خەبات: موسلیم دۆڵەمەڕی:- شانۆ مێژوویەكی كۆنی هەیە لەگەیاندنی پەیامەجیاجیاكان لەجیهاندا كوردستانیش لەڕێگای ماندووبوون وهەوڵ وبەهرەی هونەرمەندانیەوە لەم هونەرەجیهانیە بێبەش نەبووە ,لەم دیدارەدا شانۆكارو بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی دهۆك زیاتر بۆ ئێمەی باس لە ڕەوشی شانۆ لە كوردستان كرد.

دژوار كێیە؟
من دژوار سەلمان خالد دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی دهۆكم ودەرچووی كۆلیژی ئادابی بەشی شانۆم لەساڵی 2001 وەك ئەكتەر دەستم بەكاری شانۆكردووە وە لەساڵی 2005 بوومە ئەندامی كۆمەڵەی شۆڕەشڤانی هونەری لەدهۆك ,ئەم كۆمەڵە لەساڵی 1983 وە دامەزراوە وتاكوئێستاش بەردەوامە.

*شانۆ بۆ تۆچیەو لەكوردستان شانۆچۆن دەبینی؟
شانۆ بۆ من حەزوخولیا و ژیانمە جگەلەوەی كە پەیمانگاو كۆلیژم لەم بوارە دا تەواوكردووە ئەوە حەزی منداڵیم بووە بۆیە تاكو ئێستا بەردەوامم ,وە سەبارەت بەشانۆ لەكوردستان بگرە لەتەواوی عێراقیشدا شانۆ زۆر زۆر لاوازە و بینەریشی كەمە وگرنگیشی پێنادرێت لەلایەن لایەنی پەیوەنداریشەوە ,نموونە لەساڵی 2008سەفەرێكی هونەریم كرد بۆ وڵاتی ئەلمَانیا لەوێ گرووپێكی شانۆی داهاتی ساڵێكی زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار بوو كەچی لای ئێمە گرووپەكانمان شوێنی تایبەتی خۆشیان نیەو كەلوپەلەكانیان لە سندوقی سەیارەكانیاندایە.

*پێتوایە هێشتا هاوڵاتی پێویستی بەشانۆهەیە؟
بێگومان هەموو خەڵكی جیهان پێویستی بە شانۆ هەیە چونكە شانۆ مینبەرێكی ئازادە بۆگەیاندنی پەیامی گەل,ڕاستە لەم سەردەمەدا خەڵك هەمو شتێك دەبینێت و دەزانێت بەڵام زۆرجار هەیە خەڵك ناتوانێت هەمووشتێك بڵێت بەڵام شانۆكار بەئازادانە دەیڵێت ,جگەلەوە كەشانۆباسی كێشەكان دەكات لەهەمانكاتدا باس لەچارەسەرەكەشی دەكات ,بۆیەشانۆ دەتوانێ گۆڕان لەكۆمەڵگادا دروست بكات و ڕێگای ڕاستیش پیشانی كۆمەڵگا بدات.

*تاچەند شانۆ ئازادەوئێوەش توانیوتانە پەیامی خەڵك بگەیەننە لایەنی پەیوەندار؟
بەڵێ شانۆ لەكوردستان تەواو ئازادە لەچوارچێوەی یاساكانی خۆیدا نموونەشمان زۆرە من خۆم بەدەیانجار رەخنەی بنیاتنەری توندم گرتووە و تاكو ئێستا هیچ كەسێك پێی نەگوتوم بۆ واتكردووە یان واتگوتووە . وە لە رووی گەیاندنی پەیامەوە بەڵێ گەیاندوومانە وە ئەمە كاری سەرەكی ئێمەیە بەڵام مەرجیش نیە هەمو شتەكان بەخواستی ئێمەبێت چونكە حكومەتیش دەبێت باری دارایی لەباربێت بۆچارەسەری گشت كێشەكان.

*ئازادی ئافرەت لەشانۆدا چۆن دەبینی؟
ئافرەتی كورد خاوەن كیانەو زۆریش بەئازادانەیان دەبینم لای ئێمە چەندان ئافرەتی بەتوانا لەبواری شانۆدا كاردەكەن وەك مامۆستایان رێزان ودڵخوازو ئالین وگەڤال و چەندانی تریش بەڵام هۆكاری كەمی ئافرەت یان وازهێنانیان لەئازادیدا نیە بەڵكو ئەوەیە كە هیچ هاوكاری ماددی شانۆكاران ناكرێت وبوجەی تایبەتیشمان نیە. بۆیە شانۆ نەبۆتە سەرچاوەی ژیانمان كەی بوو بەسەرچاوەی ژیانمان ئەوكات دەزانین شانۆ گەیشتۆتە لوتكەی هونەرلەكوردستان.

*گرفتەكانی بەردەم شانۆچین؟
شانۆ گرفتی زۆری هەیە لەوانە نەبوونی هۆڵی تایبەت بەگرووپەكانی شانۆ وە هەروەها پشتگیری نەكردنی گرووپەكانی شانۆ لەگشت روویەكەوە بەتایبەت پشتیوانی خەڵك ،چونكە خەڵك دەتوانێت شانۆ زیندووبكات وسەری بخات ,بۆیە داواكارم لایەنی پەیوەندار هاوكاری گرووپەكانی شانۆ بكات وهۆڵی تایبەتیان بۆ دروست بكات چونكە ئەگەر گرووپەكان هۆڵی تایبەتی خۆیان هەبێت پێموایە دەتوانن بەپلیتەكانیان خۆیان بژێنن وپێویستیان بەبوجەی حكومەت نابێت.