زوبێر مائی/ فرەنسا
بەستنی کۆنگرەی هەرپارتێکی سیاسی دەرفەتە بۆ وتوبێژکردن و شەنوکەوکردنی چەندین باسوخواس کە لەوانەیە ساڵانێکی زۆربێت، باسیان لێوەنەکرابێت، یان وەختی باسکردنیان نەبووبێت، بۆ ئەوەی رێگەبەخۆم بدەم کە لێرەدا ئەم باسە بوروژێنم، دەبێت خۆناسینێک پێشکەش بکەم، من لە ساڵی ١٩٨٠ەوە پەیوەندیم بە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردوە لە سنوری لیژنەی ناوچەی ئامێدی، دواتر لە ١٩٨٢بوومە پێشمەرگە لە سنوری رێکخراوی شەهید سادق، هەتا ئەنفالی بادینان ١٩٨٨دا لە سنوری لقی یەک پێشمەرگە بووم، دواتر لەگەڵ دانیشتوانی بادینان بەرشاڵاوی ئەنفال کەوتین و لە کامپی ماردین گیرساینەوە، تا لە ١٩٩٢دا، مەدام میتیران لەگەڵ دەیان خێزانی دیکەی ئەنفالی بادینان، ئێمەی بردە فرەنسا و ماوەی ٣١ساڵە لە فرەنسا دەژیم، و لە ٢٠٠١ەوە بەرپرسی رێکخستنەکانی پارتیمانم لە فرەنسا، تا پێش هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکان بۆ بەشداربوون لە کۆنگرە، ئیتر من بە ویستی خۆم و لە لوتکەی بڕوابوونم بە رێبازی بارزانی، خۆم کشاندەوە بۆ ئەوەی رێگە بە گەنجەکان بدەم جێگەی من بگرنەوە و لەمن باشتر ئیشەکان بەڕێوەبەرن و منیش هەمووکات هاوکاریان دەبم.

مەسەلەی هاتنی نەوەی تازە و پێدانی رۆڵی نوێ بەوان، راستییەکە کە پەیوەندی بە بابەتەکانی ترەوە نییە، ئەوە جەبری مێژووە، کەسانی گەنج دێن و بە هزرو زانیاریی نوێ دێنە مەیدان و دەیانەوێت رۆڵی خۆیان بگێڕن و، دەشبێت هەموومان رێگەیان بۆخۆش بکەین، نەک ببینە کۆسپی سەرڕێگەیان.

بۆ ئەو مەبەستە دەمەوێت لێرەدا سەرهاتییەک بگێڕمەوە، کە من ساڵی ١٩٨٢ بۆ یەکەم جار بووم بە پێشمەرگە لە سنوری لیژنەی ناوچەی ئامێدی سەربە لقی یەک، لەوێ تا ساڵی 1986 لەناو جۆرێک لە سەرلێشێوایدا بووم، نەک تەنیا من زۆرێکی دیکەی پێشمەرگەکانیش، بەتایبەتی گەنجەکان، چونکە لە ساڵی ١٩٨١ەوە، بەهەزاران گەنج بۆ ئەوەی نەبنە ئاگری شەری قادسییە، رایانکرد و پەیوەندیان بە شۆڕشی گوڵانەوە کرد، ئەوانە بوونە سەرچاوەیەكی وزە بۆ شۆڕش، وەو تێکۆشەرانەی کەئەوکات سەرکردایەتی ناوچەکەیان دەکرد، زیاتر فەرماندە بەتەمەن و بەئەزموونەكانی شۆڕشی ئەیلول بوون كە ھەمیشە جێگەی رێزو پێزانینن، راستە ئەزمونیان هەبوو، بەڵام نەیاندەتوانی ئەو هەزاران گەنجە لە خۆبگرن و رێوشوێنی پێویستیان بۆ دابین بکەن و لەناو شۆڕشی گوڵاندا بەگەڕیان بخەن، ئەو هێزە مرۆییە گەنجە لەهەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی كوردستانی بوون و خودان هزرو پیشەی جیاواز بوون، پزیشک، مامۆستا و دەرچوویی زانکۆ و کرێکار و تد، تەنانەت عەرەبیشیان تیادابوو.

لەوێ رەوشێكی وا دروست بوو نزیك بوو لە جۆرێك ململانێ لەنێوان كۆن و نوێ، جۆرێک (لەیەک تێنەگەیشتن هەبوو) قۆناغەکەش بە جۆرێک بوو، دونیایەک هزریی جیاوازسەریان هەڵدابوو، سەردەمی قسەکردن و گوتووبێژەكان دوانەبڕاوە بوون، شاڵاوێکی رۆشنبیری و هزریی نوێ هاتە ناو شۆڕشەوە، سەرکردە مەیدانییەکانی ئەوکاتی بادینانیش کە هەموویان لە پاسەوانانی دێرین بوون، لە توانایاندا نەبوو، ئیستیعابی ئەو هەموو هزر و خەڵکە تازەیە بکەن، ئەوان تووشی شۆک ببون، ئێمەی گەنجەکانیش تووشی شۆک ببووین.

ئێمەی گەنجان دەمانزانی کە مێژووی رێبەرایەتی مستەفا بارزانی نەمرو رێبازەکەی بەو شێوەیە بووە، کەهەمیشە بەرەیەکی فراوان بووە بۆ هەموو هێزە نیشتیمان پەروەرەکانی کوردستان، باوەشی بۆ هەموان کردۆتەوە، بەڵام ئەوکات رەوشەکە زۆر گرفتی تیابوو، تا ئەو کاتەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەری رۆحی و حەكیمی ئەوكات و ئێستا و داھاتووش، سەردانی بادینانی کرد و، فریامان كەوت، لەگەڵ بەڕێزیان ئەندامانی لیژنەی پشکنین یش هاتن، کە سەرکردەی وەکو خوالێخۆشبوو، دکتۆر رۆژ نوری شاوەیس و زەعیم عەلی، لەگەڵدابوو.

سەرۆك بارزانی ماوەی زیاتر لە شەش مانگ مایەوە، پاش ئەو سەردانە قۆناغێکی نوێ لە خەبات و چالاکییەکانی پێشمەرگەکانی گوڵان دەستی پێکرد، بۆ ئەوەی شرۆڤەیەكی ستراتیژی بۆ رەوشەكە بكات و تا بڕیاری دادپەروەرانە بدات، لەسەر دیاردەو لەسەر كەسەكان، پاش ئەوەی بەجوانی و بەباشی لەرەوشەکە تێگەیشت، هەیکەلێکی نوێێ بۆ سەرکردایەتی لە بادینان دروست کرد، کەلەسەر بناغەی تێکەڵ کردنی هێزو توانا و بیری گەنجەکان و پیرەکانی ناو شۆڕش بوو، بیری نوێی گەنجەکان و ئەزمون و هەیبەتی فەرماندە و سەرکردە بەتەمەنەکان، سەرکردایەتییەکی مەیدانی رێکوپێکی دروست کرد، رەوشی شۆڕش و پێشمەرگە زۆر پێشکەوت، بەجۆرێک چالاکییەکانی پێشمەرگە لە بادینان لەوەدەرچوو کە تەنیا گرتنی رەبییەک بێت یان دانانی کەمینێکی پارتیزانی بێت لەسەرشەقامێک، گەیشتە ئەوەی داستانەکانی (باخەسوتکێ و بامەرنی و کانی ماسیێ و دێرەلووک تۆماربکات،لە جیاتی گرتنی سەربازێک یان دووسێ سەرباز، بوو بە گرتنی تەواوی فەوجێکی عەسکەر، و سەدان و دیل و سوتاندنی تانک و زریپۆش سوتاندن و گرتنی چەکی قورس ، ئەگەر سەدام چەکی کیمیاوی بەکارنەهێنایە لەناوچوونی سوپا و رژیمەکەش بەهۆی ئەو جۆرە بەرگرییانەی پێشمەرگە دەبوو کە لە لقی یەک و لە بادینان و خواکورک و هەندێ شوێنی دیکەی کوردستان بەڕێوەدەچوو.

بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەو سەرکەوتنە مەزنانەی پێشمەرگە لە بادینان و لقی یەک ئەو سەردانەی سەرۆک مەسعود بارزانی بوو، ئەو ئاشتکردنەوەو لەیەک نزیک کردنەوە و تیکەڵکردنەی نێوان نەوەی تازەو نەوەی دێرینی شۆڕش بووکەهەریەکەیان نوێنەرایەتی قۆناغێکی جیاوازی کۆمەڵگەو شۆڕش و پارتیان دەکرد، هەمووشیان هەر دڵسۆزو گیانفیدای رێبازی بارزانی بوون، بەلام لە دوو ژینگەی و قۆناغ و لەدو کاتی جیاوازی شۆرشدا، ژیابوون، تەنیا رێکخستن و میکانیزمێکی حەکیمانەی دەویست بۆ ئەوەی بەیەکەوە درێژە بە خەباتی شۆرشی گولان بدەن.

بەیەک گەیشتن و تێکەڵ کردنی دوو نەوەی جیاواز و هزرەکانیان ئەگەر حەکیمانە نەکرێت بروسکەو چریسکەی ئاگری لێ دەبێتەوە، بەڵام سەرۆک بارزانی حەکیمانە ئەو پرۆسەیەی سەرکردایەتیکرد،هەربۆیە کردییە پڕشنگێک و خۆری شۆرشی گوڵانی گەشاوەتر کردو سەرکەوتنی گەورە بەدەست هات، ئەمڕۆش لەم ساتەوەختەدا کە پارتیمان سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ بەستنی کۆنگرەی ١٤حەزدەکەم باسی ئەو بکەم کە ساتەوەختی بەستنی ئەم کۆنگرەیەش زۆر گرنگە. پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ هێزی یەکەمی کوردستانە نەک تەنیا لە باشوری کوردستان بەڵکو لەهەرچوار پارچە، پارتی هەموو کاتێک خاوەنی کوردو کوردستانە . دەمێکە بارزانی نەمر تێگەیشتنی ستراتیژی بۆ کۆمەڵگەی کوردستان هەبووە، مەلا مستەفا تەوای توێژ و چینەکانی میللەتی کوردی لە خۆ گرتووە، پارتی تەنیا حزبێکی سیاسی نییە بەڵکو ئۆرگانێکە جێگەی هەموو چین و لایەن و هزری جیاواز و نەتەوەو ئاین و ئایدۆلۆژیایی جیاوازیشی تیا دەبیتەوە ( لە زەردەشتییەو تا ئیسلام) لە هەموویان تێگەیشتووە کە رۆحی هەموو ئەو ئاینانە لەناو کۆمەڵگەی کوردستانەوە دروست بوە ودەڕژێنەوە ناو كۆمەڵگەی كوردستانی.

من لێرەوە دەمەوێت باسی ئەزموونی خۆم بکەم، چەندین ساڵە بەرپرسی رێکخستنەکانی پارتی بووم لە فرەنسا بەڵام ئەمڕۆ لەوکاتەیدا لە هەرکاتێکی دیکە زیاتر بڕوام بە رێبازی بارزانی و پارتی ھەیە، بەڵام بە تەواوی قەناعەتمەوە رێگە بە خۆم نادەمەوە کە چیتر ئەو پۆستە بەڕێوەبەرم، بەڵکو رێگە دەدەم تا گەنجێک جێگەی من بگرێتەوە و بێتە جێگەکەی من، ئەوە حوکمی عەقڵ و زەمەن و رێگە راستەکەیە دەبێت خوێن و هێزو وزەی نوێ بێتە ناو لاشەی رێکخستنەکانمان وسەركردایەتی پارتەکەمانەوە، دەبێت رێگە بدەین ئەوان بێنە پێشەوە و من بچمە دواوە. بۆ ئەوەی ئەوکارانەی پێشتر من کردوومن ئەوان بێن باشتر بیکەن، و من هاوکاریشیان دەبم، بۆ ئەوەی ئەو گەنجانەمان کەلە ئێستادا پێگەیشتوون و خاوەنی بڕوانامەی بەرزن و لە زمانی ئەو سەردەمە تێدەگەن، دەبێت بێن و، ئەركەكان لە من باشتر بەڕێوەببەن، بۆ ئەوەی بەجوانی کاربکەن من پشتیان تێناکەم، بە پێچەوانەوە ئەو گەنجەی دێتە شوێنی من ئەگەر رۆژێک پێویستی بە من بوو، من لە خزمەتیدا دەبم، ئەگەر رۆژێک لەسەرکارێکیش تێبینیم هەبوو دڵنیابن ئاگاداریان دەکەمەوە وهاوکاری دەکەم.

بابەتێکی دیکەش هەیە کە دەمەوێت ئاماژەی پی بدەم هەرلەو چوارچێوەیەدایە، ئەوە ٣١ساڵە لە فرەنسام و ئاگام لە ژیانی سیاسی ئەم وڵاتەیە، هەموومان دەزانین کەلەم ساڵانەی دواییدا رەوت و لایەنە سایسییە توندەڕەوەکان دەسەڵاتی زۆربەی حکومەتەکانی ئەوروپایان گرتۆتە دەستیان، كەواتە دەپرسین بۆچی توندڕەوەكانی فرەنسا، ئەمجارە دەنگی زیاتریان هێناوە، چونکە سۆشیالیستەکانی فرەنسا زیاترلە سی ساڵە، نەیانتوانیوە گۆڕانکاری لە خۆیاندا بکەن، نەوەی کۆن رێگەیان بەنەوەی نوێ نەداوە، لەناو حکومەتدا و حزبدا، نەشیان توانی بوو لەنەوەی تازە تێبگەن و بزانن ئەم نەوە تازەیە چیان دەوێت و چۆن هزر دەکەن.

هێز ومەزنی پارتی لە رێبازی بارزانییەوە سەرچاوەی گرتووە، هەربۆیە پێویستە دەست بەو رێبازەوە بگرین، پارتی ئەمڕۆ ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە، و خودانی گەل و دۆزی كوردستانە، مان و نەمانی پارتی، مان ونەمانی کوردە، لەم روانگەیەوە دووپاتی دەكەمەوە، گرنگە رێ بۆ نەوەی تازە خۆش بکرێت بێنە پێشەوە و رۆڵی مێژووییانەی خۆیان لە پێشخستنی پارتی و کۆمەڵگەی کوردستانیدا ببینین، بۆئەوەی پارتی بەبەھێزی بمێنێتەوەو خوێن و وزەو عەقل و ھزریی نوێیەكان جێگەی خۆیان لەناو پارتیدا بدۆزنەوە.