پەرژین جەعفەر حاجی رۆستم
كیانی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا وەك كیانێكی نەتەوەیی و دەستوری لە چوارچێوەی دەستورەكەی دوای 2003ی عێراق واقعێكی جیاوازتر و تاڕادەیەك پێشكەوتووتری وێنا كردووە كە ببێتە مایەی چاوتێبڕینی دوژمن و داگیركەران، كە بوونی ئەم كیانە مەترسی دەبێت و هەر كاتێك هەستیان بە بوونی پێگە مەزنەكەی كرد دەست بە فشارەكانیان دەكەنەوە جا فشاری سیاسی بێت یاخود فشاری سەربازی، ئەمەش بۆ لێدانە لە ئیرادەی تەسلیم نەبووی میللەتی كورد.
لە ماوەی حوكمڕانی گەلی كوردستان لە 1991ەوە تا ئەمڕۆ لە پیادەكردنی هاوسەنگیی ناوچەكەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك دامەزراوەیەك كە نوێنەرایەتیی كوردستانی باشوور دەكات توانیویەتی بەشێوەیەكی دروست پارێزگاری لە سەروەریی خاك و حكوومەتەكانی ئەو ناوچەیە بكات و نەبێتە هۆكاری ناسەقامگیری و پشێوی لە ناوچەكەدا، ئەگەر سەیریش بكرێت لە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە دوای 2011وە و سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوە تیرۆریستییەكان بەتایبەتی داعش حكوومەتی هەرێم و گەلی كوردستان تێكەڵ نەبوون لەو پشێوییەی کە لە ناوچەكەدا هاتە ئاراوە، بەپێچەوانەوە بووە هۆكاری بەرگری كردن لەسەرجەم پێكهاتە و چووە ناو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەكەی دژ بە تیرۆریستان و لەوێشەوە بارێكی قورس و قوربانییەكی زۆری خستە ئەستۆی خۆی.
ئێران و توركیا دوو وڵاتن دراوسێی هەرێمی كوردستانن و بەردەوام لەسەر ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان هەرێمی كوردستان پێداگری كردووە لەوەی دۆستایەتی هەموو لایەك بە یەك ئاڕاستە و بەپێی پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتن لە كیانی هەرێمی كوردستان مامەڵە دەكەین و نابینە بەشێك لە هیچ پرۆژەیەك دژ بە پرەنسیپ و یاسا و دەستوری عێراق و هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی خاوەن ئیرادەی خۆبەڕێوەبەریی كوردستانی، ئەم هاوسەنگییە بەلای حكوومەت و خەڵكی هەرێم و هێزە سیاسییەكان و سەركردایەتیی گەلی كوردستان بووەتە بەشێك لە ئەجێندای سیاسی و پەیوەندییەكان بۆ مامەڵە كردن و ئاڵوگۆڕی و هەماهەنگی، بەڵام كاتێك ئەم وڵاتانە لە دەرەوەی زمانی سیاسی و گفتوگۆ زمانی هێز بەكاردەهێنن ئامانجیانە ئیرادەی گەلی كوردستان بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان و ڕەوتی ڕووداوەكانی ناو عێراق و ناوچەكە بەو ئاڕاستەیە ببەن ،ئەوان دەیانەوێ كورد نەبێتە خاوەن بڕیاری خۆی، لەمەدا هەڵەن، هەرگیز كورد و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هێندە لاواز نییە بەم جۆرە سیاسەتە بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەوان.
وەك ئەوەی پیادەكردنی هاوسەنگی لە مامەڵەكردن لەگەڵ حكومڕانانی ناوچەكە لەسەر ئاستی جیهانییش كورد دیسان ئەم جۆرە مامەڵەی كردووە و نەبووەتە بەشێك یاخود نەچووەتە ناو هیچ ئەجێندایەكەوە دژ بە وڵاتێك، لەبەرئەوەی بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و خەباتی خەڵكی كوردستان لەم بەشەی كوردستان ڕوونە كە ئیرادەمان هەیە بتوانین نموونەیەك لە حكومڕانی و پێكەوەژیان و سەقامگیری و پێشكەوتن لە ناوچەكە نیشانی دونیا بدەین و لەسەر پرسی نەتەوەییشدا بەرەوپێشەوەبردنی پرسەكە هەنگاو بنێین، بۆیە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی دوژمن و نەیارانی كورد دەست بە فشارەكانیان بكەن و گەلی كوردستان بەم كردەوە سەربازییانە بترسێنن و تەنازولات بكەن، ئەمە چەند ساڵە نەیانتوانیوە و وانەیان وەرنەگرتووە دەبێ لێرەوە فێر بن زمانی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان ئاسانترین ڕێگەیە بۆ ئەوان و ئەم جۆرە هەنگاوە سەربازییانە جگە لە ناشرین كردنی حكومڕانی خۆیان هیچ دەسكەوتێك تۆمار ناكەن و نابێتە بەشێك لە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانیان.