فارس قادر فەقێ عەبدوڵلا
لە نێوان (5) ساڵ لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تاوەكو ئێستا كۆمەڵێك گۆران و گیروگرفت روویان داوە و وا ئاسان نییە بتوانم لەم نووسینەم یان چەندین نووسینی تر بە وردی خاڵە سلبییەكان دەستنیشان بكەم، ئەوەی دەكرێ بگووترێ كورد بە گشتی زەرەرمەند بوو كارەساتێكی دڵتەزێن و جەرگبڕ بوو، خیانەتێكی مێژوویی بوو، هیچی كەمتر نەبوو لە خیانەتی جەزائیر و گەر هەلومەرجەكانیان هەڵسەنگێنین بەپێی كات و بارودۆخی ئێستای كوردستان ئەوەی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 گەورەتریش بوو لە خیانەتی جەزائیر، خیانەتی جەزائیر هەموومان دەزانین دەستێكی دەرەكی لە پشت بوو، هەموو لایەنەكان دەرەكی بوون، بەڵام خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەكرێ بڵێین (90%) ناوەخۆیی بوو، ئەو (10%) دەمێنێتەوە ئەوەیان دەرەكی بوو، خیانەتی جەزائیر كاتێك بوو كورد لەسەر خاكی خۆی نەبوو، هەموو هاوكارییەكانی دەرەكی بوون، بەڵام لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كورد لەسەر خاكی خۆی بوو، هێز و توانا و ئیمكانییەتی خۆی هەبوو، لە خیانەتی جەزائیر كورد (10%) كوردستانی لە دەستدا مابوو، كە ئەویش ئاوەدانی تێدا نەبوو، بەڵام لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كورد زیاتر لە 50% خاكی كوردستانی لە دەست بوو، ناوچە ئاوەدانكراوەكانیش كە لە ژێر دەستی كوردبوون رێژەی 80% زیاتر بوون و ئاوەدان بوون، بەهەرحاڵ خیانەت و شكست هەر خیانەتە، بەلام ئەوەی ناوەخۆیی كارەساتە، برینی گەورەترە، خاڵێكی تر سەبارەت بە خیانەت بە گشتی دەرئەنجامی دۆڕان و شكستە بۆ ئەنجامدەرەكەی، سەركەوتنێكی كاتییە و ئەنجامدەری سەرشۆرە و دۆراوە، بەڵام لە كاتی ئەنجامدانی خۆی نابینێ و پاش ئەوەی ئەنجامی دەدات باشتر تێی دەگات بۆ نموونە (صدام حسین) لە ساڵی 1975 لە رێكکەوتننامەی جەزائیر خیانەتكاریی خۆی بە براوە بینی، بەڵام تەمەنی ئەو خەون و خەیاڵە كورت بوو و تەنها (5) ساڵ بوو، دەرئەنجام هەر بەهۆی ئەو خیانەتە بوو (صدام حسین)ی راكێشا ناو شەرێكی گەورەی (8) ساڵە لەگەڵ ئێران لە (1980 تا 1988) و دواجار بەهۆی ئەو خیانەتەوە سەری لە خۆی شێواند و كوێتی داگیركرد لە ساڵی 1990، دەرئەنجام لە كوێتیش دەركرا و رسوا بوو، هەر لەو كات لە ساڵی 1991 كوردستانی سەرتاسەر لەدەستدا و ئەوەبوو خۆی نەگرتەوە تا ساڵی 2003 سەری خۆی لەسەر دانا و عێراقیشی وێران كرد.

ئەمە هەمووی بەهۆی هەڵەی رێكکەوتننامەی جەزائیر بوو، دەرئەنجام نەیتوانی كورد لەناو ببات، نەیتوانی حوكمرانی عێراقیش بكات، چونكە هەڵەی بە هەڵە چارەسەر دەكرد، گەر بگەرێینەوە دواوە بۆ مێژوو یان ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتن لە دەوراپشت بۆ نموونە ئەو عەقڵییەتانە هەموویان بە هەمان چارەنووسدا چوونە و دەچن، خیانەت دەرئەنجام سەری خۆیانی خواردووە و دەخوات بەڵێ هەروا بووە و واش دەبێ، دەرئەنجامەكەی خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەریش وامان پێ دەڵێت و وا نیشان دەدات.

ئەوانەی لە ئۆكتۆبەری 2017 خیانەتیان كرد ئێستا نێوماڵی خۆیان پێ كۆنترۆڵ ناكرێ، كەس بروای بە كەس نەماوە، متمانە لە نێوان برا و برا نەماوە، تۆوی خیانەت دەرئەنجامی لە ناوچوونە، ئەوەی ساڵی 2017 گرەوی لەسەر نەمانی پارتی دەكرد، ئەوەی چاڵی بۆ پارتی لێدەدا، ئێستا خۆی كەوتۆتە ناو ئەو چاڵە ،ئەگەرچی زەرەریان بە هەموو كورد گەیاند و كەركووكیان فرۆشت و زۆر بەبێ شەرمانە دەیانویست تا سنوورەكانیش بدەن بە دەستی دوژمن، بەڵام خەونەكانیان لە گۆرنران، كورد گووتەنی (بۆ سمێڵ چوون ریشیشیان لەسەر دانا) راستە خەنجەریان لە كورد دا، خۆیان فرۆشت، بەڵام لەو (5) ساڵە كەوتنە سەر ئەرز، هەر ئەوە ماوە تەواو بن و بۆ زبڵدانی مێژوو برۆن. بەڵێ هەروەك دەبینین بەرەی خیانەتكارانی ئۆكتۆبەری 2017 لە قاوشی عەملیات لەو پێنج ساڵە بەنجی حەشدی شەعبی و پاسدارانی ئێرانی عیلاجی نەكردن، خوێنەری بەرێز ئەوەی بیەوێت ژەهر بدات بە میللەتی خۆی، میللەتیش ژەهری پێ دەدات و خیانەتكار دەرئەنجام بەر دەبێتە لاشەی خۆی و خۆی خۆی دەخوات، چارەنووسیان لە چارەنووسی (صدام حسین) باشتر نابێت، خیانەت سەرەتانە، تەقینەوەیە،ی خۆكوژیە، میللەت ئازار دەدات، بەڵام ناتوانێ لە ناوی ببات و ئەنجامدەری رسوا و پوچ و بێ قیمەت دەكات، رۆژگاریش دەیفەوتێنێت و بزری دەكات.

* ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر (پ.د.ك).