خەبات: ئاكۆ عەبدوڵا:- ئێوارەی رۆژی 6 ی ئەو مانگە لە كۆشكی كۆنسرتۆی سەنتەری ئەكادیمای سویدی، لەكۆی كۆمەڵێك ئەدیبی كاندیدكراو، بڕیاردرا خەڵاتی نۆبڵی بواری ئەدەب بۆ ئەو ساڵ بە (ئانی ئیرنۆ ) ببەخشرێ، بەوەش ناوبراو لەمێژووی بەخشینی خەڵاتەكە بوو بەیەكەم ئافرەتی فەرەنسی و شانزدەمین نووسەری ئەو زمانە، ئەو خەڵاتە گەورەیەی پێبدرێت. لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بدەین ساڵی 1901 یەكەم خەڵاتی ئەدەبی بە (سولی پرودۆم) ی فەرەنسی بەخشرا. لێژنەی بەخشینی خەڵاتەكە هۆكاری هەڵبژاردنی ئیرنۆیان بۆ (ئازایەتی و لێهاتوویی بابەتیانە لە خستنەڕووی پرسەكانی رەگ و نامۆبوون و بەربەستە كۆمەڵایەتییەكان و یادەوەری كەسی گەڕاندەوە. بەو بڕوایەی ناوبراو بەردەوام لەگۆشەنیگای جۆراوجۆری ژیان ئەو شتانەی خستۆتەڕوو كە تایبەتن بە زمان و رەگەز و چین و هەموو ئەوانەشی بەزمانێكی ساكار و پاك دەربڕیوە). ئەویش لەبەرامبەردا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و ئاماژەی بەوەشدا ئەو بەسەركردنەوەیە شەڕەفێكی گەورە و بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە.
شایانی ئاماژە بۆ كردنە لەكۆتایی سەدەی رابردوو و سەرەتای ئەو سەدەیە، ئیرنۆ لەهەموو ژنە نووسەرێكی فەرەنسی زیاتر دەستی بەسەر گۆڕەپانی ئەدەبی ئەو وڵاتە داگرتووە. بەڕۆمانە كاریگەرەكانی كە لەچوارچیوەی ئۆتۆبایۆگرافیدان، واتا زنجیرەی بەدوایەكداهاتووی یاداشتی تایبەتی خۆی و ئەندامانی دیكەی خێزانەكەی، جیهانێكی وروژێنەر و كاریگەرانەی پێشكەشكردووە. ناوبراو دەزانێت چۆن كەش و هەوای بێهاوتا دابڕێژێ و بەستایلێكی تایبەت و جیاوازیش، نهێنییەكانی دەروون و ئەندێشەی خۆی بخاتەڕوو. بەو رێڕەوەش توانی رەوتێكی نوێ لەنووسینی رۆمانی فەرەنسی دابهێنێ. كە بە (ئەندێشەكردنی خودی Auto Fiction) ناسراوە و بەهۆیەوە ریشاڵی ئەدەبی لەژیاننامەی خۆی وەردەگرێت و بەستایلێكی ورد و ساكاری دوور لەزیادەكاریش دایدەڕێژت. بەوەش هەوڵیداوە خوێنەر لەكێشەی خودی رزگاربكات.
ئانی دوچیسن Annie Duchesne ناسراو بەئانی ئیرنۆ Annie Ernaux رۆژی 1 ی ئەیلولی ساڵی1940 لەگوندێكی بچوكی شاری لیلوبۆنی وڵاتی فەرەنسا هاتەدونیا، كاتێك تەمەنی گەیشتە پێنج ساڵی خێزانەكەیان بۆ شارێكی بچوكی هەرێمی نۆرماندی گواستییانەوە كە ئەوسا جەنگ وێرانیكردبوو. لەوێدا ژیانى سەخت و كولەمەرگییان بەسەربرد. دواتر لەقوتابخانەیەكی تایبەت بەژنە راهیبەكان، خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی تەواوكرد. ئینجا لەزانكۆی روان ئادابی خوێند. پاشان وەك مامۆستای زمان و ئاداب لەچەندان دامەزراوەی گشتی كاری كرد.
ساڵی 1974 رۆمانی (كۆگا بەتاڵەكان Les Armoires vides) ی بڵاوكردەوە. ئەو بەرهەمە كە تایبەتە بەباری دەروونی كچە پاڵەوانێك بەناوی دەنیس لوسۆری، تێیدا بەوردی و راشكاوی روماڵی باری دەروونی خۆی كردووە كە لەڕووداوێكی تاڵ لەتەمەنی بیست ساڵی، لەو كاتەی قوتابی زانكۆ بوو بەسەریدا هاتبوو، ئەویش لەباربردنی كۆڕپەڵەكەی بوو كە لەئەنجامی پێوەندییەكی ناشەرعی لەگەڵ قوتابیەكی هاوڕێی روویدابوو. ئەو لەباربردنەی بەنهێنی ئەنجامدا بوو كە بەهۆیەوە دووچاری هەوكردنی تووندببوو. بەو كارە نەك تەنیا جەستەی بەڵكو گیانیشی ئازاری زۆری كێشابوو. لەو بەرهەمەشیدا ساتە تاڵ و ئازارە سەختەكانی هێناوەتەوە پێش دیدە كە خوێنەر دەوروژێنێ. زۆر لێزانانەش گەڕاوەتەوە ناو یادگارییەكانی سەردەمی هەرزەكاری كە ئەوسا لەناوەندێكی وەها دەژیا. لەناوەندی كچە هاوڕێكانی قوتابخانەی نەدەچوو، كە ئەوان دەوڵەمەندبوون و ئەویش ئیرەیی پێدەبردن.
ساڵی 1977 رۆمانی (ئەو شتانەی بەر لەهەموو شتێكەوە دەیانڵێین Ce qu’ils disent ou rien) و ساڵی 1981 رۆمانی (ئافرەتی سەهۆڵی La Femme gelée) بڵاوكردەوە. لەوەی دواییدا سەردەمی منداڵی و هەرزەكاری و پێگەیشتنی خۆی لەناوەندی خێزانێكی مامناوەند و خوێندنی لەزانكۆ و رواڵەتەكانی دەوروبەری خستۆتەڕوو. هەروەها هەوڵدانی بێوچانیشی لەپێناو رزگاربوون لەڕۆتینییەكان نیشانداوە كە لەكۆتایدا ملی بۆ كەچ دەكات. واتە بەشێوەیەكی گشتی لەو بەرهەمەشدا باسی ئەوە دەكات چۆن پاڵەوانەكەی، دوای ئەوەی ئومێدی بەهیچ شتێك نامێنێ، دەبێت بەژنێكی چەقبەستوو.
دوای سەركەوتنی ئەو بەرهەمانە ئیرنۆ زیاتر چووە ناو یادەوەری رۆژانەی رابردووی و ئەو لایەنە بوو بەسەرەكیترین پێكهێنەری ئەدەبەكەی. ساڵی 1983 رۆمانی (شوێن La Place) ی بڵاوكردەوە. ئەوەشیان ئۆتۆبایۆگرافییە و تێیدا جەختی لەپێوەندی نێوان خۆی و باوكی كردووە. كچە پاڵەوانەكەی ناوی بەردەوام یادگارییەكانی لەگەڵ باوكی و پێوەندییە بەتینەكەی نێوانیان دەهێنێتەوە پێشچاو. سەرەتا ئاماژە بەوە دەكات، باوكی چۆن وەك كرێكارێكی ساكار دەژیا و دواتریش لەناو هەژاران و كرێكاران چۆن رووبەڕووی سەختییەكان دەبۆوە كە لەپێناو چاككردنی باری ژیان هەوڵی زۆری دەدا. ئەو رۆمانە بەقەبارە بچوكە، بەڵام كاریگەرە. سەركەوتنی گەورەی تۆماركرد و دەنگدانەوەی گەورەشی هەبوو. بەهۆیەوە خەڵاتی ریناودۆی پێبەخشرا. لەپێشەكیەكەیدا ئیرنۆ نووسیویەتی (ئەو بەرهەمە زادەی ئەو ئازارانەیە كە لەماوەی هەرزەكاری چێشتم. ئەو كاتەی خوێندن ناچاری كردم تێكەڵی كچانی وەها بم كە لەچینی بۆرجوازی بوون، واتا دووركەوتنەوە لەباوك و ژینگەكەم). ئەنتۆنی كۆردییەی دەرهێنە لەناورەۆكی ئەو رۆمانە فیلمێكی دەرهێناوە.
