
ئاکۆ جعفر محمود
بەستنی کۆنگرەی هەر پارتێک تەزویێکی نوێگەری کارکردن بەو پارتە دەبەخشێت، بەجۆرێک لەگەڵ ئەو ژینگە و گۆڕانکارییە خێراگەلەی ناوچە و دەوروبەری ئەو پارتە کە پیایدا تێدەپەڕێت خۆی دەگونجێنێت، کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەگرنگترین ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی عێڕاق و بەشێکی جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی دادەنرێت، چاوی زۆری لەسەرە لەبەرئەوەی ڕوونە کە پارتی هێزێکی یەکگرتووە و یەک دەنگ و یەک ڕەنگە، هێزێکی سەرەکی عێڕاقە، هاوشان لەگەڵ لایەنەکانی تر بەشدارە لەبڕیاردان لەچارەنووسی عێڕاق، هەروەها هێزی یەکەمە لە کوردستان، بۆیە ئەو ئەنجام و بڕیار و ڕاسپاردانەی کە لەدوای کۆنگرە بەرجەستە دەبن چاوی هەموو لایەکی لەسەر دەبێ کە دەکرێ ئەوە بگوترێ هەرگۆڕانکارییەک لە سیاسەت و ئەدای ئەم حیزبە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێ لەسەر سیستەمی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستان و بەشێکی عێڕاق، بۆیە پێویستە لەم کۆنگرەیە پەنجە لەسەر خاڵە لاوازەکان دابنرێت و چارەسەر بکرێن، هەروەها ئەو ڕاسپاردە و بڕیارانەی کە لەکۆنگرەی ڕابردوو دراون ئەگەر سودیان هەبووبێ دەوڵەمەندتر بکرێن و ئەگەر باش نەبووبن فەرامۆش بکرێن، بەڵکو بڕیار و ڕاسپاردەی بەسوود شوێنی ئەمان بگرنەوە.
ئەو ئەندامەی کە خۆی کاندید دەکات بۆ ئەندام بوون لەکۆنگرە پێویستە ڕاسپاردە و بەرنامەی تایبەت بەخۆی هەبێ و دواتر گوێ لەئەندامانی ئەو ناوچەیە بگرێت کە لێی هەڵدەبژێردرێت و دید و بۆچوونی خۆی و ئەندامانی ئاسایی ئەو ناوچەیە بگەیەنێت و بەڕاپۆرتێک پێشکەشی لێژنەی ئامادەکاری بکات یا بەپێی دسیپلینی پارتایەتی بە نووسراو بەرزی کاتەوە بۆ شوێنی مەبەست.
لەلایەکی دیکەشەوە پێویستە زۆرترین کورسی ئەندامانی کۆنگرە بۆ ناوچە و ئۆرگانەکانی خوارووی لقەکان تەرخان بکرێت، کەمترین کورسی بێ کێبڕکێ هەبێ، کە بەپێی پەیڕەو تەنها ئەندامانی سیاسی و سەرکردایەتی ڕاستەوخۆ بەشدار دەبن لەکۆنگرە، ئۆرگانەکانی خواروو کە ئەمان هەمیشە کۆڵەگەی ئەم حیزبە بوون لەماوەی ڕابردوو زۆرترین ئەرکیان لەسەر بووە لەگشت ئەو ئالنگاری و مەترسییانەی کە ڕووبەڕووی کوردستان بەگشتی و پارتی بەتایبەتی بونەتەوە،ئەمان ئامادەییان تیادا هەبووە لەگردبوونەوەی مەدەنییانە و چالاکی و کەسب کردنی ئەندامان بۆ ناو ڕیزەکانی پارتی هەروەها لە گشت هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە، هەرلەم ڕوانگەیەوە ئومێد دەکەم زۆرترین چانسی بەشداریکردنیان هەبێ. پێویستە ئەندامانیش ئەو کاندیدانە هەڵبژێرن کە لەماوەی ڕابردوو زۆرترین خزمەت و قوربانییان لەپێناو مانەوەی پێگەی پارتیدا داوە. ناوچەکانیش لەڕێگەی ڕێکخراوەکان و دەستەی کارگێڕی ناوچە شێوازی دەنگدان بۆ ئەندامانی ئاسایی ڕوون بکەنەوە.
زۆرجار ڕایەک دەبینین کە زۆر لەنووسینەکانی ئەم دواییانە دەکەونە بەرچاو ئەویش بەشێک لە ڕایەکان ئەوەیە کە چەند پێوەرێک هەبێ بۆ خۆکاندید کردن، لەوانە خزمەتی پارتایەتی و خولی کادیران و شتی تر، بەڵام پێچەوانەی ئەمە دەبێ ئەوە بگوترێ کە کۆنگرەی پارتی کۆنگرەی حیزبێکی ئاسان نیە، حیزبێک بێ باڵ باڵێن توانیویەتی لەژێر یەک ئاڵا بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە جیاوازی ناکات لەئەندامبوونی دکتۆرێکی زانکۆ و کەسێکی ئاسایی، بۆیە کۆنگرەکەشی دەبێ فرەڕەگەز و فرەڕەنگ و فرەڕا بێت.
بەهیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان و گەیشتن بەو ئامانجەی سەرۆک بارزانی بڕیاری کۆنگرەی لەپێناویدا داوە.