتی لەسەر خۆیان كەمبكەنەوە ؟لەمبارەیەوە پەروین فاتیح گوتی : ئەو كەسانە ئەوە دەڵێن كە باوەریان بەپێشكەوتن نییە ئێمە گوێبیستی ئەو قسانە دەبیت لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان گوایە خزمەتی قوتابخانەكانی پێدەكرێت بە سبوغكردن و نۆژەنكردنەوە ئەو نۆژەنكردنەوەو سبوغكردنە هەمووی چوار نمرەی لەسەرە هەڵسەنگاندنەكە 25 ستانداردە هەر ستانداردێكی بوارێكە ئەو ستانداردەی جوانكاریە بۆ قوتابخانەكە تەنها چوار نمرەی لەسەرە ئەوەی بەرنامەكە شارەزا نەبێت وا دەزانێت خزمەتكردن تەنها سبوغكردنە ئەو خاڵەی زۆرترین سەركەوتنی بەدەستهێناوە ئەوەیە كە دایكان و باوكان بەشدارن لەم پرۆسەیە ئاگاداری قوتابخانەن.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا لە كەركوك بەڵَگەی ئەم بەرەو پێشچوونەتان هەیە قوتابخانەیەك لە ئاستی نزمەوە بۆ بەرز چووبێت ؟لەمبارەیەوە پەروین فاتیح گوتی : بەڵێ‌ قوتابخانەمان هەبووە ساڵی پارئاستی یەك بووە گەشتۆتە ئاستی سێ‌ بە هەوڵی بەرێوەبەرو سەرپەرشتیاری هاورێی رەخنە گر وەزارەتی پەروەردەش بەردەوام ۆرك شۆپی كردۆتەوە بۆ ئەوەی تێگەشتنی زیاتر دروست ببێت و وەڵامی پرسیارەكان بدرێنەوە لە خوێندنی كوردی كەركوك هیچ قونتابخانەیەك نەگەشتۆتە ئاستی چوار تا ئاستی سێی بەدەست هێناوە زیاتر بیست قوتابخانەمان لە ئاستی یەكن تەنها دوو قوتابخانەی ئامادەییمان ئاستی چواری بەدەستهێناوە ئاستی چوار واتە داهێنانی كردووە و ستانداردەكانی فێربوون و فێركردنی %100 جێبەجێكردووە و رێژەی دەرچوونیان لە ئاستێكی بەرز بووە.

*دەربارەی ئەوەی كە ئایا بەدەستهێنانی بەرزترین ئاست كە چوارە قوتابخانەیەكی كەم بەدەستی دەهێنیت و دەوترێت زەحمەتە هۆكار چییە ئەم بۆچوونە هەیە لای بەرێوەبەرەكان لەمبارەیەوە مامۆستا شیروان ئەحمەد سەرپەرشتیاری پەروەردەی پسپۆری ئینگلیزی لە سلێمانی بۆ خەبات گوتی: ئەم پرۆژەیە بۆسزاو پاداشت نییە بۆیە هەر قوتابخانەیەك كە ئاستی خراپ بێت ئەكرێت پاڵپشتی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی خۆی بەرزبكاتەوە ئەم ئاستانە بۆ نمونە چوار دەلێن زەحمەتە شتێیەك نییە ناوی زەحمەت بێت بۆ یەكەم جار لیژنە كە دەچێت بەڵَگە كۆدەكاتەوە دواتر بەڵَگەكان لەبەرامبەر ستانداردەكان پۆلێن دەكات بۆ ئەوەی بزانێت لەچ ئاستێكە دواتر ئاستەكان دەگۆرێت بە نمرە كاتێك قوتابخانە ئەو راسپاردانەی كە ساڵی پار بۆی نوسراوە لەسەر كێشەكانی قوتابخانەكەی قوتابخانە دەبێت بە دوای چارەسەردا بگەرێت قوتابخانە ئەگەر هەوڵ بدات چارەسەری كێشەی خۆی بكات نە ئاستی سێ‌ و نە ئاستی چوار ئەستەم نییە.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا قوتابخانە چۆن بتوانێت داهێنان بكات مامۆستا شێروان گوتی: بەپێی ئەو توانایەی قوتابخانە هەیەتی ئەتوانیت داواكاری لێبكەیت تۆ داوای شتێیەكی لێناكەیت پێی جێبەجێنەكرێت رەنگە داهێنانەكەی ئەوە بێت كە ژینگەی فێر بوونەكەی خۆش بكات لەوانەیە داهێنانەكە ئەوە بێت هانی مامۆستاكان بدات بە شێوازێكی نوێی وانە بڵێنەوە یان سەلامەتی قوتابیان بپارێزیت كەواتە داهێنانەكە بە پێی توانای قوتابخانەكەیە.