
كاروان محەمەد سینۆ
خیانەتی رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری2017 هەڵوێستی تاقمێكی خیانەتكار و كاڵفام و خاك فرۆش بوو بە فەرمانی باڤڵ تاڵەبانی و ئاراس جەنگی بۆ بەڕادەست كردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم، ئەم خیانەتەی ئەوانیش تەنها و تەنها لەپێناو بەرژەوەندی كەسی خۆیان و (بەشێك لە بنەماڵەكەیان) بوو، هەڵبەت چەند بەرپرسێكی سەركردایەتی یەكێتیش لەم خیانەتكارییەدا بەشدار بوون (بەقسەی بافل تاڵەبانی بۆ كەناڵێكی تەلەفزیۆنی دەڵێ: لە كۆی 50 ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، 38 ئەندام واژووی كشانەوە و ڕادەستكردنی كەركوكیان كردووە). لەلایەكی دیكشەوە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری2017 لەلایەن ئەو تاقمەوە، جێبەجێ كردنی فەرمانی هێزی ئەقلیمی بوو لەپێناو شكاندیی شكۆمەندی ئیرادەی ئازادی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی كوردستان. بەو خیانەتەیان ئەو تاقمە ئەزموونی هەرێمی كوردستانیان خستە ژێر ركێڤی رژێمی داگیركەر و عەقڵیەتی شۆڤینی تایفەگەری و میلیشیا و چەكدارانی سەر بە ئەجندا ئەقلیمییەكان. هەڵبەت ئەگەر ئەو رێكەوتنەی تاقمی خیانەتكار و كاڵفام و خاك فرۆش نەبوایە، هەرگیز رژێمی عێراق و ئەجندای داگیركەران جورئەتی ئەوەیان نەدەبوو هێڕش بكەنەسەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەوسا دۆستانی خەڵكی كوردستانیش هاوكار و هەماهەنگ دەبوون و پشتگیرییان لە ریفراندۆم و هەڵوێست و ئیرادە و بڕیاری خەڵكی كوردستانیان دەكرد.
خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تەنها خیانەت و فرۆشتنی كەركووك نەبوو، بەڵكو 16ی ئۆكتۆبەر خیانەت بوو لە خەباتی سەدساڵەی بزاڤی رزگاری خوازی كوردستان لە هەموو پارچەكانی كوردستان، چونكە تەواوی خەڵكی كوردستان لە باكور و باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بە چاویێكی پڕ لە هیوا و ئاوات ەوە دەیان ڕوانییە هاتنەدی خەونی سەربەخۆیی كوردستان. كەچی ئەوتاقمە كاڵفام و خاكفڕۆش و خایانەتكارە، لە رێكەوتنێكی خیانەتكارانەدا شەقیان هەڵدا لە هەموو هیواو ئاواتەكانی خەڵكی كوردستان.
لە ئەنجامی رێكەوتنە خیانەت كارییەكە ، رۆژی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 كاژمێر 8ی سەرلەبەیانی، چەكدار و میلیشیا شۆڤینی و تایفەگەرییەكانی رژێمی عێراق و بیانی بە هاوكاری ئەو تاقمە خیانەتكارە هاتنە نێو شاری كەركووكی دڵی كوردستان و لەوێشەوە بڕیار و پلانیان وابوو شارەكانی دیكەی كوردستان داگیر بكەن و كۆتایی بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بهێنن. بەڵام وەكو هەمووجارێك پێشمەرگە راستەقینەكانی كوردستان و ڕۆڵە بەئەمەكەكانی پارتی و بارزانی و خودی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و نێچیرڤانی بارزانی و مەسروور بارزانی و هەموو سواچاكەكانی دیكەی بنەماڵەی بارزانی، شێرئاسا هاتنەدەنگ و چەكی شەرەف و كەرامەتیان كردەشان و سەنگەری شەرەف و كەرامەتیان لە شارۆچكەی پردێ لە باكووری كەركووك داكوتا و بەدروشمی “كوردستان یان نەمان”، سینگی خۆیان كردە قەڵغانی بەرگری و پارێزگاری خاك و خەڵكی كوردستان و بڕیاری جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی ئەوە بوو كە “بەهەر نرخێك بێت هەرێمی كوردستان بپارێزن”.
خەبات و فیداكاری و بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەكانی پارتی و بارزانی لە داستانێكی “پردێ” كەم وێنە بوو ، شەڕی مان و نەمان بوو هاوشێوەی شەڕ و داستانەكانی (زۆزك و هەندرین، گەلی زاویتە و قەنتارا،لۆمان و كۆڕێ و..و..و..هتد) كە بەدرێژایی مێژووی بزاڤی رزگاری خوازی كوردستان لەسەر دەستی پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانی تۆمار كراون. شەڕی(پردێ)ش بووە داستان و رۆژی گەراندنەوەی شكۆمەندی ئیرادەی خەڵكی كوردستان (كەتاقمی خیانەتكار ژێر پێیان كردبوو)،بۆیە “داستانی پردێ” لە تۆماری مێژووی و پیرۆزی خەباتی بزاڤی رزگاری خوازی كوردستان و پارتی و بنەماڵەی بارزانی بۆ هەتا هەتا تۆماركرا.
شەری بەرگری و پارێزگاری كردنی كوردستان (داستانی پردێ)، بەرەبەریانی رۆژی 20ـی ئۆكتۆبەری 2017 لە باكووری كەركووك لە شارۆچكەی “پردێ” لە ئەنجامی هێڕشێكی هۆڤانەی ڕژێمی بەغدا بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە دەستی پێكرد ، كە تێیدا قورسترین چەك وەكو (دەبابەی ئەمریكی لە جۆری “ئەبرامز” و هەمەر و كاتیۆشا و تۆپ و هاوەن و دۆشكە …هتد،لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دژی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بەكارهات ، بە پشتیوانی چاودێری سوپاسالارغ وڵاتێكی ئەقلیم هەژمووندار لە عێراق. ئینجا پاش شەڕێكی دەستەو یەخە و قورس و گران كە وەكو باسمانكرد هەموو چەكێكی قورس و بەهێزی سەردەمیانە تێیدا بەكارهات لە (دەبابە و زرێپۆش هامڤی و تۆپ خانە و كاتیۆشای (وڵاتێكی ئەقلیمی)، وێرای سوپای و پۆلیسی عێراق، هەروەها ژمارەیەكی زۆری چەكدار و میلیشیا و چەتەی شۆڤینی و تایفەگەر بەشداری هێڕشەكەبوون.
پاش چەندین هێڕش و هەوڵی داگیركەرانەی ڕژێمی بەغدا، بەڵام داگیركەران هەمووجار رووبەرووی قەڵغانی تووكمە و پۆڵایینی بەرگری پێشمەرگە دەبوونەوە و شكست دوای شكستایان دەخوار. لە ئەنجامدا هێزەكانی داگیركەر زەرە و زیانێكی زۆری مادیی و گیانییان لێكەوت كە لە پێشبینی و مەزندە ئەواندا نەبوو. دەبابەی پێشكەوتووی سوپای عێراق دەسكردی ئەمریكا لە جۆری (ئەبرامز) كە ئەمریكا بە سوپای عێراقی بەخشیبوو،لەسەر دەستی پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانی سوتێنرا و ژمارەیەكی زۆری زرێپۆش و هەمەر و هەڵگری كاتیۆشا تێكشكان و ژمارەیەكی و ژمارەیەكی یەكجار زۆری كوژرا و برینداریان لێ كەوت. ئینجا لە ئێوارەی هەمان رۆژ ، داگیركەران ناچار دانیانا بە شكەستەكەی خۆیان هێنا و شەڕەكە بە سەركەوتنی پێشمەرگە گیانفیداكانی كوردستان كۆتایی پێهات.
لەم داستانەدا نیشتیمان پەروەری و بڕوابەخۆبوون و قارەمانێتی و لێهاتووی پێشمەرگە و ئەزمونی خەباتی دوورودرێژ خودی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە شەڕەكەدا، هۆكاری سەرەكی بوون لە سەركەوتنی پێشمەرگە و شكاندنی داگیركەر و میلیشیاكان و شكاندن و لەگۆڕنانی رێكەوتنی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەر كە تاقمی خیانەتكار لە گەڵ ڕژێم و میلیشیاكان ئیمزایان كردبوو. ئەم شەڕ و سەركەوتنەی پێشمەرگەی كوردستان بە رێنمایی و چاودێری راستەوخۆی خودی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، بووە ئەگەری گەڕاندنەوەی شكۆمەندی خەڵكی كوردستان و پاراستنی ئەزموونی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە بەرامبەرداپاش ئەو شكستەی لە داستانی شەڕی پردێ دووچاری هێزی داگیركەر بووەوە، ناچاری كردن كەبەخۆیاندا بچنەوە و ملكەچی هێز و نەعرەتی شێرانەی پێشمەرگە ببن و ناچار هێڕشەكەیان وەستاند و داوای گفتوگۆیان كرد. لە ئەنجامدا ئەم داستانە بێجگە لەوەی سەركەوتنێكی مەزن و مێژووی بوو بۆ پێشمەگە راستەقینەكانی كوردستان و پارتی و بارزانی، لەلایەكی دیكەوە روورەشی و شەرمەزاری مایەوە بۆ تاقمی خیانەتكار و كوردستان فرۆشانی 16ـی ئەئۆكتۆبەری 2017.
لەپێنجەم ساڵیادی سەركەوتن هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە داستانی “پردێ”، ئێمە وەكو خەڵكی كوردستان سوپاسی سەرۆك بارزانی و تەواوی سوارچاكانی بنەماڵەی بارزانی دەكەین كە سینگی خۆیان كردبووە قەڵغانی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، سوپاسی پێزانینمان ئاراستەی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دەكەین (ئەوانەی بەشداریان كردبوو لە داستانی پردێ و پاراستنی هەرێمی كوردستان)، سوپاسی پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانی و پێشمەرگەكانی رۆژ و ئازادی دەكەین، سوپاسی هەموو ئەو خۆبەخش و پۆلیس و ئاسایش و كارمەندانی تەندروستی و فریاكەوتن دەكەین و هەروەها سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەین كە بەهەر شێوەیەك لە شێوەكان بەشدارییان كردبوو لە شەڕی مان و نەما… داستانی پردێ رۆژی گەڕاندنەوەی شكۆمەندی گەلێك بوو… رۆژی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بوو… رۆژی پاراستنی سەڕەف و كەرامەتی هەموو خەڵكی كوردستان بوو بە هەموو نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكانییەوە.
لەكۆتاییدا سەری رێز و نوازش دادەنوێنیین بۆ شەهیدانی داستانی پردێ،هەرشەكاوەبێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.