مستەفا قایتەوەنی- لەندەن
لەگەشتێکدا فڕۆکەکەمان ماوەیەک گەشتەکەی دواخست، فڕۆکەوانەکە وتی: کێ ئارەزوو دەکات بابفەرموێت بۆ شوێنی ڕێبەرایەتی کردنی فڕۆکەکە! منیش چووم وێنەیەکم لەگەڵ کاپتن گرت، هەر لە هەمان شوێن لە كاپتنی فڕۆكەكەم پرسی: ئایا دەتوانم ڕێبەرایەتی ئێرە بکەم و فڕۆکەوان بم؟
کاپتن، بە زەردەخەنەیەکەوە وەڵامی دایەوە؛ ببورە.. لە ئێستادا سەرکردایەتی فڕۆكە و فڕۆکەوانی بەتۆ ناكرێت، لەبەرئەوەی فڕۆكەوان نیت، دەکرێت بەڕێزتان لە بوارێكی دیکەدا لە من (ئێمە) کارامەتر و داناتر بن!
ئیتر تێگەیشتم مەرج نیە ئێمە هەرچەندە عاقڵ و ژیریشمان هەبێت، ببین بە سەرکردە و ڕێبەرایەتیی خەڵک بكەین و چارەنووسی خەڵك لە ژێر دەستمان بێت هەروەك چۆن كاپتن وتی فڕۆکەوانی بە هەموو كەس ناكرێت، چونكە فڕۆكەكە سەدان سەرنشینی تێدایە و گیان و سەلامەتییان لە ئەستۆی ئێمەدایە، پێویستە كەسێكی بەرپرسیار و لێزان فڕۆكەوانی و ڕێبەرایەتی فڕۆکە بکات.
سەرکردە و سەرکردایەتی، لە ماڵەوە دەست پێ دەکات بۆ گوند، عەشیرەت، ڕێکخراو، ناوچە، کۆمپانیا و فەرمانگەکانی میری و …تادوایی.
با ڕاستەوخۆ و وردتر تیشک بخەینە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ سەرکردایەتی کردنی حیزبێکی وەها گەورە و کاریگەری وەک پارتی کە تەمەنی سێ چارەکە سەدەیە، هەموو قۆناغەکانی شۆڕش و بەرخۆدانی بڕیوە و ئێستا پارتی حزبی پلە یەک و فەرمانڕەوایە لەکوردستان، قۆناغی شۆڕشگێڕی و خەباتی چەکداری تێپەڕاندووە، ئێستا ئیتر پارتی و ڕابەرە مێژووییەکەی جگە لە کوردستان، لە عێراق و بگرە لە ناوچەکەشدا خودان قسەی کۆتاییە .
لە باشوری کوردستاندا پارتی جگە لەوەی خاوەنی دەنگی یەکەم و پێکهێنەری حکوومەتە و، جومگە هەستیارەکانی حوکمڕانیش لە هەرێمەکەدا پارتی بەڕێوەی دەبات، لە سەرکەوتن و شکستیشدا پارتی خاوەنی بەرپرسیارەتی مێژوویی بووە.
هەرێمی کوردستان، خاوەنی چەندین دەزگا و دامەزراوەی ئاسایشی فەرمییە، کە لە ژێر چەتری ئەنجومەنی ئاسایشدا کۆبوونەتەوە، ئەمە جیا لەهێزی بەرگری و شەڕکەری وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی جێبەجێکاری یاسا کە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمە، ئەمە لە کاتێکدا دونیا تەواو ئاڵۆزبووە و، چەمکی ئاسایشیش زۆر فرەئاست و زۆر لقی دیکەی لێ بۆتەوە.
هەربۆیە پێوەرەکانی بوون بە سەرکردایەتی پارتی لەمەودوا وا دەخوازێت، کە لایەنی کەم سەرکردایەتییەکی مۆدێرن و کراوەی هەبێت بەڕووی جیهانی دەرەوەدا، چونکە پارتی چیتر حزبەکەی شاخ و ئەشکەوتەکان نییە و ئەندامەکانیشی لەژێر زەمیندا نین بۆ خەباتی نهێنی، بەڵکو پارتی خاوەن گۆڕەپانێکی سیاسی فراوانە لەکوردستان و عێرقیشدا، نوێنەرایەتیشی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا هەیە، لە ئێستادا پارتی حزبێکی خاوەن لایەنگر و دەنگدەری سەدان هەزار یان ملیۆنییە لەکێبڕکێی ئەسپسواری دیموکراسی دایە نەک چەکداری!
کەواتە بارودۆخ و ڕووداوەکان، ئاڵۆزییەکانی قۆناغەکە وا لە پارتی دەخوازێت سەرکردایەتییە تازەکەی کە بڕیاڕە لە کۆنگرەی (14)دا هەڵبژێردرێت ئاشنا بێت بەجیهانی گڵۆباڵ و ئێستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، خاوەنی دیدگای ڕۆشن بن بۆ ئەوەی لە ناوخۆی کوردستاندا چۆن بیناکردنی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئەکرێت!
لەئێستادا پارتی ئەرکەکانی سەرشانی قورسن، چونکە هەڵگری بارێکی قورسی قۆناغی ڕاگوزەری واتا ئینتقالی هەرێمی کوردستانە، لە دوای دووەمین جەنگی جیهانییەوە لە ساڵی 946 ەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی بە پرەنسیپی دیموکراتی هەبووە و لەسەر ئەو دروشمەش دامەزراوە و ، هەر ئەو کات پارتی ویستی کرانەوەی هەبووە بۆ جیهانی دەرەوە، پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانیشی لە ڕووباری ئاراس گەواهیدەری ئەو مێژووەیە.
لەبەر ئەو هۆکارانە، پێمان وایە بۆ ئێستا و داهاتوو پارتی زیاتر پێویستی بە سەرکرادیەتییەکی بەرچاو ڕوون و زمانزان و شارەزا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکانی ناوخۆی کوردستان و عێراق و دەرەوەش بکات، هاوکات سەرکردەی وەهاشی هەبێت کە بتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵگە و خەڵکی ئاسایی و بەشمەینەتی کوردستاندا بکات بەگیانێکی شارستانی لە هەناوی خۆیدا بەرجەستە بکات و قۆناغی شۆڕشێگێڕیی کوردی بەرەو مەدەنییەتی زیاتر لەسەر دەستی پارتی پراکتیزە بکات.
پارتیش لە چیا و شاخ و دۆڵ و گوندە تاریک و دوورە دەستەکانەوە هەنگاوی هەڵگرت بەرەو شار بۆ حوکمڕانی، ئێستاش کاتی ئەوەیە هەنگاو بنێ بۆ پایتەختەکانی جیهان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لۆبی بۆ ئامانجەکانی بکات، ئەویش بەدیهێنانی خەونی میلەتی کورد و گەلانی کوردستانە کە سەربەخۆیییە.