
ڕەمزی میرەكانی
هەموومان لەگەڵ عێراقێكی سەقامگیر داین. عێراقێك بتوانێت داواكاریی هاووڵاتییەكانی جێبەجێ بكات، خزمەتگوزاری پێشكەش بكات، دەرفەتی كار بڕەخسێنێت، دادگەریی كۆمەڵایەتی و یاسایی فەراهەم بكات، گەشە بكات و بەرەو پێشەوە بچێت، كۆتایی بە هەموو ململانێیەكان بهێنێت، گەندەڵی و گەندەڵكارانیش لەناو ببات. چونكە عێراق، پێویستە لە ڕیزی ئەو وڵاتانەوە بێت، كە بتوانێت خۆشگوزەرانی بۆ گەلەكەی دابین بكات و داواكارییەكانیشی جێبەجێ بكات، بەڵام بەداخەوە، عێراق، هێشتا لە قەیرانێك تەواو نەبووە، كە قەیرانێكی دیكە بەرۆكی دەگرێت، ئەوەش بە پلەی یەكەم بۆ ئەو كەس و لایەنانە دەگەڕێتەوە، كە بەڕێوەی دەبەن، چونكە دڵسۆزی وڵاتەكەیان نین، هەموویان وەكو كەلاكێكی كەوتوو، دەم لە خوێنەكەی وەردەدەن و هەر كەسە و دەیەوێت بەشێك لە گۆشتەكەی بۆ خۆی ببات، وەكو ئەوەی دەستكەوت بێت و دەبێت دابەشی بكەن. دەوڵەتداریی بەم شێوەیە نابێت، ئەو كەسەی دەیەوێت وڵات بەڕێوە ببات، دەبێت پێشنۆرەی ئەوە بێت، بەرژەوەندیی وڵات بخاتە پێش هەموو بەرژەوەندییەكانی دیكەوە، گوێ بە هیچ كەس، لایەن و وڵاتێكی دیكە نەدات و گوێیان لێ ڕانەگرێت، بەڵكو گوێ لە هاووڵاتییانی نیشتمانەكەی ڕابگرێت، هەست بە ئازار و كێشەكانیان بكات و چارەیان بكات، سەروەت و سامانەكەی تەخشان و پەخشان نەكات، لە باشتركردنی ژیانی هاووڵاتییان خەرجی بكات. لەبەر ئەوەی سیاسەتكاران ئەمانەی سەرەوەیان نەكرد، بۆیە عێراق بەو دۆخە خراپەی ئێستای گەیشتووە، چەندین قەیرانی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و تایەفەگەری بەرۆكیان گرتووە و لە كۆڵی نابنەوە.
پارتێك یان هاوپەیمانەتییەك زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردن دەهێنێت، بەڵام ئەملا و ئەولا لێناگەڕێن حكوومەت دروست بكات و كۆسپی دەخەنە پێش، بۆ ئەوەی خۆیان لە دابەش كردنی كێكەكە بێبەش نەبن، وا دەزانن میراتییە و هەر دەبێت بەشی ئەوانیشی تێدا بێت، بۆیە تاكو ئێستا هیچ پارت و هاوپەیمانییەتێكی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی عێراق دروست نەبووە و زەحمەتیشە دروست ببێت، هەموو دەیانەوێت بەشداریی لە حكوومەتدا بكەن، بۆ ئەوەی لە داهاتەكەی بێبەش نەبن. وا لە ساڵێك نزیك دەبینەوە كە هەڵبژاردن كراوە، لایەنی براوە و بارستایی گەورە، هاوپەیمانییەتی (ڕزگاركردنی نیشتمان)ـی نێوان ڕەوتی سەدر، سوننەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بەڵام لایەنەكانی ناو (چوارچێوەی هەماهەنگی) لێنەگەڕان سەدر و هاوپەیمانەكانی حكوومەت دروست بكەن، چونكە دەیانزانی یەكەم خۆیان لە كێكەكە بێبەش دەبن، دووەمیش ئاغاكانیان لەودیوی سنوور لێیان ڕازی نابن، بۆیە هەموو هەوڵێكیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی پەكی دانیشتنی پەرلەمان بخەن و لێنەگەڕێن هەوڵەكانی سەدر سەر بگرێت. سەدریش بڕیاری كشانەوەی پەرلەمانتارەكانی لە پەرلەمان دا.
نەیارەكانی دڵیان بەو هەنگاوە خۆش بوو و وایانزانی گۆڕەپانەكەیان بۆ چۆڵ دەبێت، بەڵام سەدر، بێ دەنگ نەبوو و جەماوەری لە دژیان هاندا، یەكەم جار هەینییەكی نزیك لە سێ ملیۆنی ڕێكخست، پاشان خۆپیشاندان و دواتریش هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز و چوونە ناو پەرلەمان. ڕاستە سەدر لە دیمەنی سیاسیی كشایەوە، بەڵام لێنەگەڕا ئەوانی دیكە ئاسوودە بن و پاڵی لێ بدەنەوە. سەدر بە نەیارەكانی گوت، جەماوەرم لە پشتە و هەر كاتێك بمەوێت، دەتوانم بیانهێنمە سەر شەقام و لە دژی ئێوە هانیان بدەم. بەمەش سەلماندی، ئەگەر لە دەسەڵاتیشدا نەبێت، هەر خۆی بڕیار بەدەستی یەكەمە و دەتوانێت قەیسەرییان لێ بكاتە كونە مشك. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: چارەنووسی هاماوی سیاسیی لە عێراق چ دەبێت؟ دۆخی چەقبەستووی عێراق بە كوێ دەگات؟ كێ دەتوانێت عێراق لەو دۆخە نالەبارە ڕزگار بكات؟ هیچ ئاسۆیەك بۆ كرانەوەی دۆخەكە بەدی دەكرێت؟ ڕەنگە باشترین بژارە بۆ ئێستا، دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردنەكان بێت، بەڵام بە ئامێرایەتێكی جیا لەوەی ئێستا، چونكە ئەگەر هەڵبژاردنەكانیش دووبارە بكرێتەوە، بەڵام مێشكەكان هەر وەكو خۆیان بن و ڕێگە بە لایەنی براوە نەدرێت حكوومەت پێكبهێنێت، هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت. بژارەی دووەم، بەردەوام بوونی حكوومەتەكەی “مستەفا كازمی”یە، تاكو هەڵبژاردنێكی دیكە ڕێك دەخرێت، پوختەی قسەكان ئەوەیە: هەموو ناكۆكییەكان لە عێراق، لەسەر پۆست و دەسەڵاتە و بەرژەوەندیی وڵات و هاووڵاتییان بووەتە دوایین شت كە بیری لێ بكرێتەوە، بۆیە ئەگەر هەر وا بڕوات، عێراق قەت بێ قەیران نابێت.