ساسان دەروێش – ئەڵمانیا:- لەپاڵ چاپ و بڵاوکراوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک یەکەم دەزگای گەیاندنی پەیام و دەنگی پێشمەرگە و پرسی گەلێکی زوڵملێکراو، ڕادیۆی دەنگی کوردستان بوو لە دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە لە ساڵی 1963 دامەزرا، دەنگ و سەدای دەگەیشتە هەموو کوردستان و دوژمنانی کوردی سەخڵەت و نیگەران کردبوو کە هەموو هەوڵێکیان بۆ کپکردنی دەدا، بەڵام ئیرادەی بەهێزی پێشمەرگەکانی ئەو بوارە لەژێر ناپاڵمی تەیارە بەردەوامبوون لە کاری ڕۆژانەیان و بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانی پێشمەرگە و پەیامی شۆڕش و سەرکردایەتیی پارتی، کە ئێستا 59 ساڵ تێدەپەرێت بە شانازییەوە یادیان دەکرێتەوە و ڕادیۆی دەنگی کوردستان بەردەوامی هەیە.

بەم بۆنەیەوە لە شاری بەرلین لە ئەڵمانیا ئەنوەر مەسیفی بەرپرسی لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان بە یاوەری بەهجەت مەسیفی کارگێڕی لق و لەتیف خۆشناو بەرپرسی ڕێکخراوی بەرلینی پارتی، خەڵاتی ڕێزلێنانی لقی شەشی پێشکەش بە ئەحمەد دەشتی کرد لە ماڵەکەی خۆیدا، کە یەکێکە لە نووسەر و کادیرە دیارەکانی هەردوو قۆناغی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی دەنگی کوردستان، لەپای ئەوەی سەردەمانێک خزمەتێکی زۆری بە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد کردووە و بەبێ پچراندن تا ئێستاش بەردەوامە لە خزمەتی ڕێبازەکەی بە نووسین و هۆنراوە.

ئەحمەد دەشتی لە ساڵی 1945 لە خانەوادەیەکی ئایینی گوندی دارەبەن لە دایکبووە، خاوەنی چەندین بەرهەمی چاپکراوە لەگەڵ کۆمەڵێک بەرهەمی بەردەست و ئامادەکراوە بۆ چاپ. لە سەرەتای شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە دەبێتە پێشمەرگە و لە چاپخانە و ئیزگەی دەنگی کوردستان لە ئەشکەوتە ڕەشە کاری کردووە تا نسکۆی شۆڕش و جارێکی تر لە شۆڕشی گوڵانیشدا لەسەرهەمان کاری بەردەوام بووە لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان و بەرپرسیارێتی و پلەی جۆراوجۆری هەبووە لەناو حزبدا تا ساڵانی هەشتاکان ئاوارەی ئێران بووە و دواتر بەرەو هەنداران کۆچی کردووە و لە ئەڵمانیا گیرساوەتەوە و لە ئێستادا دانیشتووی شاری بەرلینە، لە بەرانبەر ئەو بەسەركردنەوەیەدا، سوپاسی ئەنوەر مەسیفی و شاندەكەی لقی شەشی کرد بۆ ڕێزلێنان و خەڵاتکردنی و بە شەڕەفێکی گەورەی وەسف کرد بۆ خەبات و تێکۆشانی.

ئەنوەر مەسیفى خەڵاتی ڕێزلێنانی لقی٦ پێشکەش بە ئەحمەد دەشتی کرد