ساڵی 1988 رۆمانی (ئافرەت Une femme) ی بڵاوكردەوە. ئەوەیان كە وەك پۆرترێت وایە بۆ دایك، تێیدا ژیان و یادگارییەكانی دایكی و ئازار و خەونەكانیشی خستۆتەڕوو. كە تۆپەڵەیەكە لەهەست و ئازار و سۆز. ساڵی 1991 رۆمانی (فریودانی ئاسان Passion simple) ی بڵاوكردەوە. ئەو بەرهەمە لەئەدەبی ئیرۆسی فەرەنسی بەكارێكی دیار و جیاواز دادەنرێت. لەناوی دا لێهاتووانە وردەكارییەكانی هەستی خۆشەویستی و بەركەوتنی بەنائامادەیی و پێوەندی بڕینى خستۆتەڕوو و بەخوێنەریش دەڵێت : “سۆزی گەورە تا سەر بەردەوام نابێت. رەفتاری هەرزەكاریش لەهەر كاتێكدا بێت دەتوانی بەسەریدا زاڵبیت”. هەروەها بەوردى و زۆر لێزانانە و بەزمانێكی بارگاوی و دوور لەپەراوێزیش, وێنەى ژیانی كچێك و پێوەندی لەگەڵ كوڕێك كێشاوە. كوڕەكە كەسێكی نامۆیە كە لەوڵاتێكی ئەوروپای رۆژهەڵات هاتووە. بەڵام كچەكە, هەموو جیهان لەدیدگای پێوەندییەكەی بەو كوڕە دەبینێ. واتا دەخوا و دەخواتەوە و دەنوێ و بەئاگادێتەوە و كاردەكات و دەژیەت و هەموو ئەو كارانە, لەبەر تارمايى ئەو پیاوە ئەنجامدەدات و بەبێ ئەویش ناژیەت. ئەو ناوەرۆكە كراوەتە فیلمی سینەمایی و دانییل ئاربید دەریهێناوە.
ساڵی 1993 رۆمانی (رۆژەكانی دەرەوە Journal du dehors) ى بڵاوكردەوە. لەناوی دا یادەوەرییەكانی ناو كەش و هەوای جۆراوجۆری وەك شەقام و گازینۆ و میترۆ و نەخۆشخانە و شوێنی دیكەی كراوەى تۆماركردووە. ساڵی 1997 رۆمانی (لەشەوەكەم دەرناچمJe ne suis pas sortie de ma nuit ) ى بڵاوكردەوە، تێیدا جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە سەر یادگارییەكانی تایبەت بەدایكی و نەخۆشكەوتنی پێش مردنی. هاوكات رۆمانی (شەرم La Honte) ی بڵاوكردەوە.
ئەوەشیان وەك بەشێك لەزنجیرەی بایۆگرافی خۆی وایە و تێیدا بەشێوەیەكی جوانی ئەدەبی، باسی لەو هەڕەشانە كردووە كە كاتی خۆی باوكی لەدايكی كردبوو. لەوانە رۆژێك كە ئیرنۆ لەتەمەنی دوانزدە ساڵی دا بوو، باوكی بەكێرد هەڕەشەی كوشتنی لەدایكی كرد. ئەو رووداوەش ساڵانێكی زۆر دەروونی ئیرنۆی داگرت. كەواتە ئەو بەرهەمەی دەرەنجامی ئەو كاردانەوەیە و تێیدا سەركۆنەی ئەو جۆرە رەفتارەی پیاوانیشی كردووە و پێداگیریشی لەمافەكانی ئافرەت لەناو چوارچیوەی كۆمەڵگە و خێزان كردووە.